283289160_1050677608864656_1659489269646797511_n

2022/06/08

دوا وشە

هاشم ئەحمەدزادە
گێڕانەوەی بەسەرهاتی وردی دڵدار لە بواری مێژووییەوە و لەبەر ڕەمزییەتی ”ئەی ڕەقیب” زۆر گرنگە. ئەو هاوارەی نەبیسترا بە تەکنیکی زەریفی دابەشکردنی زەمەن و گۆشەنیگا بە سەر دوو ”من”دا دەروازەیەکی نوێ لەسەر گێڕانەوەی کوردی و تەکنیکاندنی شێوازییانە دەکاتەوە: ”من”ی وەگێڕی بەسەرهاتەکە و ”من”ی خودی دڵدارەکە و بیانووی گێڕانەوەکە. ئاوێتەکردن و تێکسڕماندنی سیلەی دووهەم کەسیش لە هەندێ شوێنی گێڕانەوەکەدا ئاستی ڕاستینواندنی بەسەرهاتەکە بەرز دەکاتەوە. بەڵام تۆ بڵێی لەنێوان ئەو دوو ”من”ەدا دەیان و بگرە سەدان ”من” و ”ئەو”ی دیکە لەم گێڕانەوەیەدا فەرامۆش نەکرابن؟ تۆ بڵێی گێڕانەوەکە توانیبێتی پێشینە و پاشێنەی گوتارییانەی سی ساڵ ژیانی کەسایەتیی سەرەکیی گێڕانەوەکە بەتەواوی بئافرێنێتەوە؟ هەستی خوێنەرانەی من پێم دەڵێت ”من”ەکانی دیکەی یارییەکە تەواو ئامادەی گۆڕەپانی گێڕانەوەکە نین و چڕییەتی شیعرییانەی گێڕانەوەکە مەجالی دەرکەوتنی بە هەموو فاکتەرەکان نەداوە. هەستی خوێنەرانە دەخوازێت وەگێڕ عەرش و قورش لێک بدات بۆ ئەوەی چیرۆکی ئەم پیاوە کە هاوارەکەی نەبیسترا ئەمجارەیان ببیسترێت. دەبێ زایەڵەکانی ئەم هاوارە وەک پڕشنگی خۆر دەر بخرێن و تابڵۆی فرەڕەنگی گێڕانەوەکە گوتاری ئەو سەردەمی بە هەموو ڕەنگەکانییەوە وێنا بکات. پرسیار ئەوەیە گەلۆ سیلەنیگای یەکەم کەس توانایی هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە ئەستەمەی هەیە؟
ئارام بە نەبزی دڵدارییەوە قۆڵی لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی هێمایەکی نەتەوەیی هەڵکردووە و کارێکی کردووە کارستان. ئاخر مەگەر نەتەوە هیچ شتێک هەیە جگە لە گێڕانەوە؟ ئەگەر ئەم دووانەی گێڕانەو و نەتەوە تۆسقاڵێک هەڵگری ڕاستی بێت و خۆی لە وێنەی تابڵۆیەکی ڕەنگاڵەیی دەر بخات، ئەوە گێڕانەوەی ئارام هەنگاوێکی بوێرانە و ژیرانەیە بۆ وێناکردنی ئەم تابڵۆیە. کوردبوون لەو دیوی دەیان ساڵ کەوتن و هەستانەوە و لەو دیوی سەدان هاواری نەبیستراوەوە، هێشتا هەر حەیرانێک و حیکایەتێکی تەواونەکراوە. دواجار هەوێنی ئەم نەتەوەیە نامەیێت گەر جەمسەرەکانی گێڕانەوەکەی وێک نەیەنەوە. ئارام لاپەڕەیەکی لەم گێڕانەوەیە زیاد کردووە و ئەم کاروانە هەر وا دەمەشێت و درێژ و درێژتر دەبێتەوە و بۆ گەیشتنی بە ئامانج هێشتا گێڕانەوەی زیاتر دەخوازێت. خوێنەر هەمدیس چاوەنواڕی گێڕانەوەی ئارامە.”