559368841 1364689535658854 7220163197824168681 n

2025/10/08

شەبیحەکانی دەسەڵات دەبێ ڕازی بن

کارزان عەلی

شەبیحەکانی دەسەڵات دەبێ ڕازی بن تەرمی باوکت بنێژیت. چڵکاوخۆرەکانی دەسەڵات دەبێ ڕازی بن. چەکدارە ڕێگرەکان، داعشەکان، ئیسلامییە سیاسییەکان، خێڵە چەکدارەکان، پزیشکەکانی کۆیلەی دەسەڵات، نیشانەگرەکانی سەر بازگەکان، مافیاکانی ناو گەڕەک و شارەکان، دەبێ ئەوەی چەکی پێ بێت، ڕازی بێت تۆ باوکت دەنێژیت.

(مردن کارێکی سەختە) بە تەنیا گێڕانەوەی ناشتنی تەرمی باوک نیە لە سایەی وڵاتێکی وێرانەدا، بەڵکو گێڕانەوەی پڕ ئازاری زیندووەکانە. ئەوانەی دەیانەوێت ئێوارە بە هێمنی نان بخۆن، شەو بە بێدەنگی بچنە سەر سەرین، سبەی بە دڵنیاییەوە بڕۆن بۆ کارکردن.

شەڕ دونیای شتە بچووکەکانیش دابەش دەکات. ڕۆشتن بۆ دەوام، نانخواردن لەسەر ڕووبارێک، پیاسەیەک لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا، ئاودانی ئینجانەی گوڵەکان، وانەوتنەوە لە گوندێکی دوورە دەستدا، خوێندنەوەی شیعر و دانیشتن بە دیار فیلمێکەوە.

شەڕ، دونیای پیرەمێرد و پیرەژنەکان، دونیای منداڵەکان، دونیای هەمووان دەشێوێنێت.
(خالید خەلیفە) مەرگ ناگێڕێتەوە، بەڵکو ئازاری زیندووبوون دەگێڕێتەوە لە سایەی بەڵتەجی و شەبیحەکانی دەسەڵاتدا. دیوی تاریک و شێواوی ئیسلامە سیاسییە درۆزنەکان، ناخی بۆگەنی داعشییەکان، و خەڵکانێک کە چەکییان پێیە، کە تۆ بۆ ئەوەی تەرمێک بنێژیت، دەبێ تەنانەت خۆت لە سەگە بەرەڵاکانی سەر شەقامەکانیش لا بدەیت.