450873746_993118436149301_1732990911348556614_n

2024/02/15

ڕامانێك له‌باره‌ی (باوك) له‌ ڕۆمانی (ئه‌و هاواره‌ی نه‌بیسترا)دا

ئەژین فەهمی
بە درێژایی مێژوو، ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و ئەرکی باوک لەناو ئەدەبیاتدا پێوەندی بە دۆخ و سیستەمی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەکانەوە هەبووە و هەیە. بێگومان ئەم ڕۆڵەیش، یان ڕاستر بڵێم وێنەی “باوک” له‌ ئەدەبیشدا بەرزونزمی پێوە دیارە و چەندین وێنەی جیاوازی باوکمان لە ئەدەبی دنیا، بێگومان ئەدەبی کوردیشدا هەیە. ڕوانین لە ڕۆڵی باوک، بۆ نموونە لەو سەردەمه‌ی ڕەگەزپەرستی لە لووتکەدا دەبێت؛ (هارپەر لیی) باوک وەک چەتر و قەڵغان وێنا دەکات، باوک لە گێڕانه‌وه‌كانی هارپه‌ر لیی ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە. لای (کافکا)یش، باوک بە جۆرێکی دیکە پێشان دەدرێت، کە زیاتر پێوەندی بە دۆخە کۆمەڵایەتییەکەوە هەیە، لەوێشەوە بۆ ڕەهەندە سایکۆلۆژییەکان، کە ورد دیوه‌كانی ڕوون كراوه‌ته‌وه‌.
باوک لە کۆمەڵگە و خێزانی نەریتیدا، وەک سەردارێك ڕابەرایەتی ئەرکێک دەکات، کە زیاتر په‌یوەندی بە هێزەوە هەیە. هێز وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵات و سەرکێشی و بەرەنگاری. لێدان لەو وێنەیە، یان دژوەستانەوە بەرامبەر بەم ئه‌ركه‌، هەوڵە بۆ پێشاندان و داکۆکیکردن لە فۆڕمێکی دیکەی باوك. دەرکەوتنی چەمک و بزوتنەوەکانی ژنان، لێدان لە باوک-ناوەندی، یان کارکردن دژ بە هەژموونی باوکسالاری، هەموو ئەو جووڵانەوانە، لە قۆناغێکدا بێ هۆکار دەرنەکەوتوون.
گۆڕانکاری و جووڵانەوە ناباوه‌کان، یان دژەباوەکان وەک چۆن لە کۆمەڵگەدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، ئەوا لە ئەدەبیاتیشدا کاریان لەسەر کراوە و شوێنیان دیارە. لە ئەدەبی ڕۆژئاوادا خێرا چەمک و تێگەیشتنی نوێ بۆ ڕۆڵی باوک باسی لێوه‌کرا و هەر زوو چەندین پاڵەوانی دژە باوک، یاخود تا ئەو ئاستەی ڕه‌وایه‌تی دان به‌ کوشتنی باوک، وەک سمبولێک کاری لەسەر کراوە. هەڵبەت بۆ ڕۆژهەڵاتیش هەمان ڕێگە تاقیی کراوەتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا لای ئێمەی کورد، چەمکی باوک لەناو ئەدەبیاتدا گوزارشتە لە باوکی ناو کۆمەڵگەی کوردی یان وێناکردنی باوکێکی ئەوروپییە؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین، بەپێی توانا، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ئەگەرچی باسەکە ڕەها نییە. زۆرجار ئەدەبیات کار لەسەر دیوی نەبینراو و پەراوێزخراو دەکات، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین واقیعیانە لە ئەرک و ڕۆڵی باوک بڕوانین و باس لە چەند نموونەیەک بکەین.
باوک لە گێڕانەوەکانی (ئارام محەمەد)دا فۆڕمێکە لەنێوان باوکێکی ڕەتکراوە و قبووڵکراودا، باوکێک هێشتا لەناو خێزاندا هاوشێوەی دایک ڕۆڵی سەرەکی هەیە. واتا نە باوک زیادە، نە دایک، بەڵکوو تەواوکەر و هاوکاری یەکترن. چه‌ند هه‌وڵێك هه‌ن بۆ گەڕان بەدوای فۆڕمێک تا ئەو یەکترتەواوکردنە مافەکان بپارێزێت.
لێرە هێشتا ماف و گەشەی پرسی ژن، بە بەراورد بە گەشەی خۆرئاوا، بۆ پرسی ژن جێی دڵخۆشیی نییە. لێرەوە دەتوانین، ئەو پرسیارە بکەین، ئایا وێنای باوک لە ئەدەبی ئێمەدا چۆنە؟ پرسیارەکە ئەوەیە، باوک لە کۆمەڵگەی کوردی لە چ ڕۆڵ و ئەرکێکدایە؟
لای ئارام محه‌مه‌د، به‌ر باوكێكی جوداواز و میهره‌بان ده‌كه‌وین، باوکێک لە ڕۆڵی خێزان تێدەگات، کە ده‌كرێ له‌ زۆر ماڵدا هه‌بێت. بێگومان نووسه‌ر کاریگەرە بە ژینگە واقیعییەکەی خۆی و دەوروبەرەکەی، له‌و هه‌سته‌ سایكۆلۆژییه‌ی تێدەگەین، كه‌ ده‌كرێ باوكێكی باش له‌ ژیانیدا هه‌بووبێت، میهره‌بان بووبێت و ئه‌م میهره‌بانییه‌ش وای كردبێت نووسه‌ر ڕۆڵی ئەو جۆرە باوكەمان له‌ نووسینه‌كانیدا پێشانبدات. لەوەیە سایكۆلۆژیا و یادەوەری منداڵی نووسەر وای كردبێت، ئه‌و تێڕوانینه‌ی بۆ باوك هه‌بێت و ئه‌م هێڵه‌ ون نه‌كات، چو‌نكە هه‌ر نووسه‌رێك هه‌رچی بنووسێت، ڕێژەیەک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخیه‌تی و شوێن په‌نجه‌ی له‌ نێو دێڕه‌كاندا زه‌قه‌ و دەناسرێتەوە. دەکرێت بڵێن، بمانەوێ و نەمانەوێت، ژیانی تایبەتی نووسەران هەمیشە لە بەرهەمەکانییاندا ڕەنگ دەداتەوە.
ئەم جۆرەیان لە باوک جوداوازه‌، لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە چەمکی (باوكسالاری)، بەتایبەتیش لە کۆمەڵگەی کوردی، هەروەها زۆربەی کۆمەڵگەکانی تری ڕۆژهەڵات. لە ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)، نووسەر ڕۆڵێکی زۆر بە ژن دەدات، خوشکی دڵدار، پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، بەڵام ئەو پاڵەوانە لە کەشێکی زۆر ئەرێنیدایە لەگەڵ برا و باوکدا، پەیوەندی نێوان (زەینەب) و باوکی، زەینەب و براکانی، هێندە هاوڕێیانەیە، نموونەیەکی باڵایە لەو فۆڕمەی نووسەر دەیەوێت باسی بکات.
لەو ڕۆمانەدا، بە ناڕاستەوخۆ “باوک”، لە پەروەردە و ئاڕاستەکردنی منداڵەکاندا دەورێکی زۆری هەیە، بەڵام هەر دوای ئه‌وه‌ی (مەلا ڕەئوف) كۆچی دوایی ده‌كات، خێزانه‌كه‌ پەرتەوازە ده‌بێت. ڕاسته‌ منداڵەکان خاوەن ئیرادە و خاوەن بڕیاری خۆیانن، بەڵام بە نەمانی وی، یەکگرتوویی و خۆشی و کۆبوونەوە و لەزەتی ژیان کۆتایی دێت. بەگشتی، باوک یان سێبەری باوک لە کۆمەڵگەی کوردیدا، تەنیا خۆی نییە، بەڵکوو وابەستەیە بە کۆمەڵێک بەها و هێز و مانای ترەوە، کە کارەکتەری باوک و کەسایەتی باوک پێگەیەکی تر لەخۆ دەگرێت. ئەم شێوه‌یه‌ لە مامەڵەکردن و تێگەیشتن، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی دەگۆڕێت. مەرج نییە هەمان تێگەیشتن و ڕامان بێت لە باوک، بەتایبەت کاتێ دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتیەکە جوداوازە.
بۆیە لە ئەدەبی کوردیدا، دژایه‌تیكردن بەرانبەر باوک، زۆرتر لاساییکردنەوە و گواستنەوەیە، بێ لەبەرچاوگرتنی فەزا جیاوازەکان. لە لایەکی ترەوە، تا ئاستێکی زۆر باوک لای (شێرزاد حەسەن)، هەڵقوڵاوی نموونەی باوکێکە، کە ڕەنگە نووسەر ڕاستگۆیانە بۆ ناو نووسین گواستبێتییەوە، به‌ڵام نموونه‌كه‌ ناگشتێنرێت و ڕه‌ها نییه‌. ئەمە لای کافکایش، هەمان شتە.
دیسان ده‌پرسین ئایا کارکردن بۆ خراپ پیشاندانی ڕۆڵ و بایەخی باوک، لە کۆمەڵگەی ئێمە کاردانەوەیە یان جۆرێکە لە دنیابینی تایبەت؟ باوک لای ئارام محه‌مه‌د، جۆرێکە لە دنیابینی، دەیەوێت ئەو تێگەیشنە بگوازێتەوە.
نووسه‌ر له‌ ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا) خزمه‌تی به‌ خێزان و فۆڕمێکی کراوەی خێزان كردووه‌، بۆیه‌ لام وایه‌ ئه‌و سرووشت كاركردنه‌ له‌ خزمه‌ت مرۆڤدا، وا له‌ ده‌قه‌كانی ده‌كات ڕاستگۆ بن و بە زیندویی بمێنێته‌وە. به‌ كاره‌كانیدا دیاره كه‌ له‌ كوێدا چی پێویست بووه‌ ئه‌وه‌ی چنیوه‌ و ئازادانه‌یش كاره‌كته‌ره‌كانی دواندووه‌ و له‌گه‌ڵیاندا ژیاوە. سوژەی باوك به‌م جوداوازی كاركردنه‌، هه‌ڵگری په‌یامێكی ورد و قووڵه‌. بێگومان كاركردن له‌نێو ئه‌م پرسه‌دا، بە تایبەتی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌یەکی داخراوی كولتووریدا، ته‌نانه‌ت له‌ تاك به‌ تاكی نێو خێزانه‌كانیشدا گرنگه‌. ئێمە لە ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا) و کارەکانی دیکەی نووسەردا، خێزان بەگشتی و ته‌نانه‌ت باوکێکی تایبەت و جیاواز دەناسین، کە ناکرێ لە دژی بین و ڕقمان لێی بێت. بەهەمان شێوە دایکێک هەیە بەهەمان ئاست و به‌ بایەخ، گرنگی هەیە و له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا به‌ ته‌نگ خێزانه‌وه‌یە، ئەو دایکە وه‌ك ژن بیر دەکاته‌وه‌ و وه‌ك دایكێكی ڕاسته‌قینه‌یش دەبینرێت.
ئارام محه‌مه‌د ورد لەبارەی یەکسانی و ماف لەنێوان باوک، وەک پیاو و دایک، وەک ژن ئیشی کردووە، هەوڵی ڕزگارکردنی هەردوو مرۆڤەکە دەدات، لە کۆتوبەندە کولتووری و ئایینی و نەریتییەکاندا، هەروەها لە ڕووی داب و نەریت و خودی مرۆڤ بوونیشەوە.
ئارام محه‌مه‌د، لە زۆرینەی کارەکانیدا، خێزانێک پێشان ده‌دات، لەگەڵ باوک و بێ باوک، بایەخ و گرنگی باوک بۆ خێزان لە کۆمەڵگەی کوردیدا ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، خێزانێک سێبەری باوکی تێدا نەماوە، كه‌ لەبەردەم ترس و شۆکدان، ته‌نانه‌ت لەبەردەم هەڕەشە و پەلاماری جۆراوجۆردان. هه‌ر ئه‌و ترس و په‌لاماردانه‌یش وا دەکات شوێن پێی باوك، وه‌ك سووژه‌ به‌ شێوه‌ی جودا مانا بدات.