278027250_963120154567016_888308964897614347_n

2022/04/06

ئەم هاوارە پەردە لەسەر جیهانێکی نادادپەروەر هەڵدەداتەوە

هۆشەنگ محەمەد


ئەم ڕۆمانە، لەبارەی (دڵدار)ی شاعیرەوەیە، باسی ژیان و خەبات و مردنی دەکات. لەڕێی ئەویشەوە باسی گوتارەکانی سیاسی و دینی و رۆشەنبیری کورد، لە سەردەمێکی مێژوویی گرنگدا دەکات، کە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و دامەزراندنی حزبەکانی کوردستانە. ماوەی نێوان یەکەم و دووەم جەنگی جیهانییە، کە کورد لە عێراق و پارچەکانی تریشدا، ئەزموونی کۆمەڵێ و کێشە و ململانێ و شکست و خەون و شۆڕش دەکات.
لە ڕێی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا، لە دیوێکی وجوودییەوە کوردبوون و شاعیربوونی (دڵدار) دەبینینەوە. موقەدەسەکانی ئەو گەنجە، خەیاڵ و بیرکردنەوە و مەعریفەکەی، خۆزگە و هیوا و هاوارەکانی. لە هەموویشی گرنگتر، تێدەگەین (ئەی ڕەقیب) وەک گەشانەوەیەکی روحیی نەتەوەی کورد، بۆ لە (دڵدار) جیلوەی دا؟! بۆ کەسێکی تر لەم سەردەمەدا نەیتوانی شیعرێک بنووسێت، ببێتە پەردەلادەری ئەوەی روحی کوردی دەخستە پەردەوە؟! بۆ ئەم دەقە، بووە وێردی سەر زمانی کورد و تا ئێستاش هاوارەکەی هەر بەرز دەبێتەوە؟!
ئەم هاوارە پەردە لەسەر جیهانێکی نادادپەروەر هەڵدەداتەوە، ستەمی زۆرداران ئاشکرا دەکات، ناشیرینی و ئازاری خیانەت دیاردەدات. هاوارێک ئەگەرچی هەمیشە بەرز دەبێتەوە، بەڵام نابیسترێت!
دەستخۆشی بۆ کاک (ئارام محەمەد)، کە بەم ڕۆمانە هەنگاوێکی گرنگی هاویشت، تا ئەدەبی کوردیش بتوانێت لەڕێی ڕۆماندا، کەسانی ڕووناکی خۆی پیشان بداتەوە. ئەم ڕۆمانە ڕێز و ستاییشێکە بۆ روحی گەشاوەی (دڵدار) و ماڵەکەی، کە بەتەواوی شایستەیانە.