337676e3-cabd-4148-a6a5-a167d6e82952

2025/04/29

ژیری دەستکرد و ژیری سۆزدار

ئارام حاجی

لە ڕاستیدا ڕۆمانی کارمەندەکان لەو ڕۆمانانەیە کە خاوەنی کەشێکێە لێرە و لەوێ بە خوێنەری کورد هەندێك نامۆیە، بەو پێیەی دنیایی دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیا بەگشتی ڕووبەرێکی فراوانی ڕۆمانەکەی پێکهێناوە، بەواتایەکی تر ئەوەی ڕۆمانەکە بەڕێوە دەبات شیوەمرۆڤ(ڕۆبۆت)ە، نەک کاراکتەری (مرۆڤ). دیارە کە دنیای ئێمەی خۆرهەڵا لەبابەت تەکنەلۆژیا و تایبەتر ڕۆبۆت کەمتر زەمینەیەکی خۆشکراوە بەراورد بە ڕۆژئاوا. هەر ئەمەیش وای کردووە ئەو بۆچوونەم لا درووست ببێت کە ئەم ڕۆمانە کەمترین ڕەگەزی چێژی تێدایە بۆ خوێنەر، بەهۆی ئەو نا ئاشناییە لە کاراکتەر لە کەرەستەکان و شوێن لە دایەلۆگ. بۆیە دەشێت لەگەڵ زۆربوونی ئەم شێوازە ڕۆمانە لە ئایندەدا، دەکرێت وا بکات ئیتر هەم خوێنەر ئەندێشەی لەگەڵدا ڕابهێنێت و هەمیش ڕەگەزی نافیزیکیی چێژی تێدا بدۆزێتەوە. بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەوەیە، وەرگێڕ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا پەنای بردووەتە بەر دروستکردنی فەرهەنگۆکێک بۆ کەرەستەکان.
چیرۆکی ڕۆمانەکە بە کورتی باس لەوە دەکات: بیرمەندێکی تەکنەلۆژیا لەگەڵ دروستکردنی نەوەی یەکەمی شێوەمرۆڤ(ڕۆبۆت)، بیر لە گەشتێک دەکەنەوە لە ڕێگەی کەشتیی ئاسمانی (شەش هەزارەوە) بۆ جێیەکی دیکەی هاوشێوەی زەوی، سەرنشینانی کەشتییەکە لە مرۆڤ و شێوەمرۆڤ پێکهاتوون، دواجار گەشتەکە لە دەرەوەی زەوی شکست دەهێنێت بەهۆی هاتنە ناوەوەی (تەن) فیزیکی و نافیزیکی نامۆوە. ئەگەر چی لێرەدا من ئەوە بەهەڵە دەبینم، وەک ناو لێنان، چونکە وشەی (تەن) بۆ هەبوویەکە کە فیزیکی و خاوەن جەستە بێت، کە بوو بە نافیزیکی نابێ ناوی تەنی لێبنرێت.
دیوی دووەمی ڕۆمانەکە چەند خوێندنەوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە خۆیدا هەڵدەگرێت و دەتوانی هەر لە ڕێگەی هەندێک دەربڕین و ڕستەی ناو ڕۆمانەکە ئەو دیوە کە هەیە و شاراوەیە کەشفی بکەین.
یەک لەوانە پێمان دەڵێت: ئەوەمان پێدەڵێت: ئێمە دەبێ ڕێزی زەوی بگرین تا ئەو ساتەی لەسەری دەژین، چونکە جێیەکی ئارامتر و گونجاوتر بۆ ژیان، جگە لەزەوی بوونی نییە، تەنانەت گەر خاوەنی گەورەترین دەسەڵات یان پێشکەوتنیش بین.
دیوێکی تر ئەوەیە: مرۆڤ بێ یادەوەری ناژی، نۆستالۆژی بەشێکی ڕەسەنە لە بوونی مرۆڤ، هەر زەویش دەتوانێت زەمینەی درووستبوونی یادەوەریبێت. بەوپێیە پاش دوور کەوتنەوە لە زەوی بەشێکی زۆری کارمەندە مرۆڤەکان ئەم ڕستانە دەردەبڕن: ( بیریی زەوی دەکەم: بیری پیاسە دەکەم: بیریی بارینی کلوە بەفر و منداڵەکانم دەکەم)
دیوێکی دیکە: بریتییە لە بابەتی ژیریی سۆزداری و ژیری دەستکرد. چوونکە لە ئاسماندا کاتێک مرۆڤەکان دەمرن بە دەستی ڕۆبۆتەکان دەسووتێنرێن، ڕەنگە ئەمە بۆخۆی ئاسایی بێت کاتێک بەراوردی دەکەین بە یەک لە شوێن کەوتووانی ئەو ئاینەی کە لە هندستان مردووەکانی خۆیان دەسووتێنن، بەڵکو لەوێدا ئاسایی نییە کاتێک یەکێ لە شێوەمرۆڤەکان دەڵێت: (من چێژ لە کوشتنی مرۆڤ دەبینم). بە واتایەکی تر مرۆڤەکان خاوەنی ژیریییەکن کە بارگاوییە بە سۆز، لە جێیەکدا مەبدەئێک دەیگەڕێنێتەوە لە کارێک یاخود هەر کارێکی مرۆڤ، بەگشتی سنوورێکی ئەخلاقی تێدایە.
دیوێکی دیکە بریتییە لە: ئاماژەدان بەوەی مرۆڤ تەکنەلۆژیا و ڕۆبۆتەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هەر ئەم شێوەمرۆڤانە دەبنە بەڵا و ژیانی مرۆڤ وێران دەکەن، هەر خۆی لە نەوەی یەکەمەوە بیرۆکەی گەشتەکە گەڵاڵە دەکەن بەڵام لە نەوەی چوارەم و پێنجەمی شێوەمرۆڤەوە ئەم گەشتە دەستپێدەکات. کەوایە دوای ئەوەی ژینگەی ئاسمانی و زەمینی، زەوی تێک دەچێت، بۆیە بیر لەوەها گەشتێک دەکرێتەوە. دوای ئەوەی زەوی پڕدەبێت لە تیشکی زیانبەخش دوای ئەوەی مرۆڤ بێکار و دەستبەتاڵ دەبێت دوای ئەوەی لە جێگەی هێنانی خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی ڕۆبۆتەوە، ماڵوێرانی بۆ مرۆڤ دەهێنێت… تا کۆتایی گەشتەکە بەوە دێت لە جێیەک لە دەرەوەی زەوی کۆتایی بە گەشتەکە و ژیانی ڕۆبۆت و سەرنشینەکان دێت. خودی ئەمەیش کەوتنە مەترسی ڕەگەزی مرۆڤ و هەبووەکانی دیکە لەژێر هێرشی ئەو پێشکەوتنەی کە بە بێ هیچ چێوەیەکی ئەخلاقی بەرهەمی دەهێنێت و بەکاری دەبات و تادەگاتە ئەوەی لەدەستی مرۆڤ خۆیشی دەرچێت. درووست وەک فیلمی( ملکەچی) کە لە دەرهێنانی (ئێس کەی دەیڵ)ە، دوای ئەوەی هاوژینەکەی “نێک” نەخۆش دەکەوێت، نێک بڕیاردەدات بە بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵ، ڕۆبۆتێک دەستەبەر بکات. بەڵام ئەوەی چاوەڕێی دەکات کارئاسانی بێت کەچی پێچەوانەکەی دەرەچێت. ڕۆبۆتەکە دەچێتە ئاستێکەوە خەریکە منداڵەکانی نێک دەکوژێت. نەک ئەو ئەرکەی پێ سپێردارەوە ئەنجامی بدات. واوەتریش بێنەوە وەنەبێ لەبارەی خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلژیا زانستەوە ئێمە لە چێوەی دەقێکی ئەدەبیدا ئاوڕمان لەم بابەتە نەدابێتەوە، نایشارمەوە لە میانی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە لە نیوەیەوە کە ڕۆمانەکە کەشفبوو لە بەردەستمدا تا کۆتایی، بیرم بۆ ئەو دەقەی شاعیر فایەق بێکەس دەچوو، بەناونیشانی (بە بۆنەی بۆمبای ئەتۆمەوە) کە لە بەرانبەر ئەوەی زانست دەبێتە هۆی تیاچوون و توانەوەی مرۆڤایەتی. ئەگەر لە جێگە و مەبەستی خۆیدا بەکارنەبرێت:
‎عیلمە ئێستا بۆتە مایەی دەردی سەر
‎.عیلمە بۆتە واسیتەی مەحوی بەشەر