300776141_3247822798811098_5495022047564757211_n

2022/08/22

ئەو هاوارەی نەبیسترا

بەختیار فاروق

ئەمەی سەرەوە ناونیشانی دواین ڕۆمانی هاوڕێم ئارام محەمەد ە.
ڕۆمانێکی بایۆگرافییەوباس لەژیانی دڵداری شاعیر دەکات.پێشتر چەندان ڕۆمانی لەو فۆڕمەم خوێندۆتەوە هیچیان بەئەندازەی ڕۆمانی (میرنامە)ی جاندۆست کاریگەری لەسەرم نەبوو کەلەسەر ژیانی ئەحمەدی خانی بوو،بەجۆرێک دوایی مانگێک هەر لەگەڵی دەژیام، ئەوکات گوتم ڕەنگە جارێکی تر هیچ نوسەرێک نەتوانێت هاوشێوەی جاندۆست ڕۆمانێکی ژیاننامەیی وا وردو جوان بنوسێت.کەچی مامۆستا ئارام بەنوسینی ئەم ڕۆمانە پێی گوتم هەڵەی.

لەو ڕۆمانەوە خوێنەر شارەزاو ئاشنا دەبێت بەدیوە نادیار و نەزانراوەکانی دڵدار،جیا لەوەی کەلەدیوانێکی کرچ و کاڵ پێشتر هەبووە.
ئەوەی من بزانم مامۆستا ئارام سێرچی تەواوی ڕوداوەکان و زۆربەی ئەو سەرچاوانەی کردووە کە بەردەستبوونە و بەپشت بەستن بەو زانیاریانە ئەو ڕۆمانەی نوسیووە.

دڵدار هەر شاعیرنەبووە، سیاسی بووە یەکێکە لەدامەزرێنەرانی حزبی (دارکەر)کەدواتر ناوی بووە بەهیوا.داکۆکیکارێکی سەختی جوتیاران بووە.لەسەرووی ئەوانەشەوە کەسێکی تا سەرئێسقان ناسیۆنالیست بووە،سروودی ئەی ڕەقیبیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.

زەینەبی خوشکی دڵدار شاخێک بووە لەپشتی دڵدار جوامێری ئەو ئافرەتە پانتاییەکی زۆری لەو ڕۆمانە بەرکەوتووە.

مردنی دڵدار زۆر ناخهەژێنە،لەوەش ناخ هەژێنتر نەبیستنی ئەو هاوارەیە کەدڵدار هەیبوو تا ئێستاش ئەمە هاواری زۆربەی کەسانی خوێن پاک و دڵسۆزە هاوارەکەش جاڕی دەوڵەتبوونە.

نەک هەردڵدار تەواوی ئەو بنەماڵە ڕەسەن و نەجیبزادەیە ماف خوراو و غەدرلێکراون لەئاست مێژوو و ڕووداوەکان،ئەوەتا لەبری دانانی خەڵاتێکی ساڵانە بەناوی دڵدار یان پیشاندانی لایەنە نادیارەکانی هەستان ئێسک و پروسکی دڵداری شاعیریان خستە ناو سندوقێکەوەو بەسەیارەیەک ڕەوانی کۆیەیان کردەوە، ئای چ شورەیەک بوو..
ناچمە ناو ناوەڕکی ڕۆمانە بۆ ئەوەی لەچێژی خوێندنەوەی کەم نەبێتەوە.