274664408_2041941746006656_202503788092802452_n

2022/02/23

ڕۆمانی بایۆگرافی و چه‌ند سه‌رنجێک

بەڵێن سابیر
بابه‌ت:
(ئەو هاوارەی نەبیسترا) گێڕانەوەیەکی بایۆگرافی- مێژوویی- ئێستاتیكی، خانه‌واده‌یه‌كی ڕۆشنبیری کوردە، کە “دڵدار”ی شاعیر یەکێکە له‌ ئه‌ندامانی نێو ئەو خانەوادەیە و کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە. گێڕانەوەكه‌ بە تەنیا ئیشکردن نییە لەسەر وێنەی ڕوونی دڵدار، وەک شاعیر؛ خاوەنی شیعری ئەی ڕەقیب، کە هەموان دەیناسن و له‌ باره‌یه‌وه‌ بیستوومانه‌، بەڵکوو دیوێکی دیکەی ژیانییەتی، دڵدار وەک ڕووناکبیرێکی سیاسی، پاشان وەک شاعیرێک. دڵدار لەم ڕۆمانەدا، کارەکتەرێکی چالاکیی سیاسییە؛ باوه‌ڕی به‌ خەباته‌ لە شار، لەبارەی شۆڕشەکانی جیهان دەخوێنێتەوە و هەوڵەکانی بەردەوام دەبن، تا لە کەرکووک (کۆمەڵەی دارکەر) و دواتر حزبی (هیوا) دادەمەزرێنێ. تەحەدییەکانی دڵدار؛ هەوڵ بۆ دروستکردنی گروپ و دامەزراندنی حیزبێکی سیاسی، بیرکردنەوەیەکی سه‌ر‌كێشانه‌ و نامۆیه‌ بۆ سه‌رده‌می خۆی.
كات:
زەمەنی نووسینی ڕۆمانەکە دابەش دەبێتە سەر دوو زەمەن. زەمەنی یەکەم، پێنج ڕۆژە. گێڕانەوەکە بە ڕاناوی کەسی دووەمی تاک دەگێڕدرێتەوە. زەمەن بەم زووانەیە و ساڵی دوو هەزار و هەشتە. بەم شێوەیە: كۆنفڕانسێكی تایبه‌ت به‌ ژیانی دڵدار ڕێكخراوه‌، کارەکتەرێک باسێکی کورتی ئامادە کردووە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە هەناسەتەنگی و حەساسییەی پێست، ناتوانێ باسەکەی پێشکەش بکات. بڕیار دەدات، باسەکەی فراوان بکات و بیکاتە کتێبێک، (ئەو هاوارەی نەبیسترا) دەبێتە ناونیشانی کتێبەکەی و ناونیشانی ڕۆمانەکەش. کتێبەکە پێک دێت لە دوو بەش، بەشێک کۆکردنەوە و داڕشتنەوەی یاداشتە ونبووه‌کانی دڵدار و بەشێکیش یاداشتی پێنج ڕۆژی کۆنفڕانسەکەیە، کە کتێبەکەی تێدا ئامادە کراوە و نووسراوە. زه‌مه‌نی دووه‌م، چوار به‌شه‌. زەمەنی دڵدار خۆیه‌تی، گێڕانەوە بەڕاناوی کەسی یەکەمە، بە شێوەیەکی ناسیستماتیکی گێڕانەوەکە پارچەپارچە دەبێ و دابەش دەبێتە سەر چەند زەمەنێكی دیكه‌.
شوێن:
چیرۆک سەرەتا لە کۆیەوە بۆ ڕانیە. دواتر لە ڕانیەوە بۆ کۆیە. دواتر لە کۆیەوە بۆ هەولێر. دواتر لە هەولێرەوە دیسانەوە بۆ کۆیە. ئینجا دڵدار له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ كه‌ركووک، له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ به‌غداد. هەڵبەت ویستگەکانی ژیانی دڵدار، (کۆیە- ڕانیە- هەولێر- کەرکووک- بەغداد)‌. وەک شوێن گێڕانەوەکانیش دابەشبوونە بەسەر ئەم شارانەدا.
كاره‌كته‌ر:
جگه‌ له‌ دڵدار، لەسەر هێڵی گشتی گێڕانەوە، بەردەوام چیرۆکی دیکە و كاره‌كته‌ری دیكه‌ ده‌ناسین، چیرۆکی (زەینەب) خوشکی دڵدار، کە پانتاییەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە، چیرۆکی (زەهوە)ی دایکی دڵدار و چیرۆکی (مەلا ڕەئووف)ی باوکی و چیرۆکی (سەعدی) و (ئاسەف)ی برای دۆخی ژیانی ئەو خانەوادەیە، زۆر ڕوون نیشان دراون. هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یه‌ک كاره‌كته‌ری دیكه‌یش هه‌ن؛ ئه‌وانه‌ی ڕه‌فیقی دڵدارن. واتا ده‌كرێ بڵێین زیاد له‌ كاره‌كته‌رێک پاڵه‌وانی سه‌ره‌كه‌ییه‌.
زمان و ته‌كنیک:
له‌ ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)، زمانی گێڕانەوە هاوئاهەنگە لەگەڵ فۆڕمی گێڕانەوەکە. هیچ درێژدادڕییه‌ک نابینین. زمان خێرایه‌، ڕوونه‌. ئاواز و ڕیتمی تێدایه‌. به‌شێک له‌ ته‌كنیكی كاره‌كه‌ له‌ ورده‌كاری زماندایه‌، هه‌روه‌ها فره‌ده‌نگیش. ڕۆماننووس لەتەنیشت دەنگی دڵدار، دەنگی چەند کارەکتەرێکی دیکەشی دەرخستووە. ده‌نگی ئاسه‌ف و جاهید و عه‌ونی و بێكه‌س و ڕه‌مزی نافع، به‌ڵام دیارترینیان دەنگی زەینەبە، کە ئەگەر ڕۆڵێکی وەک ئەوەی دڵداری پێنەدرابێ، کەمتری پێنەدراوە. هەست دەکرێ، ئەگەر ئەو ژنە، لە ژیانی دڵدار نەبا و خوشکی نەبا، دڵداریش لەنێو ڕۆمانەکەدا کارەکتەرێکی زیاد لەپێویست گەورە کراو دەبوو. زەینەب خوێندەوارە، یاخییە، شاعیرە، سیاسی و ڕۆشنبیرە. ئەم و کەسانی دەوروپشتی دڵدار لە ڕۆمانەکەدا تۆکمە ڕۆڵی خۆیان پێدراوە. ته‌كنیكی دابه‌شكردنی پاژه‌كان، له‌ نێوان چێرۆكێكی نوێ و چیرۆكێكی كۆندایه‌، خوێنه‌ر به‌هۆی چیرۆكێكی نوێوه‌، چیرۆكێكی كۆنیش ده‌خوێنێته‌وه.
ناونیشان:
(ئه‌و هاواره‌ی نه‌بیسترا) ناونیشانێكی ماناییه‌ بۆ كۆی ڕۆمانه‌كه‌، له‌و جۆره‌ ناونیشانانه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر دەبێ بیر بكاته‌وه‌ و بزانێ كامه‌ هاوار نه‌بیستراوه‌؟ هاوار لێره‌ مێتافۆڕه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و خه‌ون و خه‌باتی دڵدار. ده‌كرێ هه‌ر خوێنه‌رێک ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆی بكات و بڵێت: ئه‌و هاواره‌ بۆ نه‌بیسترا؟