277297527_5282351805128991_6564173716126351326_n

2022/03/25

لەبارەی ئەو هاواری نەبیسترا

عومەر سەید

دەق ئیدی هەر ڕەگەز و جۆرێک بێت. یان زیندووە یان مردووە. ئەوەی مردووە، پێویست بە قسەکردن ناکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەقێکی فرە ڕەهەند و خوێندنەوە، دەقێکی زیندووش دیسانەوە قسەکردن لە بارەییەوە قورستر و ئاڵۆزترە. خوێنەر ناهەقی نییە زۆر جار تەنها دەنووسێ زۆر جوانە، ئاخر خۆ ئەو وەک خوێنەرێکی بە ئاگا و بە سەلیقە بە رۆح و هەست و ئاستی چێژ بینین و بەرکەوتنی بە دنیا و سیحری نێو دەقەکە، سەرسامە و لەوە زیاتری نییە، کە سەرسامی خۆی دەربڕێت. ئەوە رەخنەگرە نەک خوێنەر، دەقێکی پڕ توولانی و پێچ و پەنا و کۆد و تەکنیک ئاشکرا دەکات، کە ڕاڤەکردنی ئاسان نییە.
وەک خوێنەرێک ئەم هاوارەی بەڕێزتانم خوێندەوە. هاوارێک وەک هاواری حەیرانبێژ و وەک دەنگی ناڵەی زیرەک و دەنگی غەمگینی عەلی مەردان جوان بوو، کاریگەری و هەستی خەم و ژیانی لا وروژاندم. وەک مەقام و لاوکێک، هەموو هەست و جووڵە و ریتم و ڕەزمێک تەبا و تەواو بوو. هەموو وردەکارییەکی ڕۆمان و سەلیقە و پڵۆت و…. ڕەنگدانەوی وەستاسازی و ورد کارکردنی بەڕێزتانە. هەڵبەت لە خۆڕا ئەم قسانە ناکەم و بەش بە حاڵی خۆم دەنووسم و دەزانین ڕۆمانێکی باش و جوان، بۆ جوان و باشە.
لەم کۆمێنتەدا تەنها هێندە هەیە وەک هەر خوێنەرێک بڵێم: بژیت و دەستخۆش و جوان بوو. لە دنیایەکدا بە لێشاو لە سەر دەقی مردوو دەنووسرێت و مشتومڕ دەکرێت. هەر هیچ نەبێت، لێرەوە و لەم کۆمێنتەوە، ویستم پێت بڵێم: ڕۆمانەکەت وێناکردن و ئاشناکردنێکی زۆر ورد و گشتگیر بوو بەو شاعیرە و سەردەمەکەی. گەرچی بواری جووڵەی خەیاڵ و فەنتازیا لە نێو دەقێکی مێژوویی و واقعیدا کورت و تەسکە، بەڵام تەکنیک و سیحری گێڕانەوە و کورتبڕی لە ڕوودا و خێرایی لە گێڕانەوەدا، بە ئەدەب و ڕۆمان کردنی ئەو ڕۆژگارە و بایۆگرافی ئەو شاعیرە ژیان سادە و پڕ خەم و دنیابینییەی سەدی پڕ نووشست و ململانێیەی نەتەوەی ئێمە و زیندوکردنەوەی، کارێکی گرنگە. ئەو مێژووەی بەشێکە لە ڕۆحی هەموومان و کەمی لە بارەوە دەزانین و پێوستمان بە سەدان ڕۆمانی وایە تا تێیبگەین و لە ناویدا بژێین.
هاوارێک کە کەس نەیبیست، ئەو هاوارەیە کە تا ئێستەش کەس گویێ پێنادات. هاواری هەموومانە. بەش بە حاڵی خۆم، گەڕامەوە ئەو سەردەمە و هەستم بەو برینانە کرد، کە ڕیشەی تا ئێستا هاتووە. سوپاس کاک ئارام، کە منت بە ژیان و دنیای دڵدار ئاشنا کرد. سوپاس دەزگای نووسیار، بۆ ئەو کوالیتیە جوانەی کتێبەکەتان.