434662466_924277886366690_7384424104462105921_n

2024/04/02

ڕۆمانێکی مێژوویی

لەیلا مستەفانژاد
ئەو هاوارەی نەبیسترا، زۆرتر من وەک ڕۆمانێکی مێژوویی لە سەر ژیان و خانەوادە و هاوڕێیانی شاعیر بینیم. ڕەنگە لەم ڕۆمانە خوێنەر چاوەڕوانی گێرانەوەیێکی ئاسایی و خوێندنەوەی ژیاننامەی دڵدار بێت، بەڵام کاتێ دەست بە خوێندنەوە دەکات، تێدەگات ئەم گێرانەوەیە زۆر جیاوازە و تەنیا ژیاننامەی شاعیرێک نییە.
ڕووی زاڵی گێرانەوەکە، کە بەر خوێنەر دەکەوێت و بەهۆیەوە زیادتر لەگەڵ ڕووداوەکان تێکەڵ دەبێت و لەگەڵ بیرکردنەوە و هەستی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە ئاشنا دەبێت، پێوەندی بە وێناکردنی کەسایەتیەکانەوە هەیە. رەنگە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەو ڕۆمانە جیاوازە ئەوە بێت کە هەموو کەسایتیەکان لە یەک ڕیزدان. واتا هیچ پاڵەوانێکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا نییە. ڕەنگە پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە زەینەبی خوشکی دڵدار بێت یان دایک و برا و باوکی بێت، یان هاوڕێکانی دڵدار بن.
خاڵێکی گەشی دیکە لە ڕۆمانەکە، نووسەر زۆر بە جوانی ڕۆڵی ژنی کوردی نیشان داوە. لەم ڕۆمانە کەسایەتی دایک و خوشکی دڵدار لە ڕیزی کەسایەتی باب و براکانی هاتووە، ڕەنگە لە هێندێک جێگا لەسەرتریش بن.
من لەو ڕۆمانەدا دڵدارم تەنیا وەک تاکێک یا شەخسێک نەبینی، بەڵکوو دڵدار وەک نوێنەری ڕووحی کوردستان دەردەکەوێت. خوشەویستی نیشتمان لای دڵدار نموونەیەکی باڵایە. لەو دیمەنەی کە باسی نووسینی سروودی ئەی ڕەقیب دەکرێت، خوێنەر بە تەواوی ئەم حەماسە و جووش و خرۆشەی شاعیر هەست پێدەکات. لە کاتی خوێندنەوەی ئەو بەشەدا، دڵ و دیدەم پڕ لە ئەسرین بوو. هەروەها ئەم حەماس و جۆش و خرۆشە لەو دیمەنەی باس لە ڕاگەیاندنی کۆماری مەهاباد دەکات، دەگات بە ترۆپک و هەستێکە وەسف ناکرێت. لەم دوو دیمەنە دڵدار ڕووحی کوردستانە و سەرچۆپی دەگرێت و شایییەک دەکات، دڵ بەرگەی ناگرێت.
ئەو هاوارەی نەبیسترا، دواترین ڕۆمانی( ئارام محەمەد) کە وەشانی نووسیار ساڵی 2022 چاپ و بڵاویکردۆتەوە.