284533426_168318958971823_4363899894825682269_n

2022/05/27

وەچانێک لەسەر ئەو هاوارەی نەبیسترا

ئەرسەلان چەلەبی
ژانڕی بیوگڕافی نووسەر و هونەرمەند و کاراکتەرە ناوبەدەرەوەکانی ناو کۆمەڵگاکان بەردەوام لە ناو مێژووی ئەدەبدا لە زاووزێ دابووە و لە سەردەمی مۆدێڕندا ئەو دەلاقەیە لە ناو ماڵی سینەما دا گەیشتووەتە لووتکەی خۆی. ئەگەرچی ئەو ژانرە لە نووسین لە کوردستان دا ئاوڕێکی کەمی لێ دراوەتەوە لێ بەو واتایە نییە کە هەوڵ و کتێب لەو بەستێنەدا چاپ نەبووبێ. کز بوونی ئەو ژانڕە لە ژینگەی کوردیدا هۆکار زۆر دەگرێت و لە تاقەت و کاری ئەو یادداشتەش دا نییە بەڵام کاراکتەری بەرباسی ئەو ڕۆمانە و سەربوردەکەی خۆی لە خۆیدا کۆمەڵە هۆکارێکمان بۆ ئاشکرا دەکا کە گەلۆ ئەو ژانڕە بۆ ئاوا کزە؟ بۆ دەبێ ژیانی زۆر یەک لە کاراکتەرە ئەدەبی و سیاسی یەکان بە سەربەمۆری بمێنێتەوە؟ ڕەنگە من بتوانم سێ هۆکار باس بکەم:
یەکەم: جۆری کاراکتەری کورد
دووهەم: هەژاری ئەرشیوی کوردی
سێهەم: کەمترخەمی کۆمەڵگەی ئەدەبی کوردی
هۆکاری یەکەم تەواو بنچینەییە و ڕێک بەربینگی خودی واتای کاراکتەر دەگرێت. واتە باری واتایی ئەو وشەیە دەخاتە چەلەحانێوە! لەبەر نەبوونی قەوارەی کوردی، سیستمی کوردی و بیچم نەگرتنی پەروەردەیی بە زمانی کوردی وای کردووە کە لە بنەڕەتدا کاراکتەری کوردی لە کزی بدا و زۆرتر لە لەتە کاراکتەر یا وەک فارسەکان دەڵێن “تیپ” نزیک بێتەوە. کە واتە نووسەری ئەو وتارە پێی وایە لە ئەساسدا کاراکتەری کوردی کاراکتەرێکی نەقوستانە، یا نیوە کاراکتێر!
هۆکاری دووهەم، ئەویش ڕەگێکی بە هۆکاری یەکەمەوە گرێ دراوە و ئەوەی کە هەشە وەکوو ژینگەکەی لەت و پەت و پەرتەوازەیە و هەر ئەوەش وادەکا یەکەم ئەستۆنەکانی ئەو ژانڕە گرینگە لەکزی بدا. بۆ وێنە ژیانی دڵدار لە مەودایەکی کورت دا بەرتەسک بۆتەوە و جگە لە دیوانەکەی هیچی لە پاش بەجێ نەماوە. هەر ئەوە لە سەرەتاوە وا دەکا کە کاری نووسەرێک بۆ نووسینی کتێبێکی لەو چەشنە ئەستەم بێتەوە. بەڵام کاتێک ئێمە باس لە جیهانی ئەدەب دەکەین، کاتێک ئێمە باس لە چیڕۆک و ڕۆمان دەکەین ئیتر بەشێکی هەر گرینگی گرێ دەدرێتەوە بە خەیاڵ! لێرەدایە کە خەیاڵی نووسەر دەکەوێتە گاگۆڵکە و جیهانی کاراکتەری بەردەستی چێ دەکا! هەڵبەت ئەو بەشەش کێشەی تری هەیە کە لە هۆکاری سێهەم دا شی دەکرێتەوە.
هۆکاری سێهەم شی کردنەوە زۆر هەڵدەگرێت. واتە کاتێک باسی کەمترخەمی بەستێنی ئەدەبی کوردی دەکەین تەنیا بۆ ژانڕێک یا دووان نییە. بە جۆرێک دەکرێ بڵێن لایەکی وەکوو کاراکتەرەکە نەقوستانە. ئەوڕۆکە بەستێنی ئەدەبی کوردی لە بوارەکانی “شیعر، چیڕۆک، رۆمان، وتار.” دا خۆ دەنوێنێ و بەرهەم دێت. با بۆ وێنە چاوێک لە ئەو بوارانە بکەین کە بەردەوام لە بەستێنی ئەدەبی بیانی دەنووسرێن و بەڕۆژن. تەنانەت ژانرێک هەیە بە ناوی “ناچیڕۆک” کە لە ئێستا دا زۆرترین گرینگی پێ دەدرێت و خوێنەرێکی زۆر بەرچاویشی هەیە و پێم وانییە لە ئەدەبی کوردیدا پێنج یا دە کتێبیش لەو ژانڕەدا نووسرابێت! ئێستا کۆمەڵێک لە بوارەکانی ئەدەبی گێڕانەوە لێرە بخوێننەوە:
_Short fiction
_Flash Fiction
_Micro Fiction
_ Nonfiction
_Short story
_ Novelle
_ Novelette
_Novel
_Memory
_ Essay
_prose
ئەستۆنەکانی گێڕانەوە لە سەر ئەو ژانڕانە ڕاوەستاوە کە لە کۆنەوە تا ئێستا بەردەوام لە گەشە دان و زاو و زێ دەکەن. ئێستا با خوێنەر خۆی بەستێنی ئەدەبی کوردی بێنێتە بەر چاوی خۆی و لێکیان بداتەوە کە ئەو کتێبانەی بڵاو دەبنەوە لە ڕاستیدا لە کام خانە یا ژانڕ دا جێ دەگرێت؟ ڕوون نییە! بۆ وێنە هەر لە ناو بەشی کورتەکاندا: “شۆرت ستۆری” و “شۆرت فیکشن” جیاوازییان هەیە. بینا و چوارپەلی فیکشێنەکان لەگەڵ ستۆرییەکان جیاوازی هەیە. لە کوردستان کتێب بە ناوی ڕۆمان بەرهەم دێت لە کاتێکدا ئەگەر خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ بکەی لە چوارچێوەی “شۆرت ستۆری”ییەک تێنەپەڕیوە. لە ناو خەرمانەی گێڕانەوەی کوردی ئەوەی تا ئێستا نووسراوە ڕەنگە بتوانرێ هەر هەموو ژانرەکانی سەرەوەی تێدا ببینییەوە لێ پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو کتێبانە بە ناوی دوروستی خۆیان بڵاو بوونەوە یا نا؟ باس کردنی ئەو پرسە ڕێک پەیوەندی بە ژانڕی بەر دەستی ڕۆمانەکەی ئارام محەممەدەوە هەیە. ئەو ژانڕە یەگجار کزە لە کاتێکدا مەیدانێکی پان و بەرینە بۆ کار کردن. جا گەر لێرەوە بگەڕێمەوە سەرتر و پرسی کزی ئەرشیو قوت بێتەوە ئەو پرسیارە سەر هەڵدا کە چۆن کار بکرێت؟ جا لێرەدایە کە دیسان
لەنگەر لە سەر خەیاڵ دەگرمەوە.
ڕۆمانەکەی ئارامیش لە سەر خەیاڵ بونیات نراوە، جا با دڵدار هیچی لە پاش بەجێ نەمابێ، جا با ڕوون نەبێ لەو مەودا کورتەی تەمەنی چی کردووە و کوێوە ڕۆیوە؟ لێ کۆمەڵە کۆدێک هەیە لە دڵدار کە بۆ هەموو نووسەرێکی کورد ئاشنایە و کلیلی کردنەوەی ئەو کۆدانەش داهێنان و خەیاڵە. ڕۆمانەکە هەوڵێکی جوان و بەجێ و باش بوو بۆ تیشک خستنە سەر لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکەی کاراکتەرێک کە هەتا ئێستاش سروودەکەی دەڵێنەوە!
ئاشنایی من لەگەڵ دڵدار وەکوو زۆرینەی خەڵکی تر لە ڕێگەی سروودی ئەی ڕەقیبەوە بووە تا پاشان زیاتر تێکەڵی دەقەکانی بووم. شیعری دڵدار هەموو دەم بۆ من جێگەی سەرنج و کار بووە. دڵدار هەر بە بۆنەی سروودەکەیەوە کاراکتەرێکی بەرچاوی مەیدانی ئەدەبی و سیاسی بووە و هەر ئەوەش وای کردووە بە خەستی تەشەنە بستێنێتە ناو زەینی مرۆڤی کوردەوە. لێ ئاخۆ لە ڕاستیدا دڵدار وەک مرۆڤ چۆن بوو؟ کەسێک کە ئەو شیعرەی نووسیوە دەبێ لە سەردەمی خۆیدا خاوەنی چ دونیابینییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووبێت؟ ئەوانە هەموو کون و کەلێنێکن کە لە ژیانی دڵدار دا جێگای پرسیارە و مەودای کورتی تەمەنیشی دوو هێندەی تر دڵداری وەکوو کاراکتەر بۆ خەڵک نامۆ کردووە. باشتر وایە بڵێن خەڵک ئەی ڕەقیب دەناسێ هەتا دڵدار. لەو کاتانەیە کە ئەدەبی گێڕانەوە دەبێ شان بداتە بەر قورسایی ئەو پرسیارانە و نووسەر بە هێزی خەیاڵ و ناسینێک کە لە ژینگەی کاراکتەری بەردەست هەیەتی قەرەبووی ئەو پرسیارانە بکاتەوە. هەر لەو کەلێنەشەوەیە کە گرینگی ڕۆمانی ئەو هاوارەی نەبیسترا ئاشکرا دەبێ. نووسەری ڕۆمانەکە بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی خەیاڵ و داهێنان بنەماڵەیەکی لە ژێر چەتری کاراکتەرێک بە ناوی دڵدار کۆ کردووەتەوە و هێڵەکانی ژیان و ڕووداوەکانی داڕشتووەتەوە و پەیوەندییەکی قایمیشی لە نێوان دڵدار و بنەماڵەکەی پێک هێناوە. بە جۆرێک کە کاراکتەری زەینەب بۆ نووسەری وتارەکە هێندەی دڵدار سەرنجڕاکێش بوو. بە تایبەت دیالۆگ و باس و خواسەکانی لە سەر ئەدەب.
تایبەتمەندییەکی تر کە ڕۆمانەکە هەیەتی زمانەکەیەتی. کێشەیەکی قووڵی زمانی لە نێو بەشێک لە نووسەرانی باشوور هەیە کە بەختەوەرانە زمانی نووسەری ئەو ڕۆمانە تەواو لێی دوورە. یەگجار گرینگە رستەکان و وشەکان کە لە پاڵ یەکدا جووت دەبن ڕەوان بن و خاوەنی ئاهەنگێک بێت لە خوێندنەوەدا. ئەوەش تەنیا یەک شت چارەسەری دەکا، ئەویش زاڵبوون بە سەر زمانەکەیە. هەر زمانێک لە جیهان دا هەوا و مێلۆدی خۆی هەیە. زۆر گرینگە نووسەر هەوا و مێلۆدی رستە و وشەی خۆی بناسێ و تا دەتوانێ ڕەوانی کاتەوە. بۆیە بۆ بەرهەمێکی ئەدەبی گێڕانەوە زۆر گرینگە زمان ڕەوان بێت، ئەوە یەکەمین کلیلە بۆ ئەوەی هەست و نوستی خوێنەر هەر لە سەرەتاوە بگرییە دەست. زمانی ڕۆمانەکە هیچ ئازار دەر نەبوو و خوێنەر دەتوانێ بە ڕەوانی و بێ گرێ هەتا کۆتایی بیخوێنێتەوە. شتێکی تریش کە بەرچاو بوو جەغزی وشەیی ئەو ڕۆمانە بوو کە دیسانیش بە پێچەوانەی زۆر نووسەری باشووری پاک و بێگەرد بوو لە هەرچی وشەی زەقی فارسییە کە نزیکەی بیست ساڵێک دەبێت هاتووەتە ناو ژینگەی ئەدەبی باشوورەوە.
ماندوونەبوونی بە ئارام دەڵێم و هیوای بەرهەمی داهێنانەتر و هەوڵی بێ‌وەچانتر لە پێناو ئەو ژانڕە و هەموو کەلێنەکانی ئەدەبی گێڕانەوە. ورد بوونەوە لە ناو جەرگ و دڵی ڕۆمانەکەش باشتر وایە جێ بهێڵین بۆ خوێنەر، لەبەر ئەوەی ڕۆمانەکە ئەو دەرفەت و مەیدانەی بۆ خوێنەر پێک هێناوە کە خەیاڵ و هێڵەکانی خۆی لە گۆشە و کەنارێکی کتێبەکە درێژە پێ بدا و خۆی ئەوجارە دڵدار هەڵسووڕێنێ و ئەو مەودا کەمەی ژیانی وێنا بکاتەوە. نموونەی لەو چەشنە بەرهەمانە زۆر بێت و هیوادارم نەک هەر بە تەنیا ڕۆمان بەڵکوو لە چوارچێوەی سینەماش دا کار لە سەر بیوگرافی کاراکتەرە ناوبەدەرەوەکانی کۆن و نوێ بکرێت.
لە کۆتاییدا ئەگەرچی کاراکتەری کوردی بە گشتی نەقوستانە یا نیوە کاراکتێرە، لێ نووسەری کورد دەتوانێ بە هێزی خەیاڵ و داهێنانی خۆی کاراکتەری ناو کتێبەکان لە نیوە کاراکتێرە یا لەتە کاراتێرەوە بگوازێتەوە بۆ کاراکتەرێکی تەواو و قایم و گورج و گۆڵ!