274494938_999157990683285_1259140868391768372_n

2022/02/25

دڵدار.. ئەو تاکە هاوارەی کورد کە باش بیسترا

کوردۆ شابان
لە ڕۆمانی “ئەو هاوارەی نەبیسترا”ـی ئارام موحەممەددا
“چ داوەشانێکە، پێ لە جەرگی خۆت بنێیت و ئاڵایەک بەرز بکەیتەوە کە ئاڵای تۆ نییە.” ئەمە گوتەی دڵدارە، کاتێک زۆر بە ئاسانی دەیتوانی لە دواناوەندی یەکەم بێت، بەڵام بە مەبەسەت باش وەڵامی نەداوەتەوە، چونکە دەبوو یەکەمەکان ئاڵای عێراق بەرز بکەنەوە. (مرۆڤ بە مەزنی لەدایک دەبێت.)
بەرایی
هیچ کۆمەڵە وشەیەکی کورد کە پێکەوە ڕستەیان لێ دروست کرابێت، لە مێژوودا، هێندەی “ئەی ڕەقیب، هەر ماوە قەومی کوردزبان” و ڕستەکانی دەستەخوشکی کە لە ژێریدا دێن، ناوبانگیان پەیدا نەکردووە. نە خانی، نە نالی، نە حاجی قادر… بەو مەزنییەی خۆیانەوە. ئەم شیعرە و ئەو سروودە، تاکە کۆمەڵەدێڕن کە هەرچی بە کوردی بدوێت، لە هەر کوێی دونیا بێت، هیچ نەبێت بەیتی یەکەمی لەبەرە. تەنیا کوردی ئەم سەردەمەش نا کە ژمارەمان بۆ سەروو پەنجا ملیۆن دەچێت، بەڵکوو چەند نەوەیەکی پێشتریش پێی ئاشنا بوون. “ئەی ڕەقیب” سروودی نیشتمانی کوردستانە، نەوەک تەنیا سروودی نیشتمانیی کوردستان. ئاوازی ئەو سروودە، بە گوێی هەموو نەتەوەکانی دونیا و خاکی وڵاتانی جیهاندا زرنگاوەتەوە کە ئەمەش شتێکە هەرگیز پێشینەی نەبووە و جێگرەوەشی نابێت. خاوەنی ئەم سروودە کە سەتان ملیۆن کوردی بەپێی نەوە جیاوازەکان و زیاتر لە ملیارێک مرۆڤی دونیای بڕیوە، کێیە؟ نازانین!
ئەی ڕەقیب، شیعری دڵدارە. دڵدار، شاعیرێکی کۆیی بووە، لە نیوەی یەکەمی سەتەی ڕابردوو ژیاوە. زەینەب خانی خوشکی، هاوڕێ شاعیرەکانی و کەڵەکەبووی مێژووی شارەکە لە بیری کوردایەتیدا، دروستیان کردووە. لە تەمەنێکی گەنجیدا مردووە… ئێمە سەبارەت بە خاوەنی بڵاوترین دەقی کوردی، هەر ئەو چەند ڕستەیە، تۆ بڵێ چەند ڕستەیەکی دیکە دەزانین و تەواو! کەواتە ئەگەر ڕۆمانێک ژیانی ئەو کەسەی گێڕابێتەوە، دەبێت چەندە مەزن و گرینگ بێت؟
“ئەو هاوارەی نەبیسترا” ئەو ڕۆمانە مەزن و گرینگەیە.
هەر خۆی بیرکردنەوەی گەنجێکی خوار چل ساڵ کە ڕۆمانێک لەسەر دڵدار بنووسێت، لە سەردەمێکدا بەهای بەها گەورەکان بەتاڵ بووەتەوە و شتی هیچوپووچ جێی گرتووەتەوە، شایەنی ستایشێکی گەورە و دەستخۆشییەکی مەزنە. ئەو کەسەش “ئارام موحەممەد”ـە کە خۆی پێشتر چەندان ڕۆمان و چیرۆکی نووسیوە. نەوەک هەر ڕۆماننووسە، شارەزای تەواوی تەکنیک و قوتابخانەکانی ڕۆمانە و هیچی لەو ژانرە لێ بزر نییە. کاتێک ڕۆمانێکی ئاوا دەنووسێت، بە دڵنیایییەوە دەزانێت چی دەکات و چۆن بینووسێت. ناوبانگی دڵدار لە بەرهەمێکی کرچوکاڵدا خەسار ناکات و ناوبانگی خۆشی ناخاتە ژێر هەڕەشەوە.
ڕۆمانەکە
“ئەو هاوارەی نەبیسترا” بریتییە لە چیرۆکێک و ڕۆمانێک لەناو یەک کتێبدا. چیرۆکەکە خوێنکارێکی زانکۆی سەڵاحەددینە لە ساڵانێکی نزیک لە ئێستە؛ ڕێک ئەو کاتەی بازاڕی نیشتمان دروست دەکەن. بۆ کۆنفرانسێک لەسەر “دڵدار” بەشدارە، بەڵام بابەتەکەی پێشکەش ناکات و پێی حەیفە ئەو هەموو سەرچاوە و بابەتەی کۆی کردوونەتەوە، لەوێدا خەساری بکات، بەڵکوو وا باشە لە گەڕانەکانی بۆ دۆزینەوەی زیاتر لەسەر شاعیری ئەی ڕەقیب بەردەوام بێت. لەم کتێبەدا، ئەم ڕۆژە کە لە کۆنفرانسەکە هەڵاتووە و چوار ڕۆژی دیکەی دەگێڕێتەوە و وەگێڕ تێیدا بەزۆری کەسی دووەمی تاکە و دواتر دەگۆڕێت بۆ کەسی یەکەمی تاک. لە پاش هەر ڕۆژێکی ئەم توێژەرە، ژیانی دڵدار دەست پێ دەکات کە گێڕەرەوە دڵدار خۆیەتی و بە کەسی یەکەمی تاک زۆربەی ڕۆمانەکە دەڕوات و له هەندێک شوێندا دەبێتە کەسی سێیەمی تاک، وەک ناچارییەک، چونکە ئیدی باسی مردنەکەیەتی.
ڕەنگە هەر تەنیا یاریکردن بە تەکنیک نەبێت کە ئارام موحەممەد چیرۆکی گەڕانی خوێنکارێکی بۆ ژیانی دڵدار کردبێتە ڕۆمانەکەوە، لەوانەیە ویستبێتی باسی خۆی بکات، ئاخر وەک لە درێژەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا دیارە، ساڵانێک گەڕان و کۆششی ویستووە تا توانیویەتی لەسەر ژیانی ئەو شاعیرە بنووسێت. بەڵگەیەکی دیکەم بۆ ئەمە، زۆر گوتە هەیە کە لە ڕۆمانەکەدا دەبوو بگوترێن و نەیگوتوون، لەم پێنج ڕۆژەدا هەندێکی باس کردوون. بۆ نموونە بە ڕوونی هەستێکی نەتەوەییی ئاوێتە بە بیری چەپ لە هەمبەر تێکدانی گۆڕستانێکی گەورەی هەولێر بۆ بازاڕی نیشتمان دیارە و دژایەتیی ئەو کەپیتاڵیزمەیە کە ناسنامەی وڵاتەکەی دەشێوێنێت و پێمان دەڵێت، کێ ناڵێت لەناو ئەو گۆڕستانەدا کە کرا بە بازاڕ، دەیان دڵدار نەشاردراوەتەوە؟ هەر لەوێ ڕۆحی دڵدار دێتە دەر و لەگەڵ گۆڕەکانی دیکە دەکەوێتە گفتوگۆ و دڵیان دەداتەوە.
پێم وایە نووسەری ڕۆمانەکە، هێندە بە ترس و ئەمانەتپارێزییەوە ئەو ڕۆمانەی نووسیوە، ئێستەیش کە بڵاوی کردووەتەوە، هەر دەترسێت. ئەم ترسە بۆ ئەوەی هیچ شتێک نەڵێت کە دوور بێت لە ژیانی دڵدار. خۆی لە حاشییە و نەست و فلاشباکی ناپێویست پاراستووە، تەنیا ئەو زانیارییانەی بەیەکەوە لکاندووە کە لەسەر ئەو شاعیرە و ماڵباتەکەی کۆی کردوونەتەوە. ئەم ترسە، لە هەندێک شوێندا وات لێ دەکات بڵێیت: دەبوو ئاوا لەکۆڵی نەکاتەوە!
من نازانم ئەمە ڕۆمانە لەسەر ژیانی دڵدار، یان دڵدار و زەینەب خان؟ بەلای منەوە جوانترین خاڵی درەوشاوەی ڕۆمانەکە ئەم فەرامۆشنەکردنەی ڕۆڵی خوشکی دڵدارە لە دروسبوونی کەسایەتیی برا بچووکەکەی و تەنانەت بەخشینی ناسناوی “دڵدار” پێی، لە کاتێدا لە ژیانیدا دڵداری نەکردووە. بەڵام وەک زەینەب دەڵێت، دڵداریییەکەی یوونس لەگەڵ نیشتمان بووە.
هەر بەڕاستی دڵدار موعجیزە بووە. تەنیا سی ساڵ ژیاوە. پازدە ساڵیان منداڵییە و تەنیا پازدە دەمێنێتەوە کە توانیویەتی تێیدا ببێتە هۆکارێکی دروسبوونی حیزبی هیوا، دانانی دەیان شیعر، نووسینی چەندان وتار و دەیان کۆبوونەوە بۆ بیری نەتەوەیی و نامەی گرینگ.
خاڵێکی جوان کە لەم ڕۆمانەوە فێری دەبین، پتەویی پێوەندی نێوان شارەکانی کوردستانە، یان با بڵێین پتەویی نێوان ڕووناکبیرانی شارەکانە، هەروەها ئاگابوونیان لە هەر شتێک کە لە هەر شارێکیان ڕوو دەدەن. هەروەها پێمان دەڵێت کۆیەی سەردەمی دڵدار چەندە جومگەیەکی گەورەی بیری نوێ بووە، بەشێوەیەک دڵدار لە شارەکەی خۆیدا یەکێک بووە لەو دەیان ڕووناکبیر و شاعیرەی هەمان بیر و هەستی نەتەوەیییان هەبووە.
ئەم بەرهەمە بە ڕۆمانێکی مێژوویی هەژمار ناکرێت، چونکە نووسەر هەوڵی نەداوە لەڕێی دڵدارەوە، ژینگە و باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی سەردەمەکە بگێڕێتەوە، (جگە لە ناوهێنانی کۆمەڵێک ناسراو یان گەڕەک و چایخانەی سەردەمەکە وەک کۆمبارس) بەڵکوو لە چوارچێوەی دڵداردا خۆی قەتیس کردووە. ئەمەش دیارە بە مەبەست کراوە، هەر بۆیە دڵدار خۆی گێڕەرەوەی زۆربەی ڕۆمانەکەیە. هەروەها لە شەوی پێش مردنەکەی نەبێت، بەتەوای خۆی لە کات شاردووەتەوە. وەک دەزانین ڕۆمانێک بۆ ئەوەی مێژوویی بێت، پێویستە کاتەکان ڕوونتر بن.
ماڵی باوکی دڵدار، وێڕای ئەوەی لە ئاستێکی باڵای ڕووناکبیریدان، وەک هەر ماڵێکی دیکە، شەڕ و دەمەقاڵێشیان دەبێت و نەیکردوون بە ئەفسانە. وەک هەر کوردێکی دیکە و ڕەنگە کەمێک زیاتریش ناچاری ماڵگواستنەوەن. ڕەنگە ئەم ماڵگواستنەوانە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر و لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە، بەشێکی دروستبوونی دڵدار بووبن.
شێخ مەحموود، لە دیدی هەندێک کورددا، دەرەبەگە، لە دیدی هەندێکی دیکەدا مەلیکی کوردستانە. بۆ دڵدار، داینەمۆی کوردایەتی و نموونەی ئازایەتی و نیشانەی کۆڵنەدانە. ئەو ڕۆژەی شێخ دوور دەخرێتەوە، دڵدار گڕ دەگرێت و ناگیرسێتەوە. پڕ بە گەرووی هاوار دەکات: “هەر ماوە قەومی کوردزبان” و ئەو شیعرە دەچڕێت. تەنانەت دڵی بەوە ئاو ناخواتەوە کە دەبێتە سروودی حیزبی هیوا. ئەو ڕۆژە لە برینی شێخ سارێژ دەبێت کە پێشەوا و هاوڕێکانی لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا لە مەهاباد، سروودی “ئەی رەقیب” دەخوێننەوە. لەو ڕۆژەشدا وەک چۆن بەناوی باوکی کۆچکردوویەوە ئاهەنگ دەگێڕێ، مەلیکیشی هەر لە یادە.
ئەم ڕۆمانەم هێندە خۆش دەوێت، پێشنیازم بۆ دەیان کەس کردووە بیخوێنێتەوە و بە دیاری بۆ چەندانم کڕیوە. هیوادارم لەڕێی ئەم بابەتەشەوە، سەتان و هەزاران ڕۆمانەکە بخوێننەوە.
هەندێک وردە تێبینی
1- لە ڕووی زمانەوە. بە کوردییەکی ڕەوان و سادە نووسراوە. دیارە ڕۆماننووس مەبەستی بووە هیچ گرێیەک نەهێڵێتەوە، چونکە پێویستە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بگاتە دەست هەموو کوردێک. لە ڕووی ڕێزمان، ڕێنووس و خاڵبەندیشەوە، لە پلەیەکی باڵادایە، بەڵام بێ گرفتیش نییە. بۆ نموونە:
– “دا”ـی پاشگر نەوەک لە شوێنێک و دوو شوێن، لە سەتان شوێندا پێویست بووە هەبێت و فەرامۆش کراوە.
– بەگشتی کێشەی تاک و کۆی زۆری تێدایە. ڕستە بە کۆ دەست پێ دەکات، بە تاک تەواو دەبێت یان پێچەوانەکەی: “ئەو منداڵە زۆرزانەم هەبن.” لاپەڕە 64: ئەو منداڵە زۆرزانەم هەبێت. یان: ئەو منداڵە زۆرزانانەم هەبن.
– “نووسینم دەڵێی لەبیر چووەتەوە.” لاپەڕە12. دەبوو بنووسێت: دەڵێی نووسینم لەبیر چووەتەوە.
– زۆر کەس لە دروستکردنی ڕستەی نەرێیی هەڵە دەکەن. نووسەری ئەم ڕۆمانەش بە هەمان شێوە لە چەندان شوێن کەوتووەتە ئەو هەڵەیەوە. “نە زەینەب و نە یونسیش باوەڕیان بە بابەتەکە نییە.” لاپەڕە42. خۆی دەبوو بڵێت: نە زەینەب و نە یوونسیش باوەڕیان بە بابەتەکەیە. یان: زەینەب و یوونسیش باوەڕیان بە بابەتەکە نییە.
– دەستی پێ کرد. “پێ” دەبێت جیا بێت. هەندێک دەڵێن جیا نییە. نووسەر لەسەر کام ڕایە؟ نازانم. هەردووکی بەکار هێناوە. تەنانەت لە ڕستەیەکدا هەر جارە بە جۆرێک بەکاری هێناوە: “گاڵتەیان پێ کردم و جنێویان پێدام.” لاپەڕە43.
– گفتووگۆ، هەڵەیە. گفتوگۆ، ڕاستە. نەدەمگوت، هەڵەیە. نەمدەگوت، ڕاستە. بینیبوونم، هەڵەیە. بینیبوومن، ڕاستە. لە ئاسەف بیستم، هەڵەیە. لە ئاسەفم بیست، ڕاستە… زۆری تر.
2- دوو جار لەم ڕۆمانەدا باوکمردنی تێدایە. هەردوو جارەکە بە سادەیی تێ دەپەڕن. جارێکیان باوکی ئەو خوێنکارەی توێژینەوە لەسەر ژیانی دڵدار دەکات: “باوکت مرد، ماڵتان گواسترایەوە.” لاپەڕە87. جاری دووەمیش مردنی باوکی دڵدارە. خۆی لە ڕۆماندا باوکمردن یان کوشتنی باوک، ماددەیەکی چڕی چەوری چاکە بۆ قسەی زۆر. ڕەنگە نووسەر ویستبێتی لەو شوێنەی کە هەموو ڕۆماننووسێکی دیکە بێزووی پێوە دەکات، بە مەبەست سادەی بکاتەوە، یان نەیتوانیبێت هەستەکانت پێ بڵێت!
3- من سێ جار لەم ڕۆمانەدا بەڕاستی گریام. جاری یەکەم، مردنەکەی وەفایی بوو. جاری سێیەم، ئەو ڕۆژە بوو کە هەواڵی کۆماری مەهابادیان پێ دەگات و دەیکەنە شایی و دراوسێش وا دەزانن ژنی هێناوە. زۆر جوان توانی یاری بە دەمارەکانی هەستم بکات. لە هەموو جارەکاندا دەمگوت: دەبێت لە مردنەکەی دڵدار خۆیدا چیم بەسەر بهێنێت؟ هیچ! زۆر سادە ڕۆیشت. لەوێشدا زیاتر بیری لەوە کردووەتەوە، چۆن گەورەییی زەینەب خان نیشان بدات.
4- دوایین ساتەکانی ژیانی دڵدار، لەگەڵ “عومەر حەبیب” بووە کە برادەرێکی نزیکی بووە. هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە ئەو عومەرە، برابچووکی “عەونی” بووە کە پێشتر چەندان جار باسی کراوە. یان ڕەنگە نەیزانیبێت.
5ـ لە مشتومڕی نێوان دڵدار و “ڕەفیق حیلمی”ـدا، ئیدی لە ڕۆمان دەردەچێت و دەبێتە یاداشتنامه. تەکنیکی زۆر تێدا نامێنێ، جگە لەوەی بۆمان بسەلمێنێت لەو گرفتەدا دڵدار لەسەر حەق بووە. زۆر بە درێژی چووەتە ناوی، لە کاتێکدا لە شوێنی دیکەدا کە شایەنی قووڵبوونەوەی زیاتر بوو، بە خێرایی ڕۆیشتووە.
کاک ئارام، سوپاس بۆ ئەو ڕۆمانە مەزنە، جێگەی شانازییە و کوردایەتیمانی پێ گەشاندەوە.