خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی(کارمەندەکان)
دیلان سلام حمەفرەج
ڕۆمان: کارمەندەکان
چاپ: نووسیار
نووسەر: ئۆلگا ڕاون
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری
ئەم ڕۆمانە یەکەمین ڕۆمانی وەرگێڕدراوی نووسەری دانیمارکی(ئۆلگا ڕاون)ە، کە شاعیر و ڕۆماننووسێکی دانیمارکییە، لە ساڵی (١٩٨٦) لە کۆبنهاگن لەدایکبووە، دەرچووی بەشی نووسینی داهێنەرانەیە، لە ساڵی(٢٠١٠)دا یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی(سیلیستین) توانی سەرنجی ڕەخنەگران ڕابکێشێت و بووە براوەی خەڵاتی پایەداری(میکایل ستغونە)، (کارمەندەکان) یەکەمین ڕۆمانی وەرگێڕدراوی نووسەرە و توانی بگاتە شۆرت لیستی خەڵاتی بووکەری نێودەوڵەتی لە ساڵی (٢٠٢١)دا، کە لە لایەن وەرگێڕی بە توانا (ئالان پەری)یەوە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی وەرگێڕدراوە، ڕۆمانەکە بۆ زیاتر لە (٢٥) زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە، هاوکات خامەیەکی ئەدەبی گونجاوە بۆ شانۆ و لە وڵاتەکانی(پۆڵۆنیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، فەڕەنسا..) کراوە بە شانۆ و نمایشکراوە.
ئەم ڕۆمانە زانستی خەیاڵییە و بە زمانێکی شیعریی و بە کۆد نووسراوە، هاوکات زمانێکی فەلسەفیشی هەیە و لە درێژەی ڕۆمانەکەدا ئەوە دەردەخات، کە واتای ژیان تەنها لە ڕێگەی مردنەوە دەردەکەوێت، بێگومان نووسینی ڕۆمانێکی زانستی خەیاڵی کارێکی ئاسان نییە، پێویستی بە بیرۆکە و ڕۆشنبیریی و شارەزایی باشی ڕۆماننووس هەیە، ئەم ڕۆمانە لەو دونیا ئاوێتەیەی بایۆلۆژی و تەکنەلۆژیا دەدوێت، کە هەستەکانی مرۆڤ و تێگەیشتنەکان، هەروەها بارودۆخە هەستیارەکان سەبارەت بە پرسی مرۆڤ و گەشەی تەکنەلۆژیا لە داهاتوودا دەخاتەڕوو. تەکنەلۆژیا بەگشتی ڕووبەرێکی بەرفراوانی ڕۆمانەکەی داگیرکردووە، کە کاراکتەرەکانی بە زۆری(شێوەمرۆڤ) یان (ڕۆبۆت)ن، نەک مرۆڤ.
کورتەیەکی چیرۆکی ڕۆمانەکە دەخەینەڕوو، بیرمەندێکی تەکنەلۆژیا، لەگەڵ دروستکردنی نەوەی یەکەمی شێوەمرۆڤ”ڕۆبۆت” بیر لە گەشتێک دەکەنەوە، لە ڕێگەی کەشتی ئاسمانی”شەش هەزارەوە” بۆ هەسارەیەکی دیکەی هاوشێوەی زەوی، سەرنشینانی کەشتییەکە لە مرۆڤ و شێوەمرۆڤ پێکهاتوون، کە لە ڕۆمانەکەدا بە شایەت ناوبراون، کە ڕووداوەکانی گەشتەکە و کەشتییەکە دەگێڕنەوە، کە هەندێکیان لەوێ لەدایکبوون و لەوێ دروستکراون، لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی شیعریی و پەرتەوازەوە، کە پێویستی بە وردیی و قووڵبوونەوە هەیە بۆ تێگەیشتن ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، کارمەندانی کەشتییەکە لە هەسارەیەکدا بە ناوی” کەشفی نوێ” هەندێک تەنی نەناسراویان دۆزییەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەکراوبوو ئەو تەنانە هەست و سۆزیان لە کارمەندەکاندا دەورووژاند، وایان لێدەکردن حەزیان لێ بکەن، لە کۆتاییدا لیژنەیەک بۆ چارەسەری ئەم گرفتە پێکهێنرا، بڕیاردرا واز لە کەشتییە ئاسمانییەکە بهێنن و ڕێوشوێنی کۆتاییهێنانی بایۆلۆژی بێ جیاوازیی بۆ هەموو جۆرەکانی ژیانی کەشتییە ئاسمانییەکە بگیرێتەبەر، دواجار گەشتەکە لە دەرەوەی زەوی شکست دەهێنێت.
ڕۆژی (١ی ئایاری ٢٠٢٣) (جیفری هینتۆن) زانای باڵا و داهێنەری زیرەکی دەستکرد و قووڵ، دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و وازی لە کۆمپانیای گۆگڵ هێنا لە میانی دیمانەیەکدا لە (واشنت پۆست) ڕایگەیاند: ((کە ئەو پەشیمانە لەوەی تەمەنی بۆ شتێک تەرخانکردووە، کە ئێستا دەبێت دژی بێت))، ئەم لێدوانە دەمانباتەوە بۆ دووسەدە پێش ئێستا خانمە نووسەری بەریتانی(ماری شێلی) یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بە ناوی(فرانکشتاین) بڵاوکردەوە، کە تێیدا جیهانی شۆککرد ناوی خۆی بە زیندوویی هێشتەوە، لەم ڕۆمانەدا زانایەک بە کەرەستەی بێگیان و مردوو ڕۆحلەبەرێک دروستدەکات دوای دروستبوونی بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت، چیدی لە دەسەڵات و کۆنترۆڵی دروستکەرەکەیدا نامێنێتەوە، کە ئەمە هاوشێوەی سەرگوزەشتەی ئەفراندنە کاتێک خودا لە گڵ ڕۆح لەبەرێکی وەک ئادەم دروستدەکات و دواتر لە بەرهەمی دارێکی قەدەغەکراوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت، کە دەکرێت زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکانی ئەم ڕۆمانەش بە بوونەوەرێک بچووێنین، کە لە دەست ئافرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بە خاوەنەکەی نەگیرێت و بتوانێت ڕۆژێک بەسەر ئێسک و پروسکی خاوەنەکەیدا بڕوات.
لەم ڕۆمانەدا ئەوەی جیاوازییە لە نێوان مرۆڤ و شێوە مرۆڤەکاندا ئەوەیە، شێوە مرۆڤەکان بە ماوەیەکی زۆر کەم دروستدەبن و گەشەدەکەن و توانای کارکردنی بەردەوامیان هەیە، هەستی ماندووبوونیان تێدا نییە، بەڵام لە کارەکتەرە مرۆڤەکاندا هەستی ماندووبوون هەیە دوای ماوەیەک کاکردن ئارەزوو دەکەن دابنیشن و پشووبدەن، ئارەزوو دەکەن ڕۆژێکیان هەبێت کارنەکەن، توانای خەون بینینیان هەیە، نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ساڵەکانی تەمەن و ئەزموونە جیاوازەکان لای مرۆڤ هەن، بە بیست ساڵ مرۆڤ گەشەدەکات لە ڕێگەی ئەزموونەوە دەبێت بە کارکەرێکی باش و سەرکەوتوو، بەڵام شێوەمرۆڤەکان بە دووساڵ و بینینی چەند خولێکی ڕاهێنان دەتوانن زۆربەباشی کاربکەن. بۆ نموونە شایەتی(٠٣١)، کە شێوە مرۆڤێکە دەڵێت: ((من هەرگیز بێکار نەبوومە، بۆ کار دروستکراوم، هەرگیز منداڵیم نەبووە، هەرچەند هەوڵمداوە وێنای بکەم، هاوکارە مرۆڤەکەم جاری وا هەیە لە بارەی مەیلی ئیشنەکردنەوە قسەدەکات و پاشان شتێک دەڵێت تۆزێک بۆم سەیر و گەمژانەیە…)) دەتوانیت لە ڕێگەی ئەم دەربڕینەوە جیاوازیی نێوان مرۆڤ و شێوە مرۆڤ ببینیت.
ڕۆبۆتەکان ئاماژە بەوەدەکەن شتێکیان بە ناوی تەمەنی منداڵی لەبیرنییە، هەستیان بۆ خێزان بۆ ژیان وەک مرۆڤەکان نییە، چونکە مرۆڤ یەکسەر ئافراندوونی قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیان نەبڕیوە، بەڵام پرسی ژیان و مردن دووپرسی گرنگ و ئامادەن بە درێژایی ڕۆمانەکە هەن، لە هەندێک شوێندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ژیانی ڕاستەقینە لە دوای مردنەوە دەستپێدەکات.
ئەوەی گرنگە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا شوێنێک گونجاوتر لە زەوی بۆ ژیان نادۆزرێتەوە؛ بۆیە داوادەکرێت مرۆڤ قەدری ژیان و زەوی بگرێت بیپارێزێت لەو گۆڕانکارییانەی ژینگەکەی دەشێوێنن و مەترسی بۆسەر ژیان دروستدەکەن.