نائامادەیی، لێکگەییشتنی شیعر و زانست؛ لە زوانی کوردیدا
ئاراز جەبار
شاعیرێک بەھەمان چەشن بەرخوردی لەتەک پەیڤەکاندا ھەس، کە زانستکارێک یان زانایەک، لەمەڕ خانەکان و ئەتۆمەکانی ھەیەسی. شاعیر بەھەمان شێوەی زانستکارێک، میتافۆر بە کار دەھێنێت.
دوانەی زانست و شیعر، نوێنەرایەتی ئامانجێکی سرووشتی و ھەستەکی دەکەن، بۆ تێگەییشتن لە جیھان.
لە سەرەتاکانی درووستبوونی شارستانییەتەوە، لە یەکەمین ھەوڵی مرۆڤ، بۆ چێ کردنی حیکایەتێکی ئەفسانەیی و شرۆڤەکردنی دیاردەکانی سرووشت، پەنای بۆ داستان و ئەدەبیات بردگە؛ لە وێنەی داستانی گیلگامێش.
کەوابێتەوە، ئەدەبیات بەگشتی و شیعریش وەکوو ژانەرێکی سەربەخۆ، بە ھێڵێکی ئاسۆیی، ھاوڕاز و گرێدراوێکی نەرم و ناسکی زانستە، بە ھەموو کایەکانیەوە. ئەتوانین بێژین، ئەدەب بەشێک بوو لە زانست؛ نەک تەنێ بەشێک لە پرۆسەی وەسفکردنی، دۆزینەوەیەکی زانستی. بەڵکی بەشێک لە وردەکارییەکانی خودی زانست. بەشێک لەوەی کە زانست، چۆن لە ڕاز و نیازی جیھان تێگەییشتووە و بە سرووشتی خۆی ڤەکۆڵینەوەی دەنێودا کردگە؛ نەزانراوەکان بۆ سرووشت، لە زانستدا خۆی مڵۆسداوە.
زانست و دەنێویدا زانستی فیزیا و کیمیا، زمانحاڵی چۆنییەتی پەیبردنیان بۆ دیاردەکان، زمانێکی ماتماتیکیە؛ بەڵام لێرەکانە، زانست، بۆ بەیانکردنی تیۆریی و ئەوەی بۆ چاوی بەنیام پەنھانە. ئاتاج بە زمانی وشە و پەیڤ دەبێت. بە زمانێکی ماتماتیکی خۆی نمایش دەکات و بە وشە ڕاڤەی حاڵی خۆی بۆ ئێمە دەکات.
جوایەزییەک کە لێرەدا بەدیدەکرێت دەنێوان زمانی شیعر و زانستدا، ئەوەیە کە شیعر زمان بە کار دەبات وەکوو بابەت. بەو مانایەی شیعر بە وشە خەڵق دەکرێت، نەک بیرۆکە. شیعر بەرئەنجامی کۆمەڵێک پاڵنەری ھەستەکی و سۆزەکی و بابەتییە و دوا جار شەرحی جیھانی خودە، بەرھەمھێنانەوەی مانایە.
“لە شیعردا شاعیر بابەتی ئەزموونەکەیە، ئەو ھەم چاودێرە و ھەمیش چاودێریکراو. شاعیر بابەتی وزەی شیعرەکەیەتی”.
“Modern Poetry And Science”
Octavio Paz
“جیرارد ئیدڵمان” زانای دەمار و براوەی نۆبڵی پزیشکی ١٩٧٢ دەڵێت: “ھەندێک جار ڕۆڵی زاناکان، وەکوو ڕۆڵی شاعیرەکان وەھایە. ھەوڵدەدەن کاریگەری دیاردەکانی جیھان لەسەر ڕۆحی خۆیان ببینن و ھەستی پێبکەن. شاعیرەکان لە شێوەی تۆڕێکی دەماری چالاکییەکانی جیھانی سرووشتی پۆلێن دەکەن، ئەوان نوێنەرایەتی حەزی بنەڕەتی تێگەییشتن لە جیھانی سرووشتی دەکەن”.
ئێستە دەکرێ بێینە سەر باسی ئەوەی، زوانی کوردی لە کوێی ئەم ھاوکێشەیەدا خۆی دەبینێتەوە.
لە زوانی کوردیدا بۆ زانست، ڕوانگەیەکی پاسیڤ و ماندووکەر ڕۆڵ دەگێڕێت. زمانێکی کرچ و کاڵ و ڕەتێنەر، کە خوێنەر یان وەرگری زانستی، بەزووی ھێز لە مێشکی دەبڕێ و حەوسەڵەی بەردەوامییدانی نابێت، لە وەخوێندنەوەی پرس و کایە زانستیەکە.
زوانی کوردی، زوانێکی گەلێ لەبار و خۆش دەستە و زوو ڕام دەکرێ، خودان دەنگگەلێکی سرووشتی و بالکێشە. بۆ ھەر تێرمێک یان گوزارەیەکی زانستی لە بەرانبەردا وشەی پڕ ئاوازی کوردی، گەلێکمان ھەس.
بەڵام ئەو زمانە زانستییەی کە ئێستەکە زانستی پێ دەنووسرێ و پێی پاچڤە دەکرێت، زمانێکی تاقەتپڕووکێنە. ھەر ئەوەیش وەیکردووە زانست لە کۆمەڵگای کوردی و ناوەندەکانی خوێندندا، لە پاشەکشێیەکی بەردەوامدابێت.
ئەدەبیاتی زانست کۆڵەگەیەکی گرنگی ئەدەبیات پێکدەھێنێت، کە بەشبەحاڵی خۆمان و بە کەیفشادییەکی زۆرەوە لەم دواییانەدا کتێبخانەی کوردیش، بێبەش نەبووە لەو ئەدەبیاتە.
لە دوماھیدا، ئەوەی گرنگە ھەڵوەستەی لەسەر بکەین و بە ڕژدی ئیشی لەسەر بکەین، جێکردنەوەی زانستە، لە چوارچێوە و پەڕەی زمانی ئەدەبیات و شیعردا؛ کە لەم بوارەدا “گەردووننامە”ی پێشەوا کاکەیی ھەوڵێکی لەبار و سەنگین بوو، لەپێناو ئاشتکردنەوەی شیعر و ئەدەبیات، بە زانست.