download

2025/05/01

گەردووننامە… گەڕێک بەناو گەردانەی گەردی گەردووندا

جووتیار قارەمان

ئەم دەفتەرە شیعرەی پێشەوا کاکەیی لە شێوازی شیعرەکان و ناوەڕۆک و بابەتدا نوێگەرییەکە لە شیعری کوردیدا؛ هێنانە گۆی ئاسمان و شەو و مانگ و خۆر و ئەستێرە و گەردوون و ئەو هەموو لێکچوواندن و وێنە هونەرییانە و ئەو خەیاڵە فراوانە.
کاکەیی لە ڕێی تەنە ئاسمانییەکانەوە وامان لێ دەکات بیر لە چییەتی بوونی خۆمان بکەینەوە. لە ڕێی گفت‌وگۆی نێوان هەسارە و ئەستێرە و مانگ و شەو و ڕۆژەوە گۆمی مەنگی ژیانی هاوچەرخ دەشڵەقێنێت و لە خەوی بێئاگایی بە هۆش خۆمانمان دێنێتەوە.
کە ئەم شیعرانە دەخوێنیتەوە، دەزانیت پێشەوا کاکەیی چەندە زمانی دەوڵەمەندە و چەندە لە بابەتە گەردوونناسییەکاندا ورد بووەتەوە. کاتێک باسی تەنە ئاسمانییەکان دەکات هەر ئەوە نییە قسەیەکی هاکەزایی و لێکچوواندنێکی ئاسایی و ساکار بێت، بەڵکو زانیاری و هزرێکی ماندوو لە ناوکرۆک و پاشخانی نووسەرەکەیدایە و بە هەوانتە ئەو ناوانەی بە کار نەهێناون.
ئەم شیعرانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ زۆر کاری دیکەی ئەدەبیی فانتازی و زانستی-خەیاڵی. پێشەوا توانا شیعرییەکەیی لە بەستێنێکدا تاقی کردووەتەوە کە هیچ شاعیرێک پێش ئەو پێی تێ نەناوە و دەستی بۆ نووسینی شیعری لەو جۆرە نەبردووە. هەر ئەوەیش وا دەکات بە وردی بیخوێنیتەوە تا بە وریایییەکی پترەوە لە شیعرەکان ڕابمێنیت.
پێشەوا کاکەیی بەم شیعرانەی بەناو گەڕی گەردانەی گەردی گەردووندا دەتگەڕێنێت و جوانییەکانی ئەدەب و ئاسمانی بێبنەتامان لە دەقی جوان و شیریندا پیشان دەدات.