557632097 1359232599537881 1127620537655741906 n

2025/10/02

تێکشکاندنی یەک مانا

کارزان عەلی
لە چەند مانگی ڕابردوودا، دەزگای ئازیزی نوسیار، یەکێکی تری لە کتێبە تیۆرییەکانی (کاروان عومەر کاکەسوور) ی بە ناوی (سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا) بڵاوکردەوە.
کتێبەکە لە دوو توێی زیاتر لە 180 لاپەڕەدا و بە سێ بەشی تا ئاستێک پەیوەست، لەسەر یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی دونیای ئەدەبی ئێمە دەوەستێت. بە گەڕانەوە بۆ بیری ڕەخنەیی یەکێک لە گرنگترین نوسەرانی نەمسایی بە ناوی (کارل پۆپەر)
نوسەر لەم کتێبەیدا، هاوشێوەی چەند کتێبی پێشووی، ئیش لەسەر مژارێکی گرنگی ناو ڕۆشنبیریی کوردی دەکات، بۆ ئەمەش (چەمکی ڕووبەڕوونەوە) بەکار دێنێت کە زیاتر دەچێتە خانەی ململانێ یان کێشمەکێشێکی فیکریی و ڕۆشنبیرییەوە، دوور لە ئاماژە و قەرەوڵگرتن بە هەر کەس یان گروپێک، چونکە بە نزیکەیی لە هەر سێ کتێبی تیۆریی دواینی نوسەردا (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی) (سادەیی لە نێوان پرسیار و ڕاڤەدا) بە گژ کۆی ئەو وتارە سادە و بێ بنچینەیەدا دەچێتەوە کە لێرە و لەوێ لەمەڕ ئەدەبیات و فەلسەفەی ئەدەبیات دەنوسرێن، بەڵکو ئەوەی کاروان کاکەسوور لەم چەند کتێبەدا جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەردەوامبوونی پرۆژەیەکە لەمەڕ پێداچوونەوە، ڕاستکردنەوە و لێکدانەوەی کۆی ئەو چەمک و نوسەر و لێکۆڵەرە گرنگانەی لە دونیای ڕۆشنبیری ئێمەدا لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سادە و ڕووکەش کاریان لەسەر کراوە و دەکرێت. بەردەوامبوونی پرۆژەیەک کە کەموزۆر، مەبەستی شکاندن و ناوزڕاندن نییە، بەڵکو وەستان یان هەڵوەستەکردنە لەسەر نوسین و بابەتەکان، کە بکرێت بە شێوەیەکی دروست بەکاریان بهێنین.
لێرەوە بەر چەمکێکی گرنگ دەکەوین کە کاروان وەکو لێکۆڵەرێکی ناو کایەی ئەدەبیات ئیشی جیددی لەسەر دەکات، ئەویش چەمکی (فڕێدانی چەمکەکان) ە.
لە ڕاستیدا هەڵەیەکی گەورەیە گەر وا بزانین ئەم کتێبە و چەند کتێبێکی تیۆری تری کاک کاروان بە تەنیا ڕووی لە نوسەر یان لێکۆڵەرێکی تایبەتە، بەڵکو دەکرێت وەک بەردەباز ناوی کەسێک یان چەند کەسێک ڕیز بکات، بەڵام ڕاستەقینە ئەوەیە ڕووی لە تەواوی هەموو ئەو نوسەر و لێكۆڵەر و تەنانەت ئەکادیمستانەی ناو زانکۆی کوردیە کە بێ پاشخان و خوێندنەوەیەکی قووڵی فەلسەفی و ئەدەبی، چەمکەکانی ئەم دوو بوارە لێرە و لەوێ فڕێ دەدەن. ئاراستەی هەموو ئەوانەیە بێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و دەقە بنەڕەتییەکان، چەمک دەبەخشنەوە. بە گژدانەوە و هەڵوەستە لەسەر کردنی نوسەری ئەم کتێبە، لە ڕاستیدا هەوڵێکی چڕە بۆ دووبارە خوێندنەوەی ڕاڤە و پێکهاتەی دەقە ئەدەبی و فەلسەفییەکان، هەنگاوە بەرەو کشانەوە بە مەبەستی پڕ چەک بوون بە گوتەزا و چەمک و جیهانە فەلسەفییەکان کە هەر چەمکێک قورسایی و پێشینە و ڕاڤەی مێژوویی لە پشتە، نەوەک لە خۆوە قسەکردن و هەڵدان و فڕێدانی. ئەم کتێبە و چەند کتێبی تری نوسەر لە هەمان بەستێندا، تێکشکاندنی دوالیزمە بێتام و سواوەکانی ناو ڕۆشنبیری کوردییە کە ساڵانێکی زۆرە بە مەبەست ئیشی پێ دەکرێت. دوالیزمی باش یان خراپ، ڕەش یان سپی، دژ یان لایەنگر، لە ڕاستیدا ترسناکترین میتۆد بەڵکو ڕا و بۆچوونە کە لەسەر دەقە ئەدەبییەکان بە تایبەتی دەوترێت یان دەنوسرێن.
لە لایەکی تریشەوە هەوڵێکی جیددیە بۆ تێپەڕاندن بەڵکو خاپوورکردنی (لایەنگیریی کوێرانە) لە ئەم یان ئەو نوسەر، بە گەڕانەوە بۆ بنەما و ڕیشەی هەر ڕەوتێک یان تیۆریەیەکی ئەدەبی و فەلسەفی و شیتەڵکردنی لێکدانەوە جیاوازەکانی کۆی ئەو چەمکانە بە مەبەستی ئاگالێبوون و خوێندنەوەیان، نەک ڕا و وردە سەرنج و قسەی بازاڕیانە لەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکان. ئەوەی نوسەر دەیەوێت جەختی لێ بکاتەوە، تێکشکاندنی (ڕای پێشوەختە) یە لەسەر بەرهەمێک، ئەویش بە خستنەژێر میکرۆسکۆبی ڕاڤە و توێژینەوەی زانستی و فەلسەفییانەی دەقە ئەدەبییەکان نەک لایەنگیریی و خاترگرتنی کەسییانە.
ڕایەڵی سەرەکیش لەم کتێبەدا گەڕانەوەیە بۆ هەڵگرتنەوە و دووبارە شیکردنەوەی هەموو ئەو چەمکانەی ( فڕێ دەدرێن) ە ناو کایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئێمەوە. بە تایبەتی لە گەڕانەوە و ڕاڤەکردنی بەشێکی زۆر لە بیر و چەمک و ڕەخنەکانی (کارل پۆپەر) چ وەک بیریارێکی ئەدەبی و چ وەک فەیلەسوفێکی ناو کایەی کۆمەڵناسی.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە هەر سێ کتێبەکەدا، کاروان لەسەر پەتێکی نهێنیئامێز یاری خۆی دەکات. یارییەک کە دواجار دەیەوێت لە ڕێگەیەوە مانایەکی تر بداتەوە بە کایەی ئەدەبی، ڕاڤەیەکی نوێ بە دیدگایەکی ئەدەبی و فەلسەفییانە. دیدگای تێکشکاندن و هەڵوەشانەوەی تاک مانایی و یەک ڕاڤەیی بۆ کۆی ئەو دیاردە و ڕووداو و گفتوگۆیانەی بە ناوی ئەدەبیاتەوە دەکرێن و خاڵیین لە مانای ئەدەبیات، بەتاڵن لە ڕوانینی فەلسەفییانە بۆ ئەدەب و لێکەوتەکانی، و لە جیاتیدا بونیادنان یان دروستکردنی کەشێکی دایەلۆگییانە بۆ ئەوەی بۆ هەمووان بڕەخسێت قسەی خۆیان لە مژارەکەدا هەبێت، قسەکردنێک کە پاڵپشت و بەهێز بێت بە چەمکە ئەدەبی و فەلسەفییەکان و هەڵقوڵاوی ناو خودی بەکارهێنانی زانستییانەی ئەو دەقانە بێت، نەک قسەکردنی لاوەکی و زانیاری سەرەتایی و ڕووکەش کە کاروان چەمکی (ڕەخنەی میللی) بۆ بەکار دەهێنێت.