پوختەیێک لە کتێب

ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی هونەریی و مێژووییەوە، ئاوڕی لە کەسایەتی و بنەماڵە و خەون و ئارەزووەکانی (دڵدار)ی شاعیر داوەتەوە. جێیی ئاماژه‌یه‌ دوای ڕۆمانی (ڕۆژێك له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم)، ئه‌مه‌ دووه‌م‌ ڕۆمانی نووسه‌ره‌، له‌ وه‌شانی نووسیار چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

“ئەگەر گێڕانەوەیەکی گشتیی ئەدەبی جارێک دژوار و سەخت بێت، گێڕانەوەیەکی بایۆگرافی له‌ فۆڕمی ڕۆماندا دەیانجار زەحمەتترە، چونکە نووسەر لەبەردەم پرسیارێكدایه‌، چۆن ئەو دیمەن و وێنە ناته‌واو و تۆزلێنیشتووانه‌ بگوازێتەوە و هاوسه‌نگی ئێستاتیكیش بپارێزێت؟ وێنه‌كان بە دەیان ڕووداوی مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتی داپۆشراون و لە چەندان لاوە شێوێنراون، ڕووخساریان ناناسرێتەوە. ئەوە بە تەنیا ئەدەبه‌ وەک هێزێکی ڕزگارکەر دێت ڕۆح بە بەر چیرۆکێکی له‌بیرچووه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌. هێزی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌، تیشكێكی تایبەتی هەیە و ورد درز و کون و قوژبنەکان ڕووناک دەکاتەوە. ئەو دیوه‌ی فۆتۆ پێشانی نادا، مێژوو بە گرنگی نازانێت، یاداشت تۆماری ناکات و له‌ هەقایەت و سەربردەی زارەکیش فه‌رامۆش ده‌كرێت، گێڕانەوە لە قووڵایی و لە تاریکییه‌وه‌ وێنەی دەکێشێت. خوێنەر دەتوانێ وێنای ژیانێکی تەواو بزربوو بکات، كه‌ نه‌ بیستوویەتی، نه‌ بینیویه‌تی و نە قەت خوێندوویەتیەوە.”
لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە: وه‌ک بریندارێکی به‌جێماو، به‌ ڕۆحێكی هه‌لاهه‌لا‌، لاشه‌م به‌دوای خۆمدا ڕادەکێشا. بۆ ئه‌وه‌ی بنووسم پێویستیم به‌ هه‌ناسه‌ی قووڵ و تووڕه‌بوون بوو‌. ده‌منووسی و نه‌مده‌زانی چ ده‌نووسم. وه‌ک ته‌رزه‌ وشه‌كان بەر کاغەز دەکەوتن. كاغه‌ز له‌ ده‌ستمدا لۆچ ده‌بوو، کونکون دەبوو، ده‌دڕا. هه‌موو گیانم ئاره‌قی لێ ده‌چۆڕایه‌وه‌. وه‌ک عاشقێک دەبوو بنووسم، ده‌منووسی‌ و ده‌مسڕییه‌وه‌. ئه‌نگوستم‌ وه‌ک پێنج چه‌قۆ له‌ كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م ئاڵابوون. ده‌ستم خوێنی لێ ده‌هات. باکم نه‌بوو،‌ با ئه‌نجن ئه‌نجن بێت جه‌سته‌م، با وه‌ک هه‌ڵۆیه‌كی ناو قه‌فه‌ز خه‌ريکی خواردنی خۆشم بم، ده‌بوو بنووسم. دواجار نووسیم: كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌، كورد .زیندووه

 

خوێندنەوە و ڕانانی ئەم کتێبە:

 

   

 


پێشنیاری نووسیار