459220415_1255064525678463_5781004317099770803_n

2024/09/20

گەشتێک بەناو دنیای دڵداردا

پەیوەند تەها

ناساندنی کتێب :

ئەو هاوارەی نەبیسترا” چوارەمین بەرهەمی نووسەری ڕەوانبێژ، ئارام محەمەد”ە. ئەم بەرهەمە نوێیە، کە لە چوارچێوەی ژانری ڕۆماندا خۆی دەبینێتەوە، دەرگایەک دەکاتەوە بۆ دنیایەک پڕ لە هەستی نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ خاک و گەل. لەم ڕۆمانەدا، ئارام محەمەد بە قەڵەمێکی سادە و زمانێکی شیرین، خوێنەر دەبات بۆ ناو قوڵایی مێژوو و ئاڵۆزییەکانی ساڵانێک پێش ئێستا. نووسەر زۆر بەوردی ، ژیاننامەی یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین شاعیرانی نەتەوەکەمان دەگێڕێتەوە، کە ئەویش “دڵداری شاعیر”ە. ڕۆمانەکە وەک گەشتێکی ئەدەبی و مێژوویی وایە، کە لە سەرەتای ژیانی هەرزەکاری دڵدارەوە دەست پێدەکات و هەنگاو بە هەنگاو، خوێنەر لەگەڵ گەشەکردن و پێگەیشتنی ئەم کەسایەتییە گرنگەدا دەڕوات. لە ڕێگەی ئەم گێڕانەوەیەوە، نووسەر نەک تەنها ژیانی تاکەکەسی دڵدار، بەڵکو وێنەیەکی زیندوو و ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و سەردەمەکەشی پێشکەش دەکات. ئارام محەمەد لەم بەرهەمەیدا، بە شێوازێکی هونەری، چیرۆکی ژیان، خەبات، و بەرهەمە ئەدەبییەکانی دڵدار تێکەڵ دەکات بە ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە. بەم شێوەیە، خوێنەر دەتوانێت هەم چێژ لە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش وەربگرێت و هەمیش زانیاری بەسوود لەسەر یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی مێژووی ئەدەبی و سیاسی کوردستان بەدەست بهێنێت.

ناوەڕۆک :

ئەو هاوارەی نەبیسترا” دەسپێکی چیرۆکەکە لای قوتابیەکی زانکۆی سەڵاحددین دەسپێدەکات کاتێک دەیەوێت توێژینەوەیەک لەسەر ژیاننامەی دڵداری شاعیر پێشکەش بە کۆنفراسێک بکات، پاشان وێنای چیرۆکەکە دەچێتە لای دڵداری شاعیر کە لە تەمەنێکی هەرزەکاریدایە و بیر لە منداڵی خۆی و ژیانی خێزانی خۆیان دەکاتەوە و دواتر هەنگاو هەنگاو نووسەر گەشتێکی قوڵ دەڕوات تا گەورەبوونی چوونی بۆ ئامادەیی و چونە زانکۆی لە بەغدا و دەسپێکردنی هەنگاوە گەورەکانی وەک دانانی حزبی هیوا و نووسینی دەیان شیعر و بڵاوکردنەوەی شیعری ئەیڕەقیب تا کاتی مردنی کە لە تەمەنێکی لاویەتی و لە 30 ساڵی وەفات دەکات. ئەو هاوارەی نەبیسترا” تەنها ڕۆمانێک نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی ئەدەبی و مێژووییە کە تیشک دەخاتە سەر ژیان و بەرهەمەکانی دڵداری شاعیر، و لە هەمان کاتدا، وێنەیەکی ڕوون و زیندوو لە خەبات و ئاواتەکانی گەلی کورد پێشکەش دەکات، ڕۆمانێکی پڕ لە چێژ و سود و زانیاریە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە دیاریەکی گرانبەهایە بۆ ئەدەبیات و کتێبخانەی کوردی، پێشنیار دەکەم بیخوێنەوە و چێژی لێوەرگرن.

کەسایەتیەکان :

1 ڕئووف باوکی دڵداری شاعیر

2 زهوە خێزانی ڕئوف

3 یونس کوڕی ڕئووف یان دڵداری شاعیر ( سەرەکی )

4 سعدی کوڕی ڕئووف

5 زەینەب کچی ڕەئووف

6 ئاسەف برای یونس

7 عەبدوڵا ئەفەندی هاوڕێی یونس

8 داود سەلیم هاوڕێی یونس

9 ڕەمزی نافع هاوڕێی یونس

10 خسرەو قادر هاوڕێی یونس

11 جەلال قادر هاوڕێی یونس

12 سامی قەساب مامۆستا

13 سەلمان جەبار گۆڤار فرۆش

14 ڕەفیق حلمی سکرتێری حزبی هیوا

15 دانیاڵ ڕام خزمی م.سامی

16 مزەفەر دارتاش

17 حەسەن ڕەزایی چایچی

18 سەید وەلی نوشتەچی

19 فاتیمەی سەیدی قورئان خوێن

جۆریەتی داڕشتنی کتێبەکە :

1 کورتەیەک لە  سەرەتای ژیانی دڵداری شاعیر

2 باسکردنی ژیاننامەی شاعیرانی تر بەکورتی

3 دەسپێکی هەوڵەکانی دڵداری شاعیر بۆ بەرەوپێشچوونی لەڕووی شیعر

4 خوێندنەوەیەک بۆ شۆڕشی گەلان

5 خوێندنی ئامادەیی دڵداری شاعیر

6 دامەزراندنی حزبی هیوا

7 گەورەبوونی حزب

8 دامەزراندنی کۆماری مهبات

8 بڵاوبوونەوەی شیعری ئەیڕەقیب

10 پچڕانی پەیوەندی دڵدار و حزبی هیوا

11 دوا هەوڵ بۆ شۆڕش

12 دڵدار کۆچی دوایی دەکات

ئەو هاوارەی نەبیسترا چیمان فێردەکات ؟

دڵداری شاعیر فێرمان دەکات کە دەسکەوتە گرنگ و گەورەکان بە ئاسانی بەدەست نایەن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە نەتەوە و نیشتیمانەوە هەیە. بێگومان، ئەمە پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت بوەستین و دەبێت بەردەوام لە هەوڵدا بین بۆ داهاتوویەکی دوور، بۆ ئەوەی ئازادی، ئارامی و ئاسوودەیی زیاتر بەدەست بهێنین. سەرەڕای سەختی ڕێگاکە، دەسکەوتەکان شیرین و شادیهێنەرن، بە جۆرێک کە مرۆڤ نوقمی خۆشی دەکەن.

وتەیەکی کتێبەکە :

نەمدەزانی چ دەنووسم، وەک تەرزە وشەکان بەر کاغەز دەکەوتن، کاغەز لەدەستمدا لۆچ دەبوو، کون کون دەبوو، دەدڕا، هەموو گیانم ئارەقی لێدەچۆڕایەوە. وەک عاشقێک دەبوو بنووسم، دەمنووسی و دەمسڕییەوە. ئەنگوستم وەک پێنج چەقۆ لە کاغەز و قەڵەم ئاڵابوون. دەستم خوێنی لێدەهات. باکم نەبوو، با ئەنجن ئەنجن بێت جەستەم، با وەک هەڵۆیەکی ناو قەفەز خەریکی خواردنی خۆشم بم، دەبوو بنووسم. دوواجار نووسیم : ( کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە ).

ناونیشانی کتێب :

ناوی کتێب : ئەو هاوارەی نەبیسترا

چاپ : یەکەم – 2022

ناوەندی بڵاوکار : نووسیار

جۆری کتیب : ڕۆمان

ناونیشانی کتێب : کوردی

بابەتی کتێب : ژیاننامەی دڵداری شاعیر

نوسەر : ئارام محەمەد

ژمارەی پەڕ : 200