پریزمی وشەکان
ڕاستی عەلی
ئەگەر یادەوەریم درۆم لەگەڵ نەکا ڕەنگە ئەمساڵ هیچ کتێبێکم هێندەی ئاژاوەی بێدەنگ نەگرتبێت بەدەستمەوە وچاوم تێی نەبڕیبێت! ڕۆژێكیان وایلێهات لە پشتەوە بۆ پاش کتێبەکەم خوێندەوە و لە کۆتا دێڕەوە بۆ یەکەم دێڕ سەرم کردە سەری بەو هیوایەی هاوسەنگی و ڕێکبەندییەک بەدی بکەم، تەنانەت هاوشێوەی خوێندنەوەی زمانەوانێکی وەکو (مۆریس هاڵ) وەکو وێنەیەک لێی ووردبوومەوە نەوەک ئەمە تابلۆیەک بێت بە پیتەکان کێشرابێت، بەڵام سەرباری چڕکردنەوەی نیگای خوێندنەوە تا دەهات زایەڵەکەی زیاتر کەڕ و کاسی ئەکردم، ڕەنگە هەرگیز لە دەنگدانەوەش نەوەستێ. چاوگێڕان بە دێڕەکانیا تەنها بۆ خۆشی نییە، هەرچەندە چێژی خۆی هەیە، بەڵکو کورتهێنانی ئەو پاشکۆنووسراوانەیە کە لە ئاستیا نابینا بوون و ناوەڕۆکی کتێبەکەیان وەکو خۆی ئەنووسیەوە دووبارە. من پیشنیاری خوێندنەوەی ناکەم، پێشنیار ئەکەم بیخەنە قوتابخانەکان و پەیمانگا و زانکۆکان و لەڕیزی تەلەبەکان بیخەنە بەرچاوی مامۆستا و لەبەر چاوی تەلەبەکانیشا بیکەن بە مامۆستا و دواتر با دادوەر لێی بکۆڵێتەوە و پزیشک پشکنینی بۆ بکات و وەزیرەکان لێوەی فێربن و سەرۆکەکانیش ڕاوێژی پێبکەن. لەو دێڕەیا، پێشنیارێکی (گشتی)م نەکرد، بەڵکوو پێشنیارەکەم پەرشکردوو بەجۆرێ فڕێم دایە نێو دێڕەکانەوە پێکهاتەکانی بشێوێ بەسەریەکترا و چیتر چەقێک لەبەرچاوا نەبێت تا تیرەیەکی لێوە بکێشرێ. ڕەنگە ووردکردن و کەرتکردنی گەردەکان بۆ گەردیلەی بچووکتر و پەرشکردنیان لە بەکارهێنانی زماندا هەمان سیمای شیواو دروستکا و هاوسەنگی بەجۆرێ بگۆڕی لاسەنگی لە نێودێرەکانا کە نەزانی چۆن لەبەر چاوتا گێڕانی ئاژاوە لە گێڕانی ئاهەنگەوە پەیدا ئەکات. وە ئەمە یەکێك بوو لە ئەدگارەکانی ئەو تێکستانەی کە پێی ئەڵێن پۆستمۆدێرن کە ئۆرگان جێگەی لاشەی ئەگرتەوە لەبری کورسی تەختە و پلاستیک ئەبوونە شوێنی دانیشتن و لەبری ئەوەی ئینسانێك بە ئۆتۆمبیلێک جێت بهێڵی تەنها دەستێک لە جامێکەوە ماڵئاوایی لێ ئەکردی و لەبری باڵەخانە، تەنها کەرەستەکانی وەکو پەنجەرە و دیوار و سەربان وقاڵدرمەکان بدە بەخوێنەر لە چاویا بینایەکی پەشۆکاوە دروست ئەکەی. ڕەنگە ووشەی ‘مامۆستا’ کە لە ناونیشانی هۆنراوەیەکدا بەتەنها دائەنراوە و خاوەندارێتی ئەکرد، هەموو شکۆ و گەورەییەک لەدەست بدات گەر ووردکرێت و بڵاو بکرێتەوە بەسەر کۆمەڵێ هۆنراوەیا کە تەنها ژمارەی لاپەڕە ئەیانبەستێتەوە بەیەکەوە وەکو لاپەڕە ١،١٤،٢٢،٣٤،٤٢،٤٥،٦٦. بەڵام گەر چڕتر سەرنج بدەین هەر لە ناونیشانەوە بۆ ناوەڕۆک، واتە لە ئاژاوە و بۆ ناوکی ووشەکان، بەردەوام پریزمی دڕدۆنگی بەگەڕ خراوە کە لە هۆنراوەی یەکەما بۆشاییەک دروست ئەکا کە کات تیایا وەستاوە، دووەم هۆنراوە لە ناونیشانا یەکناگرێتەوە، سێیەم بەهەمان شێوە ناونیشانەکەی فیشەک و ڕێگا و دڵمان کە دواتر ئەگەڕێمەوە سەری، پێنجەم و شەشەم هەڵهاتن و تاوانی پرسیارئامێزن. ئەوانەی دیکەش بەهەمان شێوە بەردەوام ئەبن، تەنانەت لە هۆنراوەکانی پشتەوەیا بەجۆرێ ئاڵۆزی پەرەئەستێنێ کە پۆلیس و ئەلبێرت کاموی فەرەنسی و لیبای شاعیری چینی و بروتوسی پلانگێڕی یۆنانی تێ ئەکەوێ. ڕەنگە بەتەنها ووشەکان تێک هەڵپرژێن بەسەریەکا و دژەکانیان لە دەقێکا دابنرێتەوە و باسی ئەو ئەو ڕۆژانە بکەین کە لە کاتا قەتیس بوون یان ئەو سەفەرانەی هەرگیز نەڕۆشتوون هێندەی باسکردنیان بە دڕدۆنگی و نیشانەی پرسیارەوە باڵی بێدەنگی نەکێشێ بەسەر ئەگەرەکانا، هەربۆیە پرسیار کردن لە زانینی “تۆ” وەکو وەڵامێک ئەگاتە پرسیارکردن لە خوودی جێناوەکە، یاخود ئەکرێك بڵێم لە خودی زمان. شۆڕکردنەوەی پرسیار لە فەرهەنگی زۆرێك لە توێژەرەکانا، هەندێ ناوی سەیری وەکو بڕینی پەردەی ئێپیستیمۆلۆژییە بۆ ئۆنتۆلۆجی و ئیتر بە گومان ئەبیت لەوەی کە ئەمە شیعرە و تەنانەت هەندێ بە گومانن لەوەی کە کتێبی شیعری پرسیار لەسەر شیعر خۆی بکات و بۆچوونیان وایە کە جێی ڕەخنەی گرتۆتەوە و تەواوکەری خۆیەتی. هەربۆیەکە ئەبێت تێڕوانینەکان زیاتر بڕکەن و بڕۆنە دەرەوەی دەق و بەرەگ و چاپخانە و دامەزراوەی پاڵپشتی لەبیر نەکەین بە کۆمەڵگاکەشیەوە. یەك دێڕ لەکۆتاکان چاوی گرتم کە خوازەیەکی نوێی بۆ بدۆزمەوە، چونکە دیاردەی نووسین هەمیشە ئالودەی خوێندنەوەیە و وەچەی یەکترن بەڵام لێرەیا وێنەیەکی چاوەڕوانکراوم بەدی کرد. لەبەر ئەوەی شێوازی بەرهەم هێنان و بەکاربردنی کۆمەڵگای ئێمە لە میدیا هەمە جۆرەکانا کوڵاوە و شیعریش بەهەمان شێوە ئالوودەی ئەو فرە جۆرییە ئیتر ئەبێت هاوشێوەی خۆی سەرلەنوێ لە دەقە شیعرییەکانا لەدایک ببێتەوە. دەقەکە ئەڵێ
نووسیم : پرۆتوس ئە مێژووە دووبارە مەکەرەوە
نووسی: لەبەر ئەوەی هیچ نوایەک نییە خۆمی تیادا حەشار بدەم
تۆ شایت.
کێ قسە ئەکات لەم تێکستەیا؟ ڕەنگە پرسیارەکە هاوشێوەی مەرگی نووسەری (ڕۆلاند بارت) بێت کە ئەوە جێ ئەهێڵم بۆ کاتێکی دیکە و باسێکی تایبەت! ڕەنگە وا هەست بکەین کە ئەم وێنە شیعریانە تێکستی شانۆییە، یاخود لەوە ئەچێت لە فیلمەوە هاتبێ بەڵام لە ڕاستییا جۆرێکە لە گاڵتەکردن بە شانۆیەکی چەقبەستوو و شڵەقاندنی مێژوو. ڕەنگە یاری کردن بە فیشەکێکەوە کە نازانی ئەنرێ بە قاچەوە یان نا لە ل ١٧ و ٨٧ ا کە هاوشێوەی فیلمێك کە هەرگیز پەخش نەکراوە پێش و پاش بکا و هەر بەو گومانەوە بمان هێڵێتەوە. ڕەنگە ئەم تێهەڵکێشانە، هەر لە چاڵە ئاوی سەر شان و گۆزەکەی لەیلاوە هەتا چیرۆکە تەواونەکراوەکەی ڕامبۆ، کۆمەڵێ خوازە بن کە لە سینەماوە هەڵقوڵاون، بەڵام هەرچۆنێك بێت کامێرای چاویش لێرەیا هەمان دیمەنی دروستکردووە بەڵام بە گریمانە و گومانەوە. ڕەنگە زۆرم مابێت بیڵێم لەسەر و بەراوردی بکەم بە هۆنراوەی کۆمەڵێ شاعیری دیکە، بۆ نمونە ئەم کتیبە جیرۆکەکان تەواو ناکا هەرچەندە دێرەکانی هاوشێوەی هەندێ کتێبی دیکە ئازادە، بەڵام ئەوان چیرۆکێکی تەواو لە دێڕەئازادەکانیان ئەگێڕنەوە بە تێر و تەسەلی، بەڵام ئەمە هەڵئەگرم بۆ داهاتوو وە بە هیوای خوێندنەوەی زیاتر بۆ هەمووان.