276234376_523692812724058_2589639984091325560_n

2022/03/21

دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)

شاڕێگا خالید
ئەتوانم بە کورتی هەندێ سەرنجی خێرا باس بکەم.
– لە پێوەندی دڵدار و زەینەبەوە، زۆر ڕوون دەبینین، کە
لەپشت هەر پیاوێکی سەرکەوتوو ژنێکی گەورە هەیە.
– کەدەستم دایە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، وامکرد تەواو بوو! بەڵام پێم وابوو، جارێک کەمە، بۆ جاری دووەمیش خوێندمەوە.
– ڕۆمانەکە تایبەتە بە ژیان و خەباتی شاعیرێکی گەورەی کورد( دڵدار ١٩١٨-١٩٤٨). دڵدار لە خێزانێکی ئەدەبدۆست و سیاسی پەروەردە و گەورە دەبێت. پاڵەوانی سەرەکی، کە ڕۆڵی لە پێگەیاندنی دڵدار دەبێت، زەینەب خانی خوشکیەتی. هەر ئەویش نازناوی (دڵدار)ی بۆ هەڵدەبژێرێت. شیعر و کوردایەتی هەوێنی کار و خەباتی دڵدارە.
– دڵدار وەک ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێک، تا ئەو دەقەی کۆچی دوایی دەکات، خەبات دەکات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی و دروستبوونی کیانێک.
– دڵدار بەگرنگییەوە لە ڕۆڵی خوشکەکەی دەڕوانێت. لە ژیانیدا، بە هێز و وزەبەخشی خۆی زانیوە و دانی بەوەدا ناوە، کە لەو خوشکەی فێربووە و بە مامۆستا و هاندەری خۆی زانیوە.
– کاتێک دڵدار کۆمەڵەی دارکەر دروست دەکات دواتر ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ هیوا، زەینەب خانی خوشکی یەکەم ئافرەت دەبێت، کە دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەکە و کاری سیاسی دەست پێ دەکات. ژنانی کۆکردوەتەوە و هانیداون، جگە لە بەخێوکردنی منداڵ و کاری ماڵ گرنگی بە بەهرە و خەونەکانیان بدەن.
– کات و شوێن لەم ڕۆمانە ئەتخاتە زەمەنێکی زێڕین و کۆمەڵێک کەسی دیاری ڕۆشنبیری ئەو سەردەم لە شارەکانی کوردستان، کە ڕۆڵیان لە ژیانی دڵدار هەبووە، پێت دەناسێنێت، وەک پیرەمێرد، بێکەس، ئەسیری، عەونی، رفیق حیلمی و چەندانی تر.
– لەم ڕۆمانەدا ئاشنا دەبین بیری چەپ و ئازادیخوازی دڵدار و جیاکردنەوەی ئاین لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ. لەپاڵ خەباتی سیاسی، باوەڕی بە هۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئومێدی گەل هەبووە.
( نانووسم وەک ئەوەی دڵ دەیخوازێ، دەنووسم تا تروسکەی ئومێدێک ڕێگەی نادیار ڕۆشن بکاتەوە)