تراجیدیای گێڕانەوە لە ڕۆمانی
پەیوەند تەها
(هەندێ نهێنی هەن، بە هەڵگرتن ئەوەندە لەسەر دڵ قورس دەبن، مرۆڤ لە پەلوپۆ دەخەن.)
لە ڕۆمانەکەوە.
تا کتێبەکەم تەواوکرد، کتێبەکە منی تەواوکرد. کاتێک باوک و باپیرمان یاخود دایک و داپیرمان یان هەر ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەمان باسی ڕابردووە شوومەکەی کورد دەکات، لەوەیە کاریگەریەکی وا جێنەهێڵێت و تەنیا بڵێین بەداخەوە.
دەی چی گەر خۆت بینەر و خوێنەر و شاهێدی کارەساتە یەک بەدوای یەکی ڕژێمی گۆڕ بەگۆڕ بیت؟
کات ساڵی دوو هەزار و سێیە، شوێنی ڕووداوەکان هەولێرە، بە فلاشباک دەگەڕێینەوە کۆتایی هەشتاکان، سێ خێزان، هەرسێکیان گرێدراو و هاوبەشی یەک خەم و ئازارن. لەنێو تۆپ و تەیارە و کمیاباران، بۆ هەولێر، دواتر بۆ بیابانەکانی سەماوە، لە هەوڵدان بۆ خۆڕزگارکردن لە مەرگ بۆ هەوڵ و تێکۆشانی دۆزینەوەی ئێسکوپروسکی خۆشەویستانیان. بەدرێژایی خوێندنەوەکە هەست دەکەیت لەگەڵ کارەکتەرەکان دەژیت. هەر کارەکتەرێ، شێوازی قسەکردنی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمەش وا دەکات هۆگری
چیرۆکەکە بیت و نەتوانی دەسبەرداری بیت.
گێڕانهوهی مێژوو لهم ڕۆمانهدا یان بیرخستنهوهی کارەساتەکان بۆ نهوهی ئێستا و داهاتوو زۆر گرنگە و دهبێ ئهو زوڵم و زۆردارییەی
بەعس و ئەو تاوانانهی بهرامبهر میللهتی كورد كراوه بزانن.
ناوەڕۆک فرە پەیام و بابەتە، بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوان بەشی زۆری ڕۆمانەکەی گرتووە. گێڕانەوەکە پڕە لە کەسایەتی و ڕووداوی دڵتەزێن و سەمەرە. نووسەریش لێزانانە بێ ئەوەی هیچ وشەیەک بەفیڕۆ بدات گەشتێکی لەبیرنەکراو بە خوێنەر دەکات.
نووسەر لەم ڕۆمانەیدا باسی ئەو مرۆڤانە دەکات کە لە کارەساتە یەک بەدوای یەکەکانی ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕ ڕزگاریان بووە، بەڵام ژیانیان وەک پێشتر نەماوەتەوە. نەخۆشی، دەربەدەری، دەردەسەری، هەزارا کێشەی یەک لەدوای یەکی دیکە. ڕۆمانەکە ورد لەسەر پرسوباس و دۆخی ژنان هاتۆتە قسە، پرسی ژنکوشتن بە وردی کاری لەسەر کراوە. ڕۆمانەکە تەنیا باسی ڕووداوی ئەنفال و کمیاباران ناکات، بەڵکوو باسی ئەو کاریگەرییانە دەکات تا ئێستاش لەگەڵماندان. سێبەری رووداوەکان بەدوامانەوەیە. باسی ئەو ئازارانە دەکات، تا کورد مابێت لە بیرکردنەوەی تاکەکانیدا هەر دەمێنێت. شێوازی گێرانەوە و دیالۆگی کارەکتەرەکان جیاوازی هەیە، ئەوەش چێژێکی یەکجار زۆری بە گێڕانەوەکە بەخشیوە.
خەیاڵ، خەون بینین، وڕێنەکردن، بەشێکی دانەبڕاوی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەیە. بەهۆی ئەم زنجیرە ڕووداوە تراجیدیانەی دووچاری کارەکتەرەکان دێت، دەیانخاتە بەردەم تەنیاییەکی قووڵ و خەمێکی بێ سنوور، ئەوەش وایان لێدەکات بێ ویستی خۆیان نوقمی خەم و وڕێنە بن. گەر ڕوونتر لەم بارەیەوە بدوێم، کەسایەتیەکان دڵخۆشی و ئاسوودەییەکانیان لە خەونبینین و خەیاڵکردن دەدۆزنەوە کە لە واقعدا زیاتر هاوبەشی خەم و ئازارن. بەهامانشێواز چەمکی خێزان لە کۆمەڵگەی کوردی زۆر بەوردی ئیشی لەسەر کراوە.
سەبارەت بە ناوی ڕۆمانەکە – ناوی خۆیان بیر نەماوە – هێمایە بۆ نەوەیەک لە مێژوودا ون بوون، بەڵام هێشتا لە بیرەوەریی گەلەکەیاندا زیندوون.
ئارام محەمەد یەکێکە لەو ڕۆماننووسانەی زۆر ڕەچاوی کورتبڕی دەکات، ئەوەی بە ڕستەک دەتوانێ بڵێت نایکاتە دوو ڕستە، سەرسامی چۆنیەتی گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامەکەت دەکات. خوێندنەوەی ڕۆمانەکەش دێخمە دۆخی ئیجباری و پێشنیاری دەکەم بیخوێننەوە. تەواوی بەرهەمەکانی دیکایشم خوێندۆتەوە و هەمیشە تامەزرۆم بۆ خوێندنەوەی نووسینەکانی، دەست خۆشی زۆرم بۆی هەیە و هیوام بەردەوامیەتی.
ناوی خۆیان بیر نەماوە چیرۆکی نەتەوەیەکی پڕ لە تراجیدیایە.