277556305_4974492909336368_1222840660114056604_n

2022/04/08

ئەو هاوارە‌ نەبیستراوەی کە لە ئارامەوە بیستمان

هۆشەنگ قادر
ئەو ڕۆژەی لە پێشنگای کتێب لە سلێمانی لەگەڵی دانیشتبووم دەنگ و باسی ئەدەبیم لێپرسی، ووتم ئارام گیان بەرهەمی نوێت چیە.
گەر بیرم بێ ئارام بەملپێچێکی نیلیەوە بلۆزێکی سەوزی کراوەی لەبەربوو. وەک ھەمیشە بێدەنگیەکەی هێمنیەکەی لێوەکانی لە سەر یەک دانا گووتی کاک هۆشەنگ شتێکی ناوازەم وا لە چاپە چاوەڕوانم بەم زوانە تەواو بێت.
ڕۆمانێکە لەسەر ژیانی دڵداری شاعیر
منیش ئا لەو ڕۆژەوە ئینتیزاری ئەو ڕۆمانە ناوازەیە بووم… کەواتا ڕۆمانێک سەد‌ دەرسەد بێشک کۆییانەو خۆییانەیە، ئاخر ڕۆمانێک لەسەر ژیانی دڵدار ئەوە یەکەمجارە لەناو ئەدەبیاتی کوردی ڕۆمان لەسەر ژیانی شاعیرێک بنوسرێت ئەمەش نوێگەریە کەواتا ئاساییە لە ناو ڕۆمانەکە گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی ئەو کاتەی کۆیەو شەرە گەڕەکو مەکتەبەکانو ناو‌ڕەزانو ناو بازاڕو قەیسەریو ماڵێ خادمول سوجادەو زەینەب خانی شاعیر خوشکی دڵدارو ئاسەف دایک‌و باوکی. ئیتر بەم هەواڵەی ئارام زۆر بەکەیفو دڵخۆشبووم.
ئەگەر فرۆید بەشەڕە گەڕەکەکانی ئەوکاتەی شارەکانی ئێمەی بزانیبا بێگومان سەدان لاپەڕەی لە سەر دەنوسی کەچۆن وەک باوکی دڵدار شرۆڤەی شەڕەگەرەکی کردووە وەکاردانەوەی ئەم شەڕانە لە سەر هاوڵاتی کورد…. شەڕ وەک شتێکی حەتمی وەیەکەم بەریەککەوتنی ناخۆشی منداڵان لەگەڵ یەکتری.
بەهەر حاڵ…. ماوەیەکی زۆری ویست تا ڕۆمانەکەلە چاپ دەرچوو کە گەیشتە کۆیەو بەتەلەفۆن گوتیان وەرە ڕۆمانەکە هاتووە،‌لە دائیرەوە بێڕاوەستان چووم… لە ماڵەوەهێنام لە خۆشیان هەر ئەو ڕۆژە هەموویم بەچەن سعاتێک خویندەوە بەڵام ئەو چەن سعاتە بۆمن زەمەنێکی زۆری خەیاڵاوی بوو نەمزانی چەن خێرا کات ڕۆیشت بێئەوەی بزانم سعات چەندەو چەند نیە ، بەڵێ من بووم تێکەڵ بە پیت بە ووشە بە ڕستەو دەق بوومەوە.
لە قوڵایی ناخی ڕۆحمەوە ئاوێزانی دڵدارو ژیانی بوومەوە ئەوەی مەتڵەبم بوو لەو ڕۆمانە نهێنیەکان دەنگە نەبیستراوو نەزانرەوەکانم بەدەست هێنا…. ئیتر دڵداری شاعیرم ناسی.
هەر لە سەردەمی منداڵیەوە لە گەرەکی بەفری قەندیەوە گواستنەوەیان بۆ ڕانیەو یادگاریەکانی ئەوێندەرێو گەڕانەوەیان بۆ کۆیەو دواتر دیسان گواستنەوەیان بۆ هەولێرو لە وێشەوە بۆ کەرکوکو دیسان‌ هاتنەوەیان بۆ کۆیە… ئاخر کۆیە ئەو شارەیە کە وا بەئاسانی مەگەر دەسبەرداری بی.
بەڵێ وا بەعیشقەوە تێکەڵ بە ناواخنی ڕۆمانەکە بووم کە نوسەر باسی سەردەمی منداڵی دڵدار ئەکا ڕاستەوخۆ سەردەمی منداڵی خۆم بیرهاتەوە خۆم بوومەوە کاراکتەر هەموو جارێ کە لە مەکتەبی زانست مامۆستای وانەی کوردی دەستو پەنجەی دەگرتین فێرە پیتەکانی دەکردین لەسەر دەفتەرە شڕوو پڕەکانانمان یان بەتەباشیر لە سەر تەختە ڕەشەکەی پۆل بنوسین یییا وووو باااا کۆییەەەەە ئەو بەدەنگی بەرزدەیگووت دارا دوو داری دی ئێمەش بەزەوقەوە توند هاوارمان دەکرد دارا دوو داری دی … هەڵبەت ئەم گوتنەوەو دەنگی مامۆستا لە ڕیتمێکی مۆسیقی ئەچوو لە سەر شێوەی گۆرانی بێژوو کۆڕس.
دواتر لە مەکتەب ئیزن دەدراین بە خێرایی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کە پێش هەموو شتێ میزمان دەکرد دواتر بۆ یاری‌لەگەڵ منداڵانی گەڕەک…..
تاکو شارو خانووەکان کۆنتر بن یادگاریەکان جوانتر ئەبن، حەقی خۆیەتی کۆیە نازناوی شاری بیرەوریو یادگاریەکانی لێبنرێ.
ئیتر نازانم بۆوابوو هەر لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە فرمێسکم بەچاو هات… ئاخر ناحەقمان مەگرن سۆزی کۆیە زۆر کارتێکەرە.
ریتمی نوسینی ڕۆمانەکە تەواو بەستایلی نوسینی هەریەک لە ئەنتۆن چێخۆفو ئەلبێر کامۆ ئەچێ.
ئەمەش سیحرو سەرکەوتنی ئارامە.
حەقی خۆیەتی ئەم ڕۆمانە لە هەموو ماڵێکی کۆیەدا هەبێ.
وەلێ دڵدار بۆ ئێمەی کۆیی ناسنامەمانە.
ئاخر پیرەمێردی شاعیر ناحەقی نەبووە کە بە باوکی دڵداری گوتوە کاک ڕەئووف با نازناوی عەرافی کوردایەتی لە دڵدار بنێین.
ئاسەف ووتەنی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خەونەکانی تەنانەت شەڕی ناهومێدیش دەکات، هەر ئەوەش بوو شیعرو مارشی ئەی ڕەقیب لەدایک بوو.
نۆستالۆژیای ڕۆمانەکە
بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە سەردەمی منداڵیو ژیان لە کۆیەو ڕانیە، بەشی دووەمی ژیان لەهەولێرو کۆڵانە خوارو خێچو تەنگە بەرەکانی سەر قەڵات.
قەڵات کە پڕیەتی لە تورکمانی هەولێری هاوسێیە تورکمانەکان ، ئەو
ژنە تورکمانانەی کە بەماڵێ کوردەکانیان دەوت ئیشتە کرمانجن.
بەشی سێیەمی تایبەتە بە خوێندن لە متەوەستەو ئەمادەیی کەرکوک کە چۆن لەوێ لەگەڵ برادەرانی کۆمەڵەی دارکەر دروست ئەکەن کە دواتر ناوەکەی ئەگۆڕێت بۆ کۆمەڵەی هیواو پەیوەندیان لەگەڵ ڕەفیق حیلمیو ئەندامانی کۆمەڵەکە….. هتد.
دواتریش چوونی بۆ بەغداو خوێندنی کۆلێژی حقوق لە بەغداد پەیوەندیەکانی لە گەڵ مسعود محمدوو برادەران، وە پەیوەندیە شەرمهێنەرەکانی لەگەڵ بەهیەی تاقانەی کچی فەرەجوڵا خەڵکی مەریوانن چونەتە میسرو دواتر قەدەر لەسەر کێشەی ئاینی هاتونەتە بەغدا …. هتد.
بەقەولی دڵدار کە ووتویەتی لەو گەرمایە تاقەت پڕوکێنەی بەغدا من هێشتا بیرم لە سەرماو زستانی کۆیە دەکردەوە، بیرم لە قەڵاتو بایزاغاو بەفری قەندیو هەواوانو حەمامۆکو قسەخۆشەکانی باوکمو دایکموو ماڵەوە دەکردەوە.
ڕاستە فۆکس لەم ڕۆمانە لەسەر لەدایک بوونی شیعرە مێژوویە بەناو بانگەکەی دڵدارو ئەی ڕەقیبە… بەڵام جوانیو ئیستاتیکای ڕۆمانەکە شتێکی ترمان پێدەڵێ.
بەو هیوایەی هەموو کۆییەک ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە… بەتامو چێژی کۆییانە نوسراوەتەوە…
وێنەکە گۆستانی کەکۆنە سەر گڵکۆی دڵداری شاعیر لەپاڵ قشڵەی کۆیە. خۆزگە ئارام محمدی نوسەری ڕۆمانەکەم لەگەڵ دەبوو.
دەرباز بەکەچە مۆبایلەکەم چرکاندوویەتی.