دار و دیوار دەمبەست ئەکرێن!؟
ڕاستی عەلی
ڕەنگە کەڕ و کاسی ئەو پەیامە کۆنەبین کە “دار و دیوار گوێی هەیە”، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە هەر ئەم دار و دیوارە ئەتوانن هەڵگری پەیامەکان بن و لێدوان بدەن و قسە بکەن یاخود ئەتوانن بنووسن “دار و دیوار گوێی هەیە”! بڵێی لە شوێنێ ڕۆژنامە و شاشە و کتێبەکان و ئەو دیوارانە سەرنجە سارد و سڕەکانمان ڕاکێشن و جارێکی تر گوڕێ بە چاومان ببەخشن و بخوێنینەوە! ئێستا شەپۆلی خەیاڵ بەجۆرێ ئاوارەی کەناراوەکانی گۆشەگیری کردووین کە نەستمان ناچارە بکەوێتە پلانگێڕی و ناردن و دۆزینەوەی پەیام لەسەر شاشە و ڕۆژنامە و تەنانەت لە ژێر گەچ و بۆرەکی دیوارەکانەوە تا هیوایەک بگەڕێنێتەوە و بار و دۆخ بگۆڕێ! ئەکرێ لەبری واژەی بار و دۆخ گۆڕین بنووسین کودەتا، بەڵام ڕەنگە کودەتا هاوئاواز و شایستەی هەل و مەرج نەبێت و سەرئەنجام ببێتە گاڵتەجاڕی. بێسۆ وەزیفەی چیرۆک بۆ ئەمڕۆ تازەگەری نییە، بەڵکوو جۆشدانی ئەو یادگاریەزەقانەیە کە ئێستا لەبیرمانا کاڵبوونەتەوە بەڵام چی ئەبێت گەر یادەوەرییەکان خۆیان هەر کرچ و کاڵ بن! ڕەنگە بتوانین لە ڕێی چیرۆکەوە چەند هەناسەیەک دوورکەوینەوە لە جیهان، بەڵام ئەو چەند هەناسەیە بەس نیە و ناچارین لەڕێی ئاڵۆسکانی تێکستەکان و تێکهەڵپرژاندنیان بەنێویەکترا گەردوونێکی سەربەخۆ دروست بکەین! بۆ چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبەش بەهەمان شقڵ ئەڕوانین، بەتایبەت چیرۆکی سێیەمی کە موجیزە ئاسا ئاوڕ لە سینەما ئەڕوانێ و چیرۆکخوان ناچار ئەکا شوێن پێی هەڵگرێ تا چیرۆک لە نێوچیرۆکا بخولقێنێ. ئەوەی لیرەیا بە گرنگی نازانم لە هەمان کاتیشدا تێی ناپەڕێنم ئەوەیە کە خەسڵەتی گێڕانەوەی چیرۆک لەنیو چیرۆکا یاخود نووسین لەبارەی نووسین بە ئاماژەی هەندێ چوارچێوەیەکی پۆستمۆدێرنەی هەیە و لێکدانەوە هەڵناگرێ چونکە هێندە بە ئاگایە چیرۆکەکە پێویستی بە خوێنەر نیە لێکی بداتەوە چونکە خودی چیرۆکەکە لێکدانەوەیە نەک بە پێچەوانەوە. بە پێچەوانەوە من بە خەسڵەتێکی تایبەت و تەکنیکی نازانم، بەڵکو بە دەروازەی ڕاسگۆیی نووسینی ئەزانم لە خولقاندنی گەردوونێکی ناڕاستدا تا سەرمان لێنەشێوێ کە ئایا نووسەر چیرۆکخوان دروست ئەکا یان چیرۆک خوان نووسەر دروست ئەکا! ئیدی لەم دەستپێکەوە کە چیرۆکخوانەکان نازانن چۆن لاپەڕەکان ڕەشکەنەوە، بەناچاری ئەگەڕێنەوە بۆ کتێبە کۆنەکان تا دەرسێک لەوێوە فێربن، وە هەندێ جار ئەگەڕێنەوە بۆ ئەو جیهانەی کە لەبیرکراوە و سەرنجی ئەو کەل و پەلە کۆنانە ئەیەن و لە پڕ قۆرییەکی قوپاو لە نێو لەنگەیەکا ئەدۆزنەوە و لەوێوە دەست لە قۆرییەکە ئەخشێنن و دێوێک دێتە سەر لاپەڕەکانیان و فەرمانی پێ ئەکەن چیرۆکەکانیان بۆ تەواوکەن، ڕەنگە ئەو دێوە نەگبەتەش هیچی وای بەخەیاڵا نەیەت تەنها سەرنجی بەلای دەرهێنەر و سیناریست و کامێرامانی ئەو ڕێکلامانە بێت کە نێوبڕی سۆشیال میدیاکانن و لە ماوەی دەقەیەکدا فیلمێك دروست ئەکەن بۆ قوتویەکی دۆشاو یان چای سەعدەدین و شیری کیکۆز و برنجی مەحموود زۆر شتی تریش، وە لەوێوە ئاشقی ئەم سینەماکارە مەزنە ئەبێ و دوای بەدواداچوون دەر ئەکەوێ کە ئێستا ئەو سینەماکارە مەزنە بۆیاخچییە و خوی بە دیواری ماڵانەوە گرتووە و لە بنمیچی هەر ماڵێکا ڕیکلامێ بۆ شەربەتی نادر یان یان بەرهەمە خۆماڵیەکانی تر ئەکا و سیمبولێکیان بۆ جێ ئەهێڵێ! ڕەنگە هەزاران چیرۆکی ئاوها دەوری دابین کە دیوارەکان بە لۆگۆی شەریکەی سەیارە و خوارەمەنی و بەهارات و فلێکسی ئەم و ئەوەوە، هەریەکەیان چیرۆکخوانێک یان سینەماکارێکی لەپشتەوە بێت…
تێبینی/ ناوەڕۆکی چیرۆکەکە نەنووسراوەتەوە، تەنها وێنای ژێرخانی چیرۆکەکەم کردووەتەوە…