450859395_993056362822175_1837374470185539322_n

2024/07/11

ئەو ھاوارەی نەبیسترا

بەشدار وسوو

چ شاعیرێک ھەیە، لەگەڵ ھەزاران دەرد و ناسۆر سەری نەنابێتەوە؛ چ شاعیرێک ھەیە، لەگەڵ ھەزارن خەون سەری نەنابێتەوە.
کامە شاعیرە، دەنگی گەشتتووە؟ کامە شاعیرە، ھاواری بیستراوە؟.
ناسۆری دڵی “دڵدار”یش کوردستان بوو، تەبایی و یەکگرتن بوو، ھەر بەم دەرد و ناسۆرەش سەری نایەوە.

ئەو ھاوارەی نەبیسترا خەمی گەلێکە، باسی لاوێک و کەڵە شاعیرێکی جوانە مەرگە؛ ھەر بە مەرگی ئەو لاوەی نیشتمان دەست پێ دەکات، بە مەرگی ئەویش کۆتایی دێت.
من ئەمرۆ حەزم دەکرد، پڕ بە دڵم ھاوار بکەم. فرمێسک، ئاھی بە بەر دڵم نەدەھێنا.

ئەو ھاوارەی نەبیسترا، لە ڕیزی ئەو ڕۆمانانەیە، دەبێت ھەموو گەلی کورد شانازی پێوە بکات. کەمن وەک مامۆستا ئارام بنووسن، ئەمن زۆر دڵخۆشم، زۆر شانازی دەکەم ڕۆماننووسی وا کوردانە و کوردنووسمان ھەیە.
لە ڕۆمانێکی ٢٠٠ لاپەڕەدا، ئەوەی پێویستە وتراوە، پوخت و پڕ بەھا و مانا.

زمان، ئەو پەڕی ڕەوانییە، زێدەڕۆییم لە یەک شوێن نەبینی. ھیچ شەرمی تێدا نیە، ڕۆماننووسێکی خاوەن ٧٠ کتێب بێت لە “ئارامەکان” فێر ببێت، ڕۆمان ھەر ڕیز کردنی ڕستە نیە، چ شانازیێکی تێدایە ڕۆمانێکی ٣٠٠ لاپەڕە بنووسی ھیچ پەیامێک نەگەیاندبێت، ھیچ یادگاریەکت جێ نەھێشتبێت. مامۆستا ئارام، توانیتی لەم ڕۆمانە، بە دوو وشە، بەھێزترین پەیام دوای خۆی جێبھێڵێت. زۆر جار حەزم دەکرد ھێشتا باسی ڕووداوەکان بکات، بەڵام حەزی من شتێکە و پوختی بابەتەکە شتێکی جوان ترە.

بەدرێژایی خوێندەوە، تەنھا دوو سەرنجی بچوکم ھەبوو، وەک ڕەخنە.
یەکەم: بەکارھێنانی وشەی عەرەبی، لە جێگایی وشەی کوردی.
دووەم: ڕستە ھەبوو، ھەناسە بڕ بوو، دەبوایە بە یەک ھەناسە بیخوێنیتەوە.
مادام ڕۆمانەکە وا بەگرینگی و ماندوو بوونەوە نووسراوە، نابێت ھەڵەی وا بچوکیشی ھەبێت.
لەگەڵ خوێندەوەی ھەستم بە ماندووبوونی مامۆستا دەکرد، دەمزانی ئەم ڕۆمانە وا بەئاسانی دروست نەبووە.

لەکۆتایی دەڵێم، درود بۆ ماندوو بوونت، بۆ پێنووسی جوان و کوردنووست، دەستی ماندیت دەگوشم، ھیوام وایە ھەرگیز ماندوو نەبی، ئەگەر چی ئەم بەرھەمانە، ئەرکت قورستر دەکەن. شانازیێکی گەورەی کتێبخانەی کوردیی، ھیوام وایە ھەر بەم ھەناسە کوردانە، لە خزمەتی کتێبخانە و وێژەی کوردی بیت.