ڕۆمانی(گۆڕستانی سەگەکان)م خوێندەوە
بەختیار فاڕوق
ڕۆمانێکی کورتە،یان دەکرێ بڵێین(نۆڤلێتە)ناوەڕۆکەکەی دوو تەوەر لەخۆ دەگرێ:
یەکەمیان/چیرۆکە سەرەکییەکە کۆمەڵایەتییە،سەرەتا پەیوەندییەکی خۆشەویستی بوو،دواتر دەبێتە خێزانی لەنێوان پەناو خەزێ،سەرەتایی چیرۆکەکەش بەم شێوەیەیە،پەنا فەرمانبەر بووە لەفەرمانگایەک،دوای ئەوەی خەزێ وەکو هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی، ڕێی دەکەوێتە ئەوێ و دواتر پێناسی خۆی لەوێ لەبیردەکا،پەنا بەهەڵە هەڵی دەگرێتەوەو دواتر دەزانێ کەهی خۆی نییەو ئینجا سەرەداوی خەزێ دەبینێتەوەو دوای یەکتر بینین بۆ پێدانەوەی پێناسەکە،ئالێرەدا چیرۆکە خۆشەویستییەکە دەست پێدەکاو سەردەکێشێ بۆ خێزانداری.
دووە/چیرۆکێکە لەناوچیرۆکێکی تردا،نوسەر بەمەبەست ئەو فۆڕمەی داڕشتووە وەکو شتێکی جیاواز،ئەویش چیرۆکی کیژۆڵەیەکە لەناو خێزانێکی ساردوسڕی کۆمەڵایەتی،ئەمە نموونەی ئەو خێزانانە بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کە کەوتونەتە ژێر کاریگەری سۆشیال میدیا،یاخود شەپۆلی سەرمایەداری،خەمی بۆشایی لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگە کێشەەیەکی گەورەی ئەو خێزانانەبێ کەدوورکەوتوونەتەوە لەبەها کۆمەڵایەتییەکان.
پەلاماردانی سەگ و کوشتنی سەگەکان و مردنی دایکی پەناو وەفای بانە و هەندێ وردەکاری تر باسناکەم بۆ ئەوەی لەچێژی خوێندنەوەی کەم نەبێتەوە.
نوسەر هەوڵی داوە بەزمانێکی سادە بنووسێ،دوورکەوێتەوە لەدرێژدادڕی کەئەمە جێگەی دەستخۆشییە.
بەڵام ئەم ڕۆمانە وەکو هەر کتێبێکی تر بەدەر نییە لەهەڵەو کێماسی لەدیدی من،ڕەنگە بۆ خوێنەرێکی تر وانەبێ،لەچەند خاڵێکدا ئەو سەرنجانە دەخەمە ڕوو بەهیوای زیاتر پێشکەوتنی نوسەر و بنیاتنانی بناغەیەکی تۆکمە تر،نەک لێدان و بێبایەخ کردنی بەرهەمەکە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
١-لەڕووی کاراکتەر و چیرۆکەوە،خۆزگە فراوانتر دەبوو،
کاراکتەرەکان ئەوەندە دیاریکراون لەچوارچێوەی دوو خێزان و چەند کەسێکی تردا دەسوڕێنەوە،(لەبەشی یەکەمدا مەبەستەکەم بۆ خوێنەر ڕوونترە)ئەگەر بەرهەمەکە ڕۆمان نەبا و چیرۆکبا هێشتا ئاسایی بوو.
٢-لەڕووی ناوەڕکەوە چیرۆکێکی (دڵداری-کۆمەڵایەتی) سواوە،ڕەنگە بۆ خوێنەری سەرەتا چێژی هەبی بەڵام بۆ خوێنەرێکی بەئەزموون چێژێکی وای لێنابینی.
٣-لەپەرەگرافی یەکەمی لاپەڕە(٢٧) دەڵێ[پێشتر زۆر لێوی ئاڵتر و بەشیلەترم بینیبوو،نەمدەزانی سیحرەکەی لێوی تۆ بەهۆی چ تایبەتمەندییەکەوەیە]پێناسی نیشتیمانی لەم وڵاتە وێنەکەی ڕەش و سپییە،ڕەنگی ئاڵی لەکوێ بوو؟
٤-لەدێرەکانی دواتر هەمان پەرەگراف دەڵێ[یەک دوو سەعاتی سەرەتا چاوم لەسەر لانەبردن ] ئەمە زیادەڕۆییەکی گەورەی تێدایە،کێ هەیە بتوانێ سعاتێک بۆ دووسعات چاو لەسەر پێناسێک لانەبات؟
٥-لەزۆر شوێندا گێڕانەوەیەکی بێ چێژی هەرزەییانەیە و لەگەورەیی هونەری ڕۆمان کەم دەکەنەوە،بەنموونە وەک:پەرەگرافی دووەمی لاپەڕە(٣٣) و زۆر شوێنی تر.
٦-لەلاپەڕە(٣٦) نوسەر چیرۆکێک لەناو ڕۆمانەکە دادەڕێژێتەوە کەئەمە شتێکی جوانەو جێگەی دەستخۆشییە،بەڵام گرفتەکە لێرەیە نوسەر بەپاڵپشتی خاڵبەندی سەرەتای چیرۆکەکەی دیاریکردووە،هەر لەدانانی دوو خاڵ لەسەر یەک و جووت کەوانە،بەڵام کۆتاییەکەی دیارنییە،واتا کەوانەکان دانەخراون،خوێنەر نازانێ کوا کۆتاییەکەی تا کۆی بەشەکە تەواونەکات.
٧-دەقی سەرکەوتوو ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگایە،بەڵام لێرەدا هەندێ دیمەن ئەوەندە نامۆن بەکۆمەڵگەی کوردی،خوێنەر ناتوانێ لەهزری خۆی وێنای بکا بۆ نموونە:
لەپەرگرافی یەکەمی لا(46)کاتێ دەچێتە ژووری دایک و باوکی،دەڵێ[هەردووکیان ڕووت و قوت ،ڕوو لەشاشەی تیڤییەکی گەورە،سەیری فیلمی سێکسی دەکەن]ئەمە ئەگەر لێرەو لەوێش شتێکی وا هەبووبێ بەڵام زۆر نامۆیە بەخێزانی کورد،خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی باشتر لەمەبەستەکەم تێدەگات.
٨-قسەکردن لەگەڵ خود شێوازێکی کلاسیکی کافکاییانەی هەیە،بۆ سەردەمی ئەمڕۆ ئەو گێڕانەوەیە زۆر وشک و بێ چێژە،نوسەر لەزۆر شوێندا کەوتۆتە ئەو خانەیەوە بۆ نموونە لاپەڕەکانی(٤٧ ، ٤٨ ، ٤٩ ، ٥٠) و زۆر شوێنی تر،ئەمە بێزارییەک لای خوێنەر دروست دەکات.
٩-زۆر ڕۆچوونە هەندێ وردەکاری هیچ چێژێک نادات و بەپێچەوانەوە وشە ڕیزکردنەو بێزاریەک لای خوێنەر دروستدەکات،بۆ نموونە لە لاپەڕە(٥٥) خۆ شووشت و چوونە حەمام پێویست بەو هەموو وردەکارییە ناکات کە دەڵێ:[ئاو بەقژم دا دەکەم،سابوون هەڵدەگرم،بەسکم ،بەنێو ڕانەکانم دادەهێنم] هەر لەدرێژەی دا دەڵێ[کرێمی لابردنی موو بەکاردەهێنم،لەگیانمی دەدەم] زۆر وردەکاری تر،بەڕاستی ئەمە لەبری ڕووداو و پلۆت لەچێژی ڕۆمان کەمدەکاتەوەو دادەبەزێ بۆ ئاستێکی لۆکاڵی چیرۆک ئاسا و قسەی بازاڕی.
١٠-لەلاپەڕە(٥٨) دا چەند جارێک وشەی (بەبەر) دووبارە دەکاتەوە لەبری پۆشاک یان ژێر کراس یان جل،کەئەمەش نامۆیەو داڕشتنی وشەی نوێ بەتایبەت ئەگەر هاو واتای هەبێ ئیشی نوسەر نییە.
١١-گەمەکردن بەوشە ئەگەر زۆر وەستایانە نەبێ،زۆر نەشاز دەردەچێ ،وەکو ئەم پەرەگرافەی لاپەڕە(٥٩)
[بەرزی خانووتکان:نزم،بەرز،بەرزتر،نزمتر لەخانووی یەکەم،بەرزتر لەخانووی سێیەم،کۆڵانێکی تر و بەردەم خانووەکان، بەرز،بەرزتر و کەمێک لەپێش نزم و کەمێک لەدواتر بەرزتر….]ئەم گەمەکردنە بەوشە چونکە نەشارەزایانە لەو شوێنە بەکارهاتووە، نەنگی و نەشازییەکی بێتامی داوە بەو پەرەگرافە.
ئەمانە و چەند سەرنجێکی تر ئەو نەنگی و کێماسییانەبوو لەو ڕۆمانە،بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کەرۆمانەکە شایەنی خوێندنەوە نەبێ،بەپێچەوانەوە،نیشاندانی دوو گرفتی کۆمەڵایەتی وەکو لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکرد،جێگەی دەستخۆشییە،نوسەریش لەسەرەتای تەمەنییەتی بێگومان پانتاییەکی فراوانی لەپێشەو دەتوانێ زۆر زیاتر ئەسپی خۆی تاوبدا.