ئەو هاوارەی نەبیسترا …
مەسعود شێخوەسانی
ڕۆمانێکی نایابی ڕۆماننووس ئارام مەحەممەدە، ئەم ڕۆمانە باسی ژیانی دڵداری شاعیر دەکات پتر وەک ناسیونالیستێک تا شاعیرێک، ئەگەرچی دڵدار تەنها ٣٠ ساڵ ژیاوە، بەڵام بەپێوەری دید و چالاکییەکانی دڵدار بێ ناتوانرێ لە ٣٠ ساڵ تەمەن جێی ئەو دیدە قووڵەی دڵدار بکەینەوە، بۆیەش مەحەممەد عارف لە پۆرترێتی دڵدار، وێنەکە وا دەکێشێت کە دڵدار تەمەنی سەرووی ٦٠ ساڵ بێ هەم لەبەر ئەڤینی شێوەکار بۆ دڵدار کە تەنها ئەوەی لەدەستهاتووە لەڕێی پۆرترێتێکەوە وا بکات دڵدار زیاتر بژیێ، هەمیش بۆ دروستبوونی هاوسەنگی لەنێوان تەمەنی دڵدار و چالاکیی و بەرهەمەکانی .
ل٩٦ (دڵدار : نامەوێت زیرەکترین قوتابی بم، هەندێک قوتابی پێم پێدەکەنین. دەیانگوت بۆ ؟
جەلال گوتی بڵێ با بزانن، باشترە قسە لە کاتی خۆیدا بکرێت.
گوتم، ” چ داوەشانێکە، پێ لە جەرگی خۆت بنێیت و ئاڵایەک بەرز بکەیتەوە کە ئاڵای تۆ نییە”. )
هەڵبەتە ڕێسایەک هەبوو، ڕۆژانی شەممە قوتابییەکان ڕیز دەکران و زیرەکترین قوتابییەکان بەدەم گوتنەوەی سروودی نیشتیمانی عێڕاق ئاڵای عێڕاقیان بەرز دەکردەوە، لەو سۆنگەیەوە دڵدار وای گوتووە.
لەزۆر ڕەهەندە و ئەو ڕۆمانە زۆر باڵایە، ڕۆماننووس بە زمانێکی زۆر جیاواز و پڕ چێژ، لەسەر هەموو ڕووداوەکان، بەچەندین ڕستەی شیعر و ئاخنراو لە واتای قووڵ، وەستاوە، تەنانەت خوێنەر دەکەوێتە گومانەوە کە ڕۆماننووس خۆی لەگەڵ ڕووداوەکان بووە کە ئاوا ڕەوان و پڕ نووسیوویەتییەوە، یان شەونخوونی و ڕۆژنخوونی بۆ کردووە و لەهەموو ئەو دەرگا و پەنجەرانەی داوە کە زانیارییەکی تێدا دەستدەکەوێت لەسەر دڵدار، بۆیە ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە.
خاڵی هەرە گرنگ و پڕ بەهای ئەو جۆرە ڕۆمانانە و کە جاندۆستی ڕۆماننووسیش بە چەندین ڕۆمانی ناوازەی وەک کۆبانێ، میرنامە و سێ هەنگاو و سێدارەیەک، لەسەر ئەو خاڵە ئیشیان کردووە، کارێکە کە سەرەڕای لەسەت لاوە گەمارۆدان و کوتان و بێ ئەرزش کردنی هەستی نەتەوەیی لەلایەن بەشێک لە شاعیران و نووسەران، ئارام بە ئاراستەی بایەخدان و زیندووهێشتنەوەی هەستی نەتەوەیی، ئەو شاکارەی نووسیووە کە بۆ من تا کەشکەڵانی فەلەک جێی دڵخۆشی بوو.
ئەو نووسینەی من هەڵسەنگاندن نییە، بەڵکو نووسینەوەی بەریەککەوتنی من و چێژە لە خوێندنەوە.
ئەدەبیاتی دەوڵەمەند تەنها چێژ نادات بە مرۆڤ، بەڵكو هۆشیاریشی دەکاتەوە، ڕێک وەک ئەم ڕۆمانە مەزنە.
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە.