بوویت بە کاراکتەری ڕۆمانەکەی بەردەستت؟
ئارام حاجی
چەند سەرەنجێک لەبارەی ڕۆمانی «بۆنسای» لە نووسینی: کیرستن تۆروپ
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری
ئایا “کات” شتێکی هێندە زیادەیە بیبەخشین بە هەموو کتێبێک؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە خوێنەر پاش پەیداکردنی ئەزموونێک لە خۆی دەکات و تێدەگات، ئیتر کات شتێکی زیادە نییە تا بیبەخشین بە هەموو کتێبێک. سەرەڕمبی ئەم پرسیارە ڕووی لە وەرگێڕە و لەلایەن خوێنەرەوە ئاراستەی کراوە( بۆنووسەریش هەر دەگونجێت). تۆ بۆیە وەردەگێڕی تا بخوێنرێیتەوە، بۆیە سەرەتا بیرێکیش لە ژەهراویبوونی ئەندێشەی خوێنەر بکەرەوە ئەوجا دەستبەکار بە.
ڕۆمانی (بۆنسای) لە ساڵی ۲۰۰۰ نووسراوە؛ لەلایەن ژنە نووسەری دانیمارکی (کیرستن تۆروپ)، ئالان پەری لە زمانی یەکەمەوە وەریگێڕاوە و وەشانخانەی نووسیار لە سەروبەندی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لە ساڵی ۲۰۲۲ بڵاوی کردۆتەوە. ئەگەر (ئالان پەری) لە تەمەنی وەرگێڕانیدا ئەم کتێبەی وەرگێڕا بێت بەسییەتی، چونکە لە خۆی پرسیوە (چی وەردەگێڕێت و بۆ وەریدەگێڕێت؟). هەروەها بۆ خۆم، کە شاکارێکی وەرگێڕدراو دەخوێنمەوە بە خۆم دەڵێم: خۆشبەختانە زمانی کوردی توانای ئەوەی هەبووە، ئەم دەقە لە خۆیدا بەرهەمبهێنێتەوە! هاوکات ئەمەیش بۆ پاشخانی فەرهەنگیی وەرگێڕ و پاشان زمانەکە دەگەڕێنمەوە. بۆیەش بۆنسای-م بە شاکار ناوهێنا، چونکە بۆ داوزدە زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە.
ئەوە بۆ نووسەر گرنگە، کە پێش دەسپێکردنی پرۆژەکەی پرسیار لە خۆی بکات (ئاخۆ چی پێیە بۆ خوێنەر؟) یان (ئاخۆ زیادەیەک دەخاتە سەر پرسی زانین لای خوێنەر؟)
بە واتایەکی تر، ناکرێ بۆ هەموو شتێک دەست بکەی بە تیرۆرکردنی پەڕەی سپی. ئەشێ هەندێ گرفت (گۆرانییەک یان پیشەیەک یان دانیشتنێک یان پرس و ڕایەک) کارەکەت بۆ مەیسەر بکات. لە “بۆنسای”دا، نووسەر بانگهێشتت دەکات بۆ کۆمەڵێ بابەتی وەک (ژیان و مردن و ئیشکردن و هەژاری و شوناس و «جوان پەرستی هونەرمەند» و هاوڕەگەزخوازی و ئەوینداری..تاد)، بەڵام بە دیدێکی جیاوازەوە. لە هەر بەشێک و پرسیارێک زیاتری وروژاندووە، بۆ ئەوەی خوێنەر بخاتە ماخۆلانەوە بۆ وەڵامی درووست.
ڕۆمانی “بۆنسای” هەر لە نووسینی سەر بەرگی پشتەوە ئاماژە بەوە دراوە، کە ڕۆمانێکە باس لە ئەوینداریی نێوان دوو کارەکتەری ناو ڕۆمانەکە دەکات، بە ناوی (ستێفان و نینا)، بەڵام هەر لە پەڕەکانی سەرەتا هەستمکرد: بەڵێ، ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ئەوینداریی نینا و ستێفانە، بەڵام بارگاوییە بە کۆمەڵێک ئاماژە و ورووژاندنی بابەتی فیکری، بەو پێیەی لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا ئەم دەربڕینانەت بەرچاو دەکەوێ ( نرخی مرۆڤ لە کارکردندایە، ڕاکردن لە ژیان ئاسانترە لە ڕاکردن لە مەرگ ، ژیان هێڵکارییە، مرۆڤ بۆیە لە دایک دەبێ تا بمرێت، کەوایە ژیان شتێکی ناچارییە…هی تر) هەر ئەمانەیش هۆکارن، کە خوێنەر مێشکی بورووژێ بەم پرسیارە ئەزەلیانە، نەک تایەکی ئەویندارانە دایبگرێت (ئەشێ پرسیاری نوێ نەبن، بەڵام هەڵگری قسەی بەردەوامن). هاوکات دەبێت لە میانی خوێندنەوەی پاژی یەکەمی ڕۆمانەکە، لە هەوڵی کۆکردنەوەی ئەندێشەتدا بیت بۆ زاڵبوون بەسەر فەزای ڕۆمانەکەدا، ئەندێشەی پەرتبووت بهێنیتەوە خزمەت ڕۆمانەکە، یانیش بۆ تێفکرین لەو دێڕانەی سەرەوە ناچاریت ساتمەیەک بکەیت: ئاخۆ منی خوينەر بۆچوونم چییە لەبارەی ئەو پرسیارانەوە؟
تێمای سەرەکیی ڕۆمانەکە بابەتی شوناس_ە. شوناس هەبوویەکە وەک ناوی مرۆڤ، وەک باوەڕ، وەک مردن..تاد، ئەوانی تر بۆت دیاری دەکەن. بە مانایەکی تر، ئەو زنجیرە مرۆڤەی کە لە دایبابەوە بگرە تا دەگەڕێتەوە بۆ دوا، یەکسانە بە چاند و ڕەچەڵەک و شوناسی تۆ. بەڵام هەمیشە مرۆڤە بییرکەرەوەکان پاش قۆناغێک ڕازی نابن بە سەرکەوتنێک یان شکستێک، تەنانەت بە ئاراستەی جۆرە ژایانێک، کە ئەوێکی تر بۆی هەڵبژێرێت. بۆیە لە نێوان ئاراستەی ژیانی هەڵبژێردراوی خۆت و ژیانیک، کە بۆت دەبڕدرێتەوە، جۆرێک لە پشێوی و بەریەککەوتن درووست دەبێت. تەنانەت یەکەمین ژینگەیش، کە باجی بیرکردنەوە جیاوازەکانتی تێدا دەدەی ناو خێزانەکەی خۆتە، پاشان کۆڵان و گەڕەک و یەکە کۆمەڵایەتییەکانی تر. هەروەک چۆن کاراکتەری (نینا) لە ڕۆمانی بۆنسای_دا، کاتێک دەیەوێ وەک ئەوە بژی کە خۆی دەیەوێ، ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە ئەنجامدا جوگرافیایەکی تر هەڵدەبژێرێت بۆ ژیان.
هاوکات ناونیشانی ڕۆمانەکەیش لە درەختی ( بۆنسای)ی ژاپۆنییەوە وەرگیراوە، کە هاوشێوەی درەختێکی سرووستییە بەڵام بە بچوکی، ئەمەیش لە ڕێگەی بڕینەوەی ڕەگەکەیەوە درووست دەبێت، کە ئاماژەیە بە کاراکتەری نینا کە دەیەوێ ڕەگ و شوناسی خۆی لە خێزان و جوگرافیای یەکەم دابڕێنێت و لە جوگرافیایەکی گەورەتردا بژی.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێ چەمک و بیردۆزی فەلسەفی و فیکریت دەکاتەوە لە زاری کاراکتەرەکانەوە، ئەشێ هەندێک خوێنەر بە ئاسانی بەسەریدا بڕوات، بۆ نموونە لە دێڕێکدا دەڵێت((چەند شتێکی جوانە لە جەستەی کەسێکی تردا بەردەوامی بە ژیان بدەی!)). دەکرێ خوێنەرێک وەک دەربڕینێکی ئەوینداری لای خۆی هەڵیگرێتەوە و چێژی لێوەربگرێت، بێئاگا لەوەی بنەچەی بابەتی لەدایکبوونەوەی ڕۆح، بابەتێکی هەم ئاینی و هەم فەلسەفیشە، ئەم بیرۆکەیە بەردی بناغەکەی لای ئاینیی هیندۆسی و ئیبراهیمییە، هاوکات لای فیساگۆرس و ئەفلاتون و ئەرەستۆیش بوونی هەیە. هەروەها خوێندکارەکانی فیساگۆرس پێیان وابووە، ڕۆح جگە لە مرۆڤ لە ئاژەڵ و ڕووەکیش بەردەوامی بە ژیان دەدات پاش مردنی کەسەکە. بەگشتی بابەتی (تناسخ الأوراح). ئەوەیە کەسێک بە جەستە دەمرێت، بەڵام ڕۆحەکەی لە بوونەوەرێکی تردا بەردەوامی بە ژیان دەدات. یاخود لە جێیەکی تر باسی زانستی پاراسایکۆلۆژی و شەپۆلی مێشک کراوە، یان باسی خۆکوشتنی فەلسەفی، کە بابەتێکە لای (ئەلبێرت کامۆ) لە کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا باسی لێوەکردووە. ئەم دەربڕینانە وا دەخوازێ زانیاریت دەربارەی ئەو چەمکانە هەبێت، گەرنا وەک دێڕێکی ئاسایی بەسەریدا دەڕۆی. ئەمانە وادەکات ئەم ڕۆمانە درەنگ خوێنەری خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام خوێنەرێکی جدی لە خۆی کۆدەکاتەوە.
ئەو خاڵەی کە لە هەمووی زیاتر سەرەنجڕاکێشترە، ئەوەیە کە نووسەر نەبووە بە هەمووشتزانێک، نەبووە بە گێڕەرەوەیەکی تووتی ئاسا، نەبووە بەوەی لە بری تۆی خوێنەریش بدوێ و ڕێگە بۆ بیرکردنەوەی تۆ و بەشداری پێکردنی تۆی خوێنەر نەدات لە تەواوکردنی ڕووداوەکاندا. بۆنموونە کاتێک کاراکتەری ستێفان نەخۆش دەکەوێت، خوێنەر دیق دەکات تا بۆی ڕوون دەبێتەوە چی نەخۆشییەکێتی، تەنانەت سێ نەخۆشی دەداتە خوێنەر وەک سێ پەردەی یەک لە دوای یەک، ئەبێ تۆ ئەم پەردانە لە ڕێگەی ڕامانەوە هەڵبدەیتەوە تا دەگەیت بە ڕاسترینیان، لە تۆ وایە ئەم نەخۆشییە تەنیا لە کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە شاراوەتەوە، بێئاگا لەوەی تۆیش بوویت بە کاراکتەر و بەشداری لەو فزوولییەی کە دەتەوێ بزانی ئەم نەخۆشییە چییە؟ بە واتایەکی تر: نووسەر نەک هەر پلۆت(گرێ)ی لێ شاردوویتەتەوە تا جێی مەبەست، بەڵکوو تارمایی سێ گرێی تری خستووەتە مێشکتەوە، ( لەبەر چیژی ئەوانەی دەیخوێننەوە نامەوێ لێرەدا نەخۆشییەکەی ئاشکرا بکەم).
بەگشتی ڕۆمانێکی فرەدەنگە و هەمووان قسەی خۆیان لە میانی گێڕانەوەکەدا هەیە، پزیشکێکی گەمژە، هاوڕەگەزخوازێک، گوندنشینێک..تاد. ئەمەیش دووری خستووەتەوە لەوەی چاوەڕێی پاڵەوانێک بیت، ئەوەی پاڵەوانە لەم ڕۆمانەدا خودی ئەوینداری و جوانییە، بەو پێیەی بۆ جاری دووەم کاراکتەری نینا ئەویندارێکی بێدەنگی هەیە و لەکۆتاییدا ئەوینی خۆی ئاشکرا دەکات لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفوونییەوە. هاوکات ڕۆمانێکی فرەڕووداو و فرەشوێنە، بە تەکنیکێک نووسراوە ئەشێ بۆ ئێمەی خوێنەرانی کورد نوێ بێ. نووسەر، ڕۆمانەکە لە ڕابردووەوە دەگێڕێتەوە بۆ دۆخی ئێستایی، ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە بە نزیککراوەیی دەیەی شەشەمی سەدەی بیست باس دەکات.