6532e84f-7f5a-4f62-9a47-f5daa4266135

2025/05/01

پۆڵ ئاستر و سیحری گێڕانەوە

هاشم ئەحمەدزادە  

پێشەکی بۆ چاپی دووەمی دەفتەری سوور

کە پۆڵ ئاستر لە تەمەنی ٧٧ـساڵیدا ماڵاواییی لە ژیان کرد، کەم نەبوون کەسانێک کە ئاوڕیان لە تایبەتەنمدییەکانی شێواز و ناوەڕۆکی ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە بلیمەتە داوە و لە بیرەوەریی نووسینەکانیدا یادیان بۆ هەمیشە لە دڵی خۆیاندا زیندوو هێشتەوە. ڕەنگە جیاوازیی مەرگی نووسەرانی سەرکەوتوو لەگەڵ هەموو چینوتوێژەکانی ئەم جیهانەدا ڕێک ئەوە بێت کە ئەوان بە هۆی کارەکانیانەوە بە بەردەوامی لە یادی هەموو جیلەکاندا دەمێننەوە و دەبنە سەرچاوە و ئاوێنەیەک بۆ ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و تێگەیشتن لە شێوازی ژیان و هزری کۆمەڵگە جیاوازەکان. ئەمە ڕەنگە بە پلەی یەکەم ئەو ئەرکە بێت کە دەکەوێتە سەر ئەستۆی مێژوونووسان. بەڵام بەرهەمی مێژوویی، سەرەڕای سەرکەوتووبوونی بە هەموو پێوەرەکانی مێژوونووسی، ناتوانێت ڕۆڵ و دەوری ڕۆمانێک بگێڕێت. ئەگەر لە بەرهەمی مێژووییدا ڕووداوەکانی سەردەمانێکی دیاریکراو باس دەکرێن، ئەوە لە بەرهەمی ئەدەبیی تەرخانکراو بە گێڕانەوە، نەک هەر باس لە ڕووداوەکان دەکرێت بەڵکوو ئافرێنەرانی ڕووداوەکە بە هەموو تایبەتمەندییەکانیانەوە دەژێندرێنەوە و وەک شانۆیەکی سەرکەوتوو، دوێنێ دێننەوە بەرچاوی خوێنەر. بە واتەیەکی دیکە ئەوە لە ڕێگەی تۆلستۆی ڕووسییەوەیە، کە ئێمە دەچینە بنجوبنەوانی شەڕی فەڕانسە و ناپۆڵیۆنەوە. ئێمە لە شەڕ و ئاشتیدا هەر ئاگەداری تێکشکانی سەربازیی ناپۆڵیۆن و کوژرانی زیاتر لە چوارسەد هەزار سەربازی ئەو نابین، بەڵکوو لەگەڵ هەموو چرکەکانی ژیانی ئەو فەرماندە سەربازییانە ئاشنا دەبین و وەک ئەوەی شاهیدی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان بین و لە هەمان کاتدا کەسێکیش کامێرایەکی دەروونبین بخاتە سەر زەینی کاراکتەرەکان، ئاوا بەرەو پیری دیاردە مێژوویییەکان و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان لە چوارچێوەی ڕووداوەکاندا دەچین.

پۆڵ ئاستر وەها نووسەرێکە. ئەو دەمانباتە نێو هەناوی ڕووداوە مێژوویییەکان و لە پەرچەکرداری مرۆڤەکان لە گێژاوی کارەساتەکانی ژیان ئاگەدارمان دەکاتەوە. ئەو لە ڕێگەی گێڕانەوەی کۆمەڵێک ڕووداوی ساکارەوە دەمانباتە نێو جیهانی ئاڵۆزی پرسە بوونناسییەکانەوە و ئاوەز و هەستمان دەکاتە سەیرانگەی وردبوونەوە لە هەبوون و نەبوونمان، لە مان و نەمانمان، لە خەون و بێداریمان، لە شادی و پەژارەمان و هتد. پۆڵ ئاستر لە جیهانێکدا کە ئاوڕدانەوە لە ئەدەبی جددی و خوێندنەوەی کتێب زیاتر لە هەمیشە ڕووی لە کزی دابوو، بە شێواز و ناوەڕۆکێکی پۆستمۆدێرنەوە بوو بە داهێنەری جۆرێک لە گێڕانەوە، کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤی کەمتەرخەمی سەردەمانی دەسەڵاتی بێئەملاوئەولای پووچی و مشەخۆری لەگەڵ هیوا و حەزی ژیان. ڕوانینی ئەو بۆ پرسە فەلسەفی و هەستیناسییەکان لە داڵانی ڕووداوە تەواو ئاسایی و هەڵکەوتە چاوەڕواننەکراوەکانەوە دەهاتە نێو خەڵوەتگەی زەینی خوێنەرەوە و پێی دەگوت دیسانەوە لە بوونی خۆی و دەوروبەری ورد ببێتەوە و بزانێت کە ژیان بە هەموو ڕووە سەیروسەمەرەکانییەوە، ناکرێ پشتگوێ بخرێت. هەڵکەوتەکانی ژیان بەو جۆرەی لە جیهانی گێڕانەوەکانی ئەودا ڕەنگیان دەداوە، دەبوونە هاندەرێک بۆ بەردەوامی لە یاریی شانۆی ژیان. پۆڵ ئاستر دەتگوت چوارسەد ساڵ دوای شێکسپیر بە کردەوە وە بیرمان دێنێتەوە کە جیهان تەختی شانۆیە و ئێمە هەموومان یاریکەری ئەم شانۆیەین. پۆڵ ئاستر دەتگوت میراتهەڵگری ئالبێر کامویە بۆ خستنەڕووی دیوی قورسی سیزیێفییانەی ژیان و وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییە، کە دواجار دەبێ لە هەورازونشیوی ژیاندا، لە پاڵپێوەنانی بەردە زلەکەدا بۆ لووتکە و دواتر لە گەڕانەوە بە شوێنیدا بۆ داوێنی چیاکە، ماندوونەناسانە بەردەوام بین و بیسەلمێنین، کە براوە و سەرکەوتوو ئێمەین. ئەمەش ڕێک بەخشینەوەی مانایە بە مەتەڵۆکی بوون و ژیان و سەرکەوتنە بەسەر کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم بەردەوامبوون لە ژیان. دەستەمۆکردنی هەموو ئاڵنگارییەکانە و پێکەنینە بە نەهامەتییەکان و هەڕەشەیان لە چێژبردن لە چرکەساتەکانی بوون.

کاتێک زیاتر لە ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا دەفتەری سووری پۆڵ ئاسترم وەرگێڕا سەر زمانی کوردی، هەستم دەکرد بە خوێنەرەکەم دەڵێم ئەگەر لەنێو جەرگەی ژیانی پڕ لە پەشێویی ڕۆژاوادا نووسەرێک ڕادەبێت و پەنا بۆ پەڕجووی گێڕانەوە دەبات تا بە ڕستەی کورتی هێمینگوایییانە داستانی درێژی بەشەر بگێڕێتەوە و ژیان بخاتەوە بەر جەستەی هیلاکبووی مرۆڤی سەردەم، ئەوە ئێمەی کورد بۆ تێگەیشتن لە تراژیدیای نەتەوەییمان، دەبێ جارێکی دیکە و لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری هەموو ئەو فاکتەرانە بکەینەوە کە دەستیان لە بردنی چارەنووسی ئێمە بەو ئاراستەیەدا هەبووە. ڕەنگە وەڵامی ڕاستەوخۆ لە کتێبەکانی ئەودا بۆ پرسیارگەلی لەم چەشنە نەبێت، بەڵام خۆ شێوازی ڕوانینی ئەو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، کە ئێمە جۆرێکی دیکە لە دیاردەکان و هۆکارەکانی پشت بیچمگرتنی لەم جۆرەیان بڕوانین. خۆ دەکرێت باوەڕ بێنین کە ئاڵۆزیی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگە ئەوەمان بیر دەخاتەوە، کە گەڕان بە شوێن وەڵامدا دەبێ دواجار بە ئاواتی خۆشی و شادی و بەرزەفڕییەوە بڕازێنرێتەوە. پۆڵ ئاستر لە هەناوی هەموو شتە ساکار و بێماناکانی دەوروبەرماندا بەهانە و بنەمایەک بۆ لێوردبوونەوە دەدۆزێتەوە.

دەفتەری سووری ئەمجارە بووەتە هاوماڵی چاوپێکەوتنێکی فرەڕەهەندی پۆڵ ئاستر، کە تیشک دەخاتە سەر پێشینەی ژیانی و ڕوانگەکانی ئەو لەسەر نووسین و فەلسەفەی مانەوە و بەردەوامبوون. ئەم چاوپێکەوتنە زۆر بەر لە نووسینی دەفتەری سوور بەڕێوە چووە و نیشان دەدات پۆڵ ئاستر چەندە بەتێبینی و ئاگایی و پلانەوە بەرەو جیهانی نووسین هەنگاوی ناوە و چۆن هزرە دەوڵەمەندەکەی ڕێپێشاندەری بەرهەمە ئەدەبییە هەرمانەکانی بووە.

هەوڵی هاوڕێی ئازیز کاک ئالان پەری بۆ ئامادەکردنی دووبارەی دەفتەری سوور و بۆ پێشنیاری لکاندنی چاوپێکەوتنێکی پۆڵ ئاستر بە دەفتەری سوورەوە، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینە. ئاواتەخوازم خوێنەرانی ئەم دەورەیەی دەفتەری سوور چێژ لە خوێندنەوەی ڕووداوگەلیک وەربگرن، کە ئیتر ئافرێنەرەکەی لەنێوماندا نەماوە و بووەتە نموونەیەکی دیکە بۆ بەردەوامیی ژیان دوای مردن، وەک هەزاران نموونەی دیکەی نووسەرانی ئافرێنەر.