هاواری كوردانە و دەبیسترێت!
شاخەوان برایم
ئەو هاوارەی نەبیسترا، نوێترین ڕۆمانی کاک ئارام محەمەدە، لە چوار بەش و پێنج ڕۆژ پێکهاتووە، باس لە وێستگەكانی ژیان و شیعر و ڕۆشنبیری و سیاسی و هەڵوێستە نەتەوەیییەکانی دڵداری شاعیر دەکات، دڵداری خاوەن شیعری ئەی ڕەقیب، كە ئەو شیعرە لە كاتی نووسینی و ئێستاش هاواری كوردانە و دەبیسترێت!
ئەو هاوارەی نەبیسترا، دەچێتە چوارچێوەی ڕۆمانی بایۆگرافیا “ژیاننامە”وە، كاك ئارام بە وردی و بە كۆمەڵێك زانیاریی هەمەجۆرەوە هەر لە قۆناغی منداڵی تاوەكوو مردنی كە تەنیا 30 ساڵ ژیاوە، باس لە ژیانی دڵداری شاعیر (1918 بۆ 1948) دەكات.
وێڕای باسكردن لە ژیانی دڵدار، هاوكات دۆخی كۆمەڵایەتیی ئەوسای شاری كۆیە و ڕانیە و هەولێر و كەركووكیشی بەسەركردووەتەوە، واتە ئەو گۆشانەی ژیان و بارودۆخی كۆمەڵایەتی ئەو شارانەی وەرگرتووە كە دڵدار لە ماوەی 30 ساڵی ژیانیدا تێیاندا ژیاوە، وەك شارەكانی كۆیە، ڕانیە، هەولێر، كەركووك، بەغدا و ئەو كەسانەیشی بەسەركردووەتەوە كە هاوتەمەن و هاوڕێی بوونە، بە تایبەتی ئەوانەی كاریگەریان لەسەر ڕەوتی ژیان و بیركردنەوە و هەڵوێستەكانی هەبووە. لەوانە زەینەبی خوشكی و ئاسەفی برای، بە تایبەتی زەینەب، هێندە كاریگەری بەسەرییەوە هەبووە، زۆرجار خوێنەر وا هەست دەكات ڕۆمانەكە لەبارەی زەینەبەوە نووسراوە نەك دڵدار، گرفتی ئەو هەستە پەیوەندی بەو ڕاناوەوە هەیە كە ڕۆمانەكەی پێ نووسراوە، هەروەها لەناو كەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرەكانی كۆیەیشدا، عەونی شاعیر دێت كە دراوسێ و هاوڕێی دڵدار بووە و چەند ساڵێكیش لە دڵدار گەورەترە، وەك سەرنجێك، دەبوو پەیوەندییەكانی عەونی و دڵدار لە ڕۆمانەكەدا زیاتر ڕەنگی بدابایەتەوە، ئاخر ئێمە قسە لەسەر ڕۆمانێكی ژیاننامەی شاعیرێك دەكەین، خۆ دەبێت وەك چۆن زەینەب پانتایی ڕۆمانەكەی داگیر كردووە، هاوڕێ شاعیرەكانیش دڵداریش لە چەندان ڕەهەندەوە باس بكرێن!
قسەکردن لەبارەی دڵداری شاعیرەوە هەر خۆی زۆر گرنگە، ئینجا لە ڕێگەی ڕۆمانیشەوە پێویستییەكە بەوەی ڕۆماننووس دەتوانێت وردەکاریی ژیان و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی جوانتر و جیاواز لە هەر وتارێک و بابەتێکی تری زانستی بخاتەڕوو، کاک ئارام لەم ڕۆمانەیدا زۆرترین زانیاری لەبارەی دڵدارەوە لە گۆشەنیگای ئەدەبەوە دەداتە خوێنەرەکانی، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا کارێکی باشە كە ڕۆمانووسێک لەم ڕۆژگارە سەخت و بێ بەهابوونەی نووسەران و شاعیراندا، دێت و ژیانی شاعیرێکی نیشتمانپەروەری وەک دڵدار دەکاتە بابەتی ڕۆمانێك، ئاخر ئێستا خوێنەری ڕۆمان لە هەڵكشاندایە، ئەو هاوارەی نەبیسترا وای كرد جارێكی تر دڵدار ناوی بێتەوە سەر زار و نێو لاپەڕەی كتێب و سۆشیاڵ میدیا، جگە لە شعیری ئەی ڕەقیب كە بەردەوام و بە چەندین شێوە زیندووە.
تەکنیکی ڕۆمانەکە هەتا بڵێی جوان، زمانێکی سادە و بێ گرێ، خوێنەر ماندوو ناکات و لەگەڵ خوێدا پەلکێشی نێو قوڵایی ڕووداوەکان و گفتوگۆکردنی لەگەڵ دڵداردا دەكات، لەوەش گرنگترین لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە باس لە هەوڵەكانی ڕۆشنبیرانی كورد بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئەوەتا دڵدار ڕێكخراوی داركەر دادەمەزرێنێت و پاشان ڕاستی ڕەفیق حیلمی دەكات كە ناوەكەی بۆ حیزبی هیوا دەگۆڕدرێت، لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە، دواجار ڕەفیق حیلمی سەرباری ئەو هەموو دڵسۆزی و هەوڵدان و ماندووبوونەی دڵدار لە دامەزراندنی داركەردا كە پاشان ناوی بووەتە حیزبی هیوا، كەچی غەدر لە دڵدار دەكات، لە ڕۆمانەكەدا ئەم پرسە بە جوانی شیكراوەتەوە، ئەگەرچی لەو بەشەیاندا ڕەگەزەكانی ڕۆمانی لەدەستداوە و ئاستی گێڕانەوەكەی زیاتر بەرەو وتاری سیاسی چووە!
خوێنەر كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنێتەوە، ئەگەر نەختێك ویژدانی هەبێت، دەزانێت ڕۆماننووس بۆ نووسینی ڕۆمانەكە زۆر ماندوو بووە، هەر لە كۆكردنەوەی زانیاری و گەڕان بەدوای وردترین شت كە پەیوەندی بە دڵدارەوە هەبێت، هەتا هەڵبژاردنی تەكنیك و فۆڕمی گێڕانەوەیش، سەرباری هەموو ئەو ماندووبوون و كارە جوانەی كردوویەتی، بەڵام ڕۆمانەكە بێ سەرنج نییە، واتە لە ڕوانگەی خۆمەوە دەیان سەرنجم لەسەری هەبووە، چ لە هەڵبژاردنی ڕاناوەكەی كە كەسی یەكەمە لەگەڵ خێرایی چوونەپێشەوەی ڕووداوەكان و دۆخی ڕۆمانەكە بە گشتی، لەگەڵ زمان و چەند سەرنجێكی تردا كە هەموو سەرنجەكانم لە پرۆژەیەكی تری نووسیندا لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە كە زیاتر لە 2500 وشەیە نووسیونەتەوە و دواتر لە دووتووێی كتێبێكدا لەگەڵ چەند خوێندنەوەیەكی دیكە بڵاویان دەكەمەوە.