ئازارەکانی دەنووسێتەوە
ئاری یاران
دوو ساڵ پێش ئێستا و دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی “ئەو هاوارەی نەبیسترا”، زمانی نووسینی “ئارام موحەممەد”م کەتە ناو دڵی. بۆیە ئەمساڵ ڕۆمانی “ناوی خۆیان بیر نەماوە”ی نووسەرم لە دووتوێی ٢٣٤ لاپەڕە و چاپکراوی وەشانی نووسیار، خوێندەوە.
میللەتی کوردی بەستەزمان، هەر بەبەر ئەوە ڕاگەیشتووە ئازارەکانی بنووسێتەوە. نەپڕژاوەتە سەر هیچ شتێکی دیکە، هەر هێرشکردنەسەر و ئەتککردن و ڕاوەدوونانی وەکو بەش پێ بڕاوە.
ڕۆمانەکە باس لە چەند خێزانێک دەکات کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، بەڵام ئەوەی تا کۆتایی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، خوێنەر و ڕۆمانەکە تێکدەبەستێتەوە، کاراکتەری “بوشڕا”یە. ئەو بوشڕایەی چیرۆکی ژیانی هەموو شتێکی تێدایە، خۆشی و پێکەنین نەبێت. چونکی لە لایەک بەدوای دیتنەوەی ئێسکوپرووسکی بابی دەگەڕێت و لەولاش ونبوونی موستەفای مێرد و مردنی پووری و سەرەداوێک لە دۆزینەوەی دایکەکەی، ئیدی بە خوێندنەوەی ئەمانە تێدەگەی لەوەی ژیانی بوشڕا، تژییە لە هەموو شتێک، خۆشی و پێکەنین و ئارامی نەبێت.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەم ڕۆمانە، کورتبڕییە؛نووسەر تەواو خۆی بواردووە لەوەی درێژدادڕیی بکات لە گێڕانەوەدا. تەواوی ڕۆمانەکە پەیامی گەلی کوردی بەشمەینەت و ستەمدیدە و پڕ لە کۆڤانی پێیە. ڕۆمانەکە فراوانە و پیاوسالاری و نێرسالاری خراوەتە بەر تیری نەزەر و زۆر باش پێکاویەتی. بێ لە کورد، میللەتگەلێکی دیکەش، گەر بێت و کتێبەکە وەربگێڕدرێت ئانژی بکرێتە فیلمێک، دەتوانن خۆیان لە ناویدا ببیننەوە و لە هەمان کاتیشدا تێبگەن لەوەی کە میللەتی کوردیش ڕۆماننووسی باشی هەن و دەتوانن ئەو ئێش و ئازارەی بەسەریان هاتووە، بەشێوەیەکی بێ گرێوگۆڵ بە دنیا بناسێنن.
بەهیوام خوێنەری بەسەلیقە و ورد، بە بێخەمی ئەم ڕۆمانە باشە بخوێننەوە و خاترجەم بن لە زمانی گێڕانەوەکە کە وەک ناوی خۆی ئارامە.