275282731_2127886224030914_4955032076615641677_n

2022/03/10

ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سور و شۆڕشین

 هەندرێن تەها
ئەو سەردەم، کە ھەموو شتێک بە لوولەی تفەنگ دەنگی لێ دروست دەبوو یان بێدەنگ ئەکرا، ئەو سەردەم کە خەباتی شاخ و شار بە زەبری فیشەک پێی دەنا بە قۆناغێكی تردا، ئەدەب لە کوێ بوو؟
ڕۆشنبیر و نووسەر و شاعیرەکانمان ئەوکات چۆن لە ڕێگەی قەڵەم و ھەستی نەتەوەییان کۆمەڵگەیان ئاڕاستە کردووە؟
ئێمە وەک ھەر میلەتێکی تر تاکی زیندوومان هەیە و هەبووە. تاکێک بە کردارەکانی، بۆ ھەمیشە ناوی بە گەورەیی دەمێنێتەوە.
ئەمە پێویستی بە بیرکردنەوە ھەیە، بە شێوەیەک بژیت کە دوای مردنیشت ناوت بە زیندوویی بمێنێتەوە یاخود باسێکی نەمر لە دوای خۆت جێ بھێڵیت.
ئیشکردن و ڕوونکردنەوە و نیشاندانەوەی ئەم جۆرە کەسانەی وەک دڵدار، ماندووبونێکی زۆری دەوێت، ئەمانەتێکەو بە زەحمەت دەگاتە شوێنی خۆی.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆش کە سەرمایە بە شێوەیەک لە بەر پێی ئەو کەسانەدا ڕژاوە، کە خەریک بە لەبیربردنەوەی ئەم کەسایەتیانەن و لە ڕێگەی بەشێ لە میدیا و ڕۆشنبیر و نووسەرەکانمانەوە مێژووی ئەدەبی خۆمان بیر ئەبەنەوە، زۆر بە کەمی پێچەوانەکەی دەبینین.
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سور و شۆڕشین
سەیریکە خوێناویە ڕابردومان
‘ دڵدار ‘
جاران دڵدار شاعیرێکی ناو پڕۆگرامی خوێندنگە بوو. بە ناچاری دەبوو بیناسین. تا ئەو جێیەی دیاری ئەکرا، ئەزبەر ئەکراو تێدەپەڕێنرا، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە ئەزانین دڵدار كێیە، چۆن وەک شاعیر و ئەدیبێکی خاوەن پێگە، لە ناو ئەدەبی کوردیدا ماوەتەوە. ئەو ھاوارەی لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بە ئەدەبەکەی کردی، تاکوو ئێستا ئێمە ئاڕاستە دەکات بۆ دوبارە کردنەوەی ھەمان ھاوار.
‘ئەو ھاوارەی نەبیسترا’ باس لە دیوی یەکەمی ژیانی منداڵی و چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و پیشەیی دڵداری شاعیر دەکات.
ئەو ھاوارەی نزیک بە ٧٥ ساڵە دەیبیستین لە ھەموو بۆنەکانماندا، ئێستا لەڕێگەی ڕۆمانێکەوە ھەموو ئەوە دەبیستین کە نەمان بیستووە.
کتێبەکە لە توێکڵە بچووکەکەی خۆیدا کەسێکی ناساندووە، کە پێشتر تەنھا لە ڕێگەی سروودەکەیەوە ناسراو بوو، یاخود ناسینێکی ناچاری ناو خوێندنگە بوو. لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە دەگەیت بە کڕۆک و درز و ناسۆریەکانی دڵدار، زمانی نووسینەوەی ئەم ڕۆمانە بە تەواوی سادەیە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک بێ مەبەست و بێ ڕۆچوون لە فکر نییە.
ئەم ئاڕاستەیە کە هەندێک لە نووسەرانی سەردەمی ئێستەمان وەک ڕۆشنبیر و نووسەر، شانیان خستۆتە ژێری، جێگەی دەست خۆشیین.
ھەموو ئەمە لە کاتێک دایە، کە بەشێکی دیکە لە ڕۆشنبیرانی ئێمە ئاراستەکردنی خەڵک و کۆمەڵگەیان لەبیر خۆیان بردۆتەوەو قەڵەمەکەیان بە شتی دیکەوە سەرقاڵە. ئەم کتێبە ھەنگاوێکی تری گرنگە ھەم بۆ بەبیرھێنانەوەی دڵداری شاعیر، هەم بۆ توێژینەوە، ھەم بۆ ئاڕاستەکردنی کۆمەڵ، بە ئامانجی ھەست بەخۆکردن و خۆبینین، کە بەڵێ لە نێو ئێمەدا شاعیری وا ھەبووە، بۆ لێوەفێربوون. لە ڕووداوەکانی ژیانی دڵدار، تێدەگەین، ئەم ڕۆمانە دەرگا کردنەوەیەکە بۆ لێوەفێربوون. لە ھەمان ڕێگەشەوە چاندنەوەی تۆوی کوردپەروەری لەناو کۆمەڵدا، لە ساتی ئێستادا، کە وەک ھەمیشە کورد بە زمان و ئەدەب و کلتوور و ھونەر و ھەموو پایەکانییەوە لەژێر فشاردایە، ئەم کارە بە تەواوی جێی بایەخە.