494288464_1234305945363881_2118388631012586992_n

2025/05/09

نەمرەڕێ… تێهەڵکێشی عیرفان و مێژوو و ئەفسانە و باوەڕی کوردی

جووتیار قارەمان

چامە-کتێبی “نەمرەڕێ”ـی پێشەوا کاکەیی دەقێکی شیعریی داهێنەرانەیە، چ لەڕووی ڕووکارەوە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە. پێشەوا وەک هەمیشە دەستی بۆ لایەنگەلێکی شیعر بردووە کە ڕەنگە بتوانین بڵێین پێش ئەو هیچ شاعیرێکی کورد بەو جۆرە قووڵە دەستی بۆ ئەو لایەنانە نەبردووە. ئەو هاوکات کاری لەسەر زمان و عیرفان و ئەفسانە و مێژوو و بیروباوەڕی کوردەواری و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی کردووە.
لە لایەنی شیعریەتەوە پڕە لە وێنەی هونەریی زۆر بەرز، هاوکات زمانێکی دەوڵەمەندی ئەدەبییانەی بە کار هێناوە کە بە وردەکارییەکەی سەرسام دەبیت. لێکچوواندن و وێنە هونەرییەکانی بەڵگەی خەیاڵێکی فراوانی نووسەرن.
ئاوڕدانەوە لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر و ڕەخنەگرتن لە ژیانی هاوچەرخی سەرمایەدارانە و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی درۆزنانەی زڕ بە زمانێکی پڕ لە نیشانە و هێما بەڵگەی هزرین و ڕامانێکی زۆری شاعیرن.
ئەم دەقە ئەدەبییە شایانی گەلێک جۆری جیاوازی لێکۆڵینەوەیە بە تایبەت لە ڕووی نیشانەناسی و هێرمنۆتیکییەوە بۆ ئەوەی ئەو هێما و نیشانە هەراو و بە لێشاوەی نێو دەقەکە لێک بدرێنەوە و خودی دەقەکەی پێ ڕاڤە بکرێت.
ئەم نەمرەڕێیە یەکێک دەبێت لەو دەقانەی کە لە بیرمدا دەمێنێتەوە و، لە دڵەوە دەیڵێم کە بە هەموو شتێکی ئەم چامە-کتێبە سەرسام بووم هەر لە شێوازەوە تا وردەکارییە زمانی و هزرییەکانی ناوی. پێشەوا ئەگەر بە تەنیا ئەم چامە-کتێبەی هەبێت، بەسە بۆ ئەوەی وەک شاعیرێکی داهێنەر و گەورە سەیر بکرێت و جێی تایبەتی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆ دابنرێت.
نەمرەڕێ قسەی زۆر هەڵدەگرێت و من لە سۆنگەی بێدەرفەتی و کەم‌کاتیمەوە – بە داخەوە لەم کاتەدا – هەر ئەمەندەم بۆ دەلوێت لەسەری بدوێم. هیوادرم خۆم لە داهاتوودا و توێژەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی لە هەر کاتێکدا بە وردی ئاوڕی لێ بدەینەوە و کاری لەسەر بکەین.