533423040 1317053277089147 3792842867243416474 n

2025/08/16

لەبارەی ناوى خۆیان بیر نەماوە

خوێندنەوەی: توانا موسلیح

ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە)، قسەى زۆر هەڵدەگرێ، لێرە هەر چەند ئاماژە و سەرنجێک دەخەمە ڕوو.
ڕۆمانەکە بە تەکنیکێکى جوان و زمانێکى چڕ و ڕوون نوسراوە. نووسەر بە چڕى کارى لەسەر پرسى ئەنفاڵ و جینۆسایدى گەلى کورد کردووە. چەندین چیرۆکگەلى تراژیدى لە ڕێگەى حیکایەتخوانەکانى نێو ڕۆمانەکە خراونەتە ڕوو.
زمانى نوسینى ڕۆمانەکە زمانێکى سەرنجڕاکێشە، دەوڵەمەندە بە دەربڕینی کوردیانە، کە لە خوێندنەوەى ڕۆمانەکە دەبیتەوە، هەست بە ماندووبوون و دەسەڵاتى نووسەر دەکەیت بەسەر زماندا. ئەوەى زێتر باڵکێشە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە بە دەمى ڕانەبردووی بەردەوام گێڕانەوەکە درێژەی دراوەتێ، ڕەنگبێ (ئارام محەممەد) ویستبێتی، پێمان بێژێ: ئەو ڕووداوەى لە ڕابردوو ڕووی داوە، هەتا ئێستاش لەگەڵماندایە و ئێمە نەمانتوانیوە شوێنەوارەکانى کەم بکەینەوە، لەگەڵمان دەژى، تێکەڵى بڕیار و بیرکردنەوە و ژیان و ژیارمان بووە. گەورەیی ڕووداوەکە و بچووکى دەسەڵاتى سیاسى و حوکمڕانى ئەو وڵاتە، دوو وێنەن تا کۆتایی لەبەرچاومان ون نابن.

نووسەر، ناوى کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەی، زۆر لێزانانە هەڵبژاردوون. (کاژین، کاڕۆژ، كامیار، بوشڕا، تابان، تریفە، لەیلان، ژیلان، هێلان و مستەفا و نوورا و…). نووسەر توانیویه‌تی هه‌ر كاره‌كته‌رێك ناوێكی شیاو به‌ برك و ژانی خودی کەسایەتیەکە هه‌ڵبژێرێ (كاژین و كامیار- بە نموونە).
هەر هەوڵێک بدەین تا کۆی چیرۆکی ڕۆمانەکە بگێڕینەوە، سەرکەوتوو نابین، ناتوانین بیگێڕینەوە، بەڵام دەتوانین پارچە پارچە، یان ڕووداو و ڕووداو قسە لەسەر گێڕانەوەکە بکەین. بەشێکی ڕۆمانەکە باس لە دوو خانەوادە دەکات، کە هەردووکیان کەسوکاریان لە شازدەى نیسانى 1987 لەدەست داوە. لەوێوە دەگەڕیتەوە ڕووداوە باوەڕپێنەکراوەکانى ساتى کیمیاباران و چوونیان بۆ نەخۆشخانە و زیندانیکردنیان. پاشان هەڵاوێرکردنى ژنان و پیاوان و ئەنفال کردنى نێرینەکان. مامەڵەى نامرۆڤانەى سەرانى ڕێژیم، دواتر فڕێدانی ژن و منداڵەکان لە جێگایەک…
ڕووداوەکانی دیکە زۆر و چڕن. منداڵ و کەسووکاری هەردوو خانەوادە باوەڕ بە کوژران یان مردنى باوکیان ناکەن. ئاخر گەر ئەوان مردوون گۆڕەکانیان لە کوێن؟ مەگەر نابێ مردوو گۆڕێکى هەبێ؟ چارەنووس و ژیانى سەختى دواى ڕاپەرین، (بوشڕا)و (مستەفا) بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە و دەیانکات بە دوو خۆشەویست. هەردووکیان ساڵانێکە هەڵوەدای دۆزینەوەى ئێسک و پروسکى باوکیانن. هەوڵ دەدەن و دەگەڕێن، سەرگەردان دەبن، لێ جیا لەوەى ناتوانن هیچ بدۆزنەوە خۆشیان ون دەبن، ون بوونێک مەگەر تەنها بە خوێندنەوى (ناوى خۆیان بیر نەماوە) بتوانین تێی بگەین.
دایکى مستەفا ناوى خۆى دەگۆڕێ و شوو بە عەرەبێکى بیابان دەکاتەوە، بە ئامانج و ئاواتى ئەوەى لەو بیابان و لمەى خواروودا، سەرەداوێکى (سولتان نەراف)ی مێردى ون بووى دەست کەوێ!
چیرۆکی کاژین، کە چیرۆکێکە و لەناو ڕۆمانەکەدا لە لایەن ژیلان دەنووسرێتەوە، تەواو تراژیدییە. ئەو هەرچى هەیەتى دەیفرۆشێ و لە ڕێگەى قاچاخچیەکەوە، (قاچاخچی ئێسکوپڕووسک- بازرگانانی ئیسکوپڕووسک)، کە بەسەرهاتێکى باڵکێشە، دەیدا بە کۆمەڵێک ئێسکوپرووسک. کاژین دەیهەوێ لە جێیەکى شایستەدا گڵکۆیەک بۆ باوکى دروست بکات، ئەو خەونە بە مەرگی خۆی کۆتایی دێت…
نووسەر زۆر بە وریاییەوە لە گۆشەی جیاوازەوە، ژیانى کۆمەڵایەتى و دەروونى ئەو قوربانیانە وێنا دەکات. هەستێکى سەیرە، چەندین ساڵ بێ ئازیزەکەت ون بووبێ و لە حکومەت شەهیدانەى هەبێ، لێ قەبرێکى نەبێ، نەتوانى پێنج شەممان بچیتە زیارەتى و دوو قسەى لەگەڵ بکەى!، ڕەنگبێ مرۆڤ لە دواى مردنیشى هێشتا بتوانێ سایە و سێبەر بێ، ئەگەر گۆڕێکى هەبێ!
دڵنیام هیچ کەسێ ناتوانێ خۆى بخاتە برى قوربانیەکان، کەسوکارى شەهیدان تەنها خۆیان دەتوانن لەوە تێبگەن، ئەوە چ هەستێکە لە ڕێگەى وێنە و ناسنامە و ئەنگوستیلە و سەعاتى بە جێماوى ئازیزانیان، بەدواى سێبەرى ئازیزانیان هەڵوەدان!

ئاماژە و وێنه‌یه‌كی دی لە ڕۆمانەکە، به‌رده‌وامی گرفتی ته‌ندروستی برینداران و كه‌سوكاری قوربانیانە، چیرۆكێك کە نابڕێته‌وه‌، كه‌مته‌رخی و دڵڕه‌قی سیستمی ته‌ندروستی و دكتۆره‌كان به‌ جوانی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، (كاژین… ناوه‌ناوه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی لێ توند ده‌بێت و له‌كاتی خۆیدا ده‌رزی ده‌ست ناكه‌وێت… خه‌می ده‌ستكه‌وتنی ده‌رزی، سێبه‌رێكه‌ به‌ دوایه‌وه‌یه‌، له‌ دڵڕه‌قیی دكتۆره‌كان تووڕه‌ ده‌بێت…)
لە ڕۆمانەکەدا چیرۆكه‌كانی ژنكوشتن، پانتیاییه‌كی تریان بۆ ته‌رخانكراوه‌. هه‌ر خودی ئه‌و چیرۆكانه‌ كه‌ره‌سته‌ی چه‌ندین توێژینەوە و نووسینی ترن. بەگشتی دەکرێ بڵێین: ڕۆمانەکە چەند ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتییە، ئەوەندەش سیاسییە، چەند سایکۆلۆژییە ئەوەندەش فکرییە. دەکرێ لە چەندان لاوە قسەی لەسەر بکرێت.

ئه‌م ڕۆمانه‌ هه‌وڵێكی جیاواز و ناوازه‌ی نووسینه‌وه‌ی دیوە پەراوێز و تاریکەکانی تراژیدیا و تاوانی جینۆسایدی گه‌لێكه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیدا.

ئەوەی لێرەدا باسم کرد، زۆرتر هەست و ڕامانی دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکەیە، ئەگەرنا قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێ. دەستخۆشی لە نووسەر ده‌كه‌م، به‌هیوام نووسه‌رانی دیش بتوانن كاری گه‌وره‌تر له‌سه‌ر پرسی جینۆسایدی گه‌لی كود بكه‌ن.

ناوى خۆیان بیرنەماوە، دوایین ڕۆمانى (ئارام محەمەد)ە. ئەو ساڵ -٢٠٢٥/ وه‌شانی نووسیار چاپ و بڵاوى کردووەتەوە.