277301941_1021624775103273_260879265966656171_n

2022/04/06

لە رۆمانی «ئەو هاوارەی نەبیسترا » چی بیسترا؟

ڕێبین شەمامکی

دەبوو ئەو هاوارە زووتر ببیسترابا، نیو سەدەیە ئێمە بە سروودی ئەی ڕەقیبەکەی دڵدار وەڵامی داگیرکەران دەدەینەوە و کێرڤی کوردایەتی پێ سەر دەخەین. بەڵام هێشتا نازانین دڵدار جگە لە شاعیرێکی نەتەوەیی چیتر بووە؟ تا ئەو ڕۆمانە نەخوێنیتەوە سەنگی ئەو پیاوە و خانەوادەکەیان لەو سەردەمە نازانی! ڕۆشنبیری ئەو کات لە چ ئاستێک و زمانزانی چ حزوور و فەرهەنگێکی هەبووە! لە ڕێی گەڕانەوە بۆ ئەو زەمەنە ئاشنا دەبین بە کۆمەڵێ کۆد لە ژیان و سەردەمی دڵدار و دۆزی گەلەکەی.

ئارام زۆر بە ئارامی لەو ڕۆمانە دۆکیۆمێنتاریە مێژووییە، دڵدار دەکاتە کارەکتەرێکی سەرەکی و رۆڵی خۆیمان بۆ نمایش دەکات. هەندێ جار لە زمانی خۆی و هەندێ جار لە کەسی دی تیلم تیلم سەرەداوی ڕووداوەکان دەباتەوە کن یەک، وەک ئەندازیارێکی شوێنەوار بە وردی و کارامایی دەست بۆ ڕووداوەکان دەباو هەمووان دەدوێنێ! بەبێ ئەوەی ئاگات لە خۆ بێت، دەتباتەوە زەمەنێکی دوور، لە هۆڵێکی گەورەی شانۆدا فۆکەس دەخاتە سەر ناو یونسێک لە منداڵیەوە تا دەبێتە دڵدار، لەسەر شانۆی ئەو ڕۆمانە سیناریستی چیرۆکەکەی واداڕشتووە هەمووان بەشدار پێ دەکات، دێ بە هۆی زەینەبەوە بە کۆمەڵێ لایەنی شاراوەی دڵدار ئاشنا دەبی، شەرمنی منداڵی و قەومی گەنجێتی و تا ئەو کاتەی ژانی نەتەوەیی دەیگرێت و ئەی ڕەقیب دەنووسێ! لە ڕۆمانەکەدا شیعر پایەی دووەمی بەردەکەوێ، لەو ڕۆحە نەتەوەییەی دڵداری پێ عاشق کردوەو شایلۆغانیەتی بۆ کۆمار، دڵدار لە ناوەکەی، کە دەبوو عاشقێکی سەرکێش بووایە کەچی عیشق بۆتە قوربانی کوردایەتی و لە دوو وادەی جێژوانی لێ تێک دەدات و کەچی نابێتە مەجنوونیش! ئەو هەستی کوردایەتیەی لەزەمەنێکدا بێ ئومێدی زاڵە بەسەر تاکی کورد، تەنانەت کوردبوونیش فەرامۆش بووە، ئەو دێ سەرچۆپی ئەو دۆزە دەگرێت و لە ئەی ڕەقیبەوە دەست پێ دەکات و ڕۆڵی قیادی تێدا بینیوە! چونکە بە گەڵ کەوتن قەت نایەتە مەقامی ئەو کارەی تۆ دەستپێشخەری دروستبوونی بکەی! دەیخاتەوە ئەو قالبەی کە کوردینی لە قالبی داوە!
لەو ڕۆمانە مێژووییە مەقامی ئافرەتی کورد نموونەی زەینەبێکمان دەداتێ، کە کورد لە هەموو زەمەنێک زەینەبی خۆی هەبووە، وەک ئاماژەیەک کە ئەو کاتیش خانەوادەی خوێندەوارو ڕاقی هەبوون، کە سەرمەشقی زانین و فێرکردن بوون. سەردەم سەردەمی بێکەس و پیرەمێرد و ڕەفیق حیلمیە، کە هەریەکەیان بایی خۆیان زیاتر خۆیان بە شوناس کردووە و رۆڵیان نادیدە ناگیرێ.
لە دوا دیمەنی مەرگی دڵدار نزیک دەبینەوە لە سەفەری دڵدار بە وەزیفەی پارێزەر بۆ کێشەی جوتیاران، ڕۆژێک پێش ئەو بەروارە دێتە هەولێر و لە١٩٤٨/١١/١٣، لە مەخفەری پۆلیس بە مردووی دەیدۆزنەوە، بۆیە دوو بۆ چوون و گومان هەن، یان دەبێ جاسووسی رژێمی ئەو دەم، لە رێی جانتاکەیەوە پەی بە کۆمەڵێ زانیاری بردبێت و بەدوای جووڵەی بوونە و ژەهرخوارد کرابێتن، وا ئارام بەدوای بۆیەچی وێڵە بۆ زانیاری و دەستی ناکەوێ!
یا لە داخی جانتاکە ئاڵودەیی یەخەی گرتبێت و کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دابێت و لە سەرمان لە ناو زیندان ڕەق بووبێتەوە!

لە کۆتاییدا دەستخۆشی زۆرم بۆ کاک ئارامی نووسەر هەیە، لە دوو زەمەندا ئاگای لە زمانی بووە و توانیویەتی چۆن ڕۆڵەکان تەوزیف بکات، سەرەڕای داخرانی دەرگای خەیاڵی نووسەر لەو ڕۆمانە دۆکیۆمێنتکاریە، کە دەبوو وابێ، دواجار ئەو مێژوویەک ساغ دەکاتەوە و دەیگێڕێتەوە، نەک کارەکتەرێک لە خەیاڵ، بەڵام هارمۆنی ئەدەبی و فەنتازیاکەی لە نووسین وای لێکردم بە حەزەوە بیخوێنمەوە.
جارێکی تر سوپاسی دەکەم…