نووسینەوەی بایۆگرافیا لەڕێی ژانرەکانی ئەدەب
حەسەن هەندرێنی
نووسینەوەی بایۆگرافیا لەڕێی ژانرەکانی ئەدەب، بەتایبەت ڕۆمان، چێژێکی تایبەتی هەیە.
ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەیخوێنینەوە، ژیاننامەی کەسایەتییەکی گرنگی ناو مێژووی کوردە، ئەویش دڵداری شاعیرە. ئەو شاعیر و تێکۆشەر و پارێزەرە تەمەنێکی کورتی پڕ لە بەخشش ژیاوە.
هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا ئەو ڕۆژەی لە چاوە زیندانێکی هەولێر چاو لێکئەنێ، جوان وێناکراوە.
خەون و هیوا و ئاواتەکانی ئەم لاوە کوردە، هێند مەزن بوون، نەیتوانی باش دەرگا بەڕووی سۆزدا بکاتەوە تا بتوانێ دڵی ژنێک بلاوێنێتەوە، بۆیە هەر بە ڕەبەنی سەری نایەوە، ئەمەش ناسۆرێکی خستە دەروونیی دایکی، کە هەموو ئاواتی ئەوەبوو هاوسەرێکی هەبێ و وەک کوڕەکانی و کچەکەی منداڵەکانی ببینێ، ڕەنگە ئەمە چیرۆکە لاوەکییەکەی ناو ژیانی واقیعی دڵداری شاعیر و ناو خەیاڵدانی نووسەریش بێ، لەبەر پانتاییەکانی تری کاری دڵدار. لەسەروویانەوە، دروستکردنی کۆمەڵەی ڕامیاری (دارکەر) و دواجار گەیاندنی بە حزبی (هیوا).
هەڵکشانی ڕۆژبەڕۆژی هەستی کوردبوون، بەرانبەر بە هەژموونی داگیرکەران (تورک، فارس، عارەب) زیاتر نزیکی دەخەنەوە لە نووسینەوەی سروودێک، کە تا کوردێک مابێ بیڵێنەوە و بیڵێنەوە :
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان
نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان ….
ئای! نووسەر چەند جوان، چیرۆکی ئەم چەند دێڕەی تەوزیفکردووە، چۆنی هێناوە و چۆن پاساوەکانی بۆ دۆزیوەتەوە، زۆر سەرنجڕاکێشە ئەم بەشەی.
هەروەها، نووسەر زۆر جوان، وێنای هەستی دڵدار و ئەندامەکانی خێزانی کێشاوە، کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕادەگەیەنرێ، لەگەڵ هەر بەرەو پێشچوونێکی دێڕەکان گوێت لە دەنگی تەپەی پێی شاییان دەبێ! ئاوازی سروودی ئەی ڕەقیب خوێنت بە جۆش دەخات.
نووسەر، بە پەروەردەی باوکێکی ڕۆشنبیری وەک مەلا ڕەئوفمان ئاشنا دەکات، چۆن ڕێگای کوردایەتی بۆ ئاسەف و زەینەب و دڵدار خۆش دەکات.
بەرانبەر سۆزی خوشکێک بۆ برا ڕاماندەگرێ، بە هاندانەکانی زەینەبمان ئاشنا دەکات، بە پتەوی باوەڕی ئاسەفمان ئاشنا دەکات، بە یەکگرتوویی و یەکگوتاری ئەوان سەرساممان دەکات.
وەلێ لەهەمووی ناخۆشتر، ئەو گەمژەییەش لەبیرناکات، کە خەڵکی دواکەوتووی ناو کۆمەڵ، چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دڵدار کردووە و وەک سەرمەستێکی بادەخۆر، مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، لەکاتێکدا ئەو بەهۆی خراپی خواردن ژەهراویی بووە و باری تەندروستی تێکچووە، بەڵام ئەوان بە نەفرەتیان کردووە و بەخراپتریین شێوە لەگەڵی جووڵاونەتەوە، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ژیان لەدەستدانی! ئەگینا ئەو سەرمەستی ڕێی ئازادی و مافپارێزێکی جووتیاران بوو، کە ئەو دەم لەگەڵ میری لە کێشە دابوون.
دەستخۆش لە نووسەر ئارام محەمەد دەکەم، بۆ ئەو خستنەڕووە جوانە، شایانی ئەوەیە ئەم ڕۆمانە لای لێ بکرێتەوە و خوێندنەوەی لەبارەوە بکرێ.