خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی کرۆکی تیشک
کازیوە ئیسماعیل
بابەت : هایکوو
پێمخۆش بوو دوای خوێندنەوەی هەندێ لەسەری بدوێم بۆ خوێنەرانی ئازیز. هەرچەندە هەرچۆنێک باسی جوانییەکانی بکەم، پێموایە حەقی خۆی نایەمێ. چونکە بەرهەمێکە ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە و م.سەرداریش یەکەم و جوانترین هایکوونووسە لە دیدی منەوە. چونکە مامۆستا بەرلەوەی هایکوونووس بێت وێنەکێشێکی سەرکەوتووە. وێنەکێشێک بنوسێت، وشەکان دێنە زمان، ڕێک وەک سروشت، هەر بۆیە بە ڕای من وێنە و نووسین پەیوەندیدارن پێکەوە، مرۆڤ وا لێ دەکەن جوانتر و جیاواز بێت لە نووسین. ئەم کتێبە نایابە لە دووتوێی 701 لاپەڕەدایە و کتێبێکی قەبارە گەورەیە، کە چوار کتێبی هایکووی لەخۆی گرتووە. تێیدا باس لە هایکوو و مێژووی نووسینی و یەکەم هایکوونووسی کورد کردووە، کە من تا ئێستا نەمزانیبوو کێیە! دواتر چوار کتێب؛ واتا: چوار ناوەڕۆکی جیاواز لە نووسین بە دوای یەکدا هاتوون. دواتر فەرهەنگۆکێکی جوان لە وشەی کوردی بەکارهاتوو بە هاوواتاکانیەوە، کە زۆۆر گرنگ و پێویستە بەڕای من.. دواجار کورتەیەک لە ژیانی م.سەردار. کتێبێک بەو هەموو جوانییەوە ناتوانم لە پۆستێکدا باسی بکەم، بەڵام بە هیوام عاشقانی هایکوو کڕیاری بن، گەرنا دواکەوتن لە خوێندنەوەی بەڕای من کاتبەفیڕۆدانە.
هەندێک هایکووش وەک نمونە دادەنێم:
شۆڕبوونەوەی
دەستی بەخشندەیی دارەبەن،
بەخشینی بۆڵە قەزوان.
……..
خلیسکام لە شاخڕەوی،
برالەی دارگوێزێک
دەستی گرتمەوە!
…….
گەڕاوەتەوە
لە ژوانی خۆر،
خۆی دەشوا مانگ!
……..
شەو و ڕۆژ یەکتر دەگەوزێنن
لەدایکبوونی
بوولێڵە و کازیوە.
……..
بەلەمێ دوورە
ون دەبێ لەچاو،
ئاوابوونی نیومانگ.
……..
سینییەک نانەقەیسی،
بەدەمی ئاسۆوە؛
ئاوابوونی خۆر.
……….
چش لەو زانستە!
تا تەمەنی پیرەدار بزانێ،
دەیبڕێتەوە.
……..
چاوەڕوانی دەستی پایز،
سینگی دیواری باخ؛
شۆڕبوونەوەی هەنار.
……….
بە گوێسەبانەوە،
ڕیزێ شمشێر هەڵواسراون؛
چلوورە.
……..
وەک لەسەربان بم مانگەشەو،
ڕابووم لە خەوی خانەقا؛
دەفێ بە دیوارەوە!
……….
پەیکەرێکم لە گەڵا،
ئاهی هەناسەتان
دەبنە تۆڕنادۆ!
……..
نێوان پەردەکانی گیتارە ژیان،
تا دەڕوات
تەسکتر دەبێتەوە!
……….
ژێی میهرەبانی؛
گیتارژەنێک
بیستنمان گسک دەدات!
………
کەمانچەژەنێک؛
ئاوازی زاخاوە
بۆ زوخاوی ناخم.
……….
ئاهی هەناسەی عاشقێکم،
دێمە دەر
لە گەرووتەوە!
……..
ڕۆژگارێ پێکدەگەین،
بە لێوتەوە جێدەمێنێ
تاخمی دانەکەم!
………
تەمەنی نووحم دەوێ
بۆ پەرستش؛
ناو چاڵی ڕوومەتت!
…….
گەر پێش تۆ بمرم
وا هەست بکە خۆشویستنت
بێوەژن کەوتە!
……..
بەسەر چەمی گوێ
پیاسەی هاژەی هەناسە،
لەرەی ئاوێزان!
منیش ئەڵێم:
ئەوانە هەڵبژاردە نین،
هەموویان هەڵبژاردەن-
هایکووکانی نۆڕێ!
دووبارە دەستخۆشیم بۆ مامۆستا، کە ئەم کتێبە نازدارەی خستە ناو پەرتووکخانەی کوردی و بەردەستی ئێمەی خوێنەر. هیوام سەرکەوتنێتی و لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم پەرتووکە جوانەی لێ دەکەم.