275381661_5234674626563376_305530376639332025_n

2022/03/07

دیوی شاراوه‌ و سیاسیانه‌ی دڵدار

کاروان حەسەن

ئەو هاوارەی نەبیسترا، ڕۆمانێکی بایۆگرافی (ژیاننامە)یە، باس لە کەسایەتی و ژیانی شاعیری لاو و کەم تەمەن (یونس ڕەئوف) ناسراو بە (دڵدار)، خاوەنی سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) دەکات.
لەم ڕۆمانەدا زۆر لایەنی شاراوەی ژیانی دڵدار ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، چونکە پێشتر(دڵدار)مان هەر بەوە ناسیوە کە خاوەنی سروودی (ئەی ڕەقیب)ـە. بەڵام لەم ڕۆمانەدا ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەوروبەری دڵدار بە وردی و جوانی خراوەتە ڕوو. هه‌ست ده‌كه‌ین، له‌ دیوی پشته‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ واقیع و خه‌یاڵ، له‌و‌ ڕێگه‌وه‌ ژیانی دڵدار تێدا وێنا كراوه‌. نووسەر زۆر بەسەلیقە و دیقەتی ورد و پاشخانێکی ئەدەبی جوان و پڕ زانیاری، چووەتە ناواخنی ژیانی دڵدار و یەک یەک پەنجەی خستووەتە سەر کێشە و ڕووداو و ڕۆژەکانی ژیانی ئەم شاعیرە.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر پێمان دەڵێ: کە دڵدار تەنیا شاعیر نەبووە، ئەو چالاکوانێکی سیاسی و ڕۆشنبیر و کوردپەروەر و دڵسۆز بووە بۆ نەتەوەکەی، ئەو هەمیشە بەتین و وزەوە لە هەوڵی ئەوە دابووە، کە کورد بە مافە نەتەوەییه‌كانی بگات و هەمیشە پاڵپشتی جوتیار و پاڵە و مافخوراو و ستەمدیدەکان بووە، سڵی نەکردووه‌تەوە لەوەی چی بەسەردێت و چارەنووسی چی دەبێت، هەمیشە ویستوویەتی پاڵپشتی جەماوەری زوڵم لێکراوبێت.
خەونی دڵدار له‌ منداڵییه‌وه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كۆچی دوای ده‌كات، بریتی بووه‌ له‌ سەربەخۆیی كورد و بوونە خاوەن ئاڵا و ماف. هەمیشە بیر و خەیاڵی لە لای نەتەوەکەی بووه‌، لەخەونیشدا سەربەخۆیی و بوونە خاوەن وڵات وازیان لێ نەهێناوه‌.
ئەمانە هەمووی هێوێنی دروست بوون و بزواندنی هەستی دڵدار بوون لە دروستکردنی کۆمەڵەیەک بۆ داکۆکی کردن لەماف و داوا ڕەواکانی گەل، ئەو بەدروشمی(کۆشش لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکەوەیە) دەکۆشا.
دڵدار دەیویست ئەزمونێکی تازە تاقی بکاتەوە و خەڵکی گەنج و خوێنگەرم پاڵپشت و هاوکاربن و قسەیان هەبێت. کوردبوون و بەرگریکردن لە کورد، گەورەترین و بەرزترین ئامانجی دڵداربووه‌. خەمی گەورەی خۆخۆری و دواکەوتوویی و خیانەتی ناوخۆیی بووه‌.
چیڕۆک و بەسەرهات و ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە زۆر جوان چنراون، بابەت و بەشەکان بەسەر یەکەوە جوانییەکی تری بەخشیووەتە ڕۆمانەکه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌م ڕستانه‌ ورده‌كاریی زۆریان له‌ پشته‌وه‌یه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی كاركردنه‌وه‌ ده‌ڵێت: دانیشتن و نوزانەوە هیچ ناگۆڕێت، کار و جووڵە دەستی مرۆڤ دەکاتەوە. ل٢٢. له‌ باره‌ی خوداوه‌ ده‌ڵێت: سەیری ئاسمان مەکە، تا لە خوا بگەڕێیت و لێی بڕوانی، لە هەرکوێ بڕوانی خوا لەوێیە. ل٢٣ یان له‌باره‌ی شوێنه‌وه‌ ده‌ڵێت: لەهەرشوێنێک بین گرنگ نییە، ئارامی و دڵخۆشی مانا بەشوێن دەبەخشن. ل ٢٧ له‌باره‌ی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی كورد، ده‌ڵێت: ئەو پەرتەوازەییە تاڵی بەهەمووان دەچێژێت، بۆیە پێویستە بەیەکەوە بین. ل ٢٧

*ئه‌و هاواره‌ی نه‌بیسترا، نوێترین ڕۆمانی نووسەر و ڕۆماننووس (ئارام محەمەد)ـە، وەشانی نووسیار لەساڵی (٢٠٢٢)چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، لەدوو توێی (٢٠٠)لاپەڕەدا.