274757625_4854002201349121_2467942306778455851_n

2022/02/24

لە بارەی ئەو هاوارەی نەبیسترا

 ڕێبین فەتاح
“ئەو هاوارەی نەبیسترا”، ڕۆمانێكی نوێی ئارام محەمەدە، ئەو، دیوێكی دیكەی دڵدارمان پیشان دەدات، لە ڕێگەی دڵداریشەوە، بیركردنەوەیەكی دی، ڕەوتێكی دی لە ”شۆڕش” و خەباتی سیاسی، كە نەبیسترا، یان بیسترا و پشتگوێ خرا.
بەڕاستی دەكرا شۆڕش لە ”شار”ەوە خاوەنداریەتی بكرێت و لە ”شاخ” داببەزێت؟ بەڕاستی دەرفەتی خەباتێكی شارییانە هەبوو؟ جگەلە دەنگی تفەنگ هیچ دەنگێكی دی توانای بیستنی دەبوو/دەبێت؟
هەرچەند، گەلەک زوو، شاخ و شاریش خاوەنداریەتییان لە ”ئەی ڕەقیب”ەكەی دڵدار كرد، چونكە ئەو وێنەیەی ئەی ڕەقیب دروستی دەكرد، بە ئاگا و نائاگا پەسنێتی بە شاخ دەدا، هەمان وێنە هێماییەكانی شاخی بەهادار، بەرز و پیرۆز ڕادەگرت/ڕاگرتەوە.
“ئەی ڕەقیب” خزمەتی بەو ڕەوتە نەكردایە، وەك دڵدار خۆی، خاوەنداریەتی نەكرا، ئەویش هەر نەدەبیسترا!
دڵدار نابێت هەر تەنیا لەڕێی ”ئەی ڕەقیب”ەوە زیندوو بێت، زیاتر لەوەیە، یان جیاوازتر، ئەگەر ئامانجەكەش وەك یەك ئامانج دابنرێت، بەڵام ڕێی گەیشتن جیاوازە.
ئارام وەك لە ناونیشانی ڕۆمانەكەوە، پێمان دەڵێ نەبیستراوێك هەیە، كە دەبێت بیبیستین(یان، ڕەنگە دەبوو) ببیسترابایە. ئەو، دەمانخاتە بەردەم بەدەنگهێنانی نەگوتراوێك یان كەم-گوتراوێك، كە دەبوو زۆر بگوترێت، تا ببیسترێت.
ئەمن هەوڵدەدەم، لە دەرفەتێكدا هەندەك قسە لەسەر ڕۆمانەكە و ئەو دیوەی دڵدار بكەم كە خودی ڕۆمانە مێژووییەكە دەیەوێ بیڵێ. دڵنیام، ئێستا دەبێت بۆ ئەودیو ڕۆمانەكە بگەڕێینەوە، هاوارە نەبیستراوەكە لەوێیە.
ئێستا، ئێمە لەبەردەم هاوارێكی دیكەداین، كە ئارام لەڕێی ڕۆمانەكەوە دروستی كردووە، تا لە هاواری یەكەم بە ئاگامان بێنێتەوە. هاواری دووەم پردێكە بۆ گەیشتن بە هاواری یەكەم، وەك گەیاندنی نامەیەك لەڕێی قاسیدێكەوە.
تەمەننا دەکەم، ئەو هاوارە ببیسترێت. ئەو هاوارە، مێژوویەک و ڕابردوویەکی تێپەڕ نییە، لە ئێستاماندا و لە پێشماندایە.