گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا
هەردی حوسێن
بەشی چوارەم
ئەگەرچی شاعیر بۆ گەیشتن بە نەمری ڕێی ئەوینی گرتۆتە بەر، بەڵام ڕۆژگار ڕێ نادات بە ڕێی ئەوینیش بدوێت. عەشق ڕێ و ڕێبازی یارانە، بۆیە لەو ڕێبازەدا تەنھا ئەوین دەبینی و ئەوینت دەست دەکەوێت. شاعیر ھەورامان وەک دوا وێستگەیەک وێنا دەکات کە کۆمەڵێک ھۆنەری پایەبەرز تیایدا گەیشتوون بە نەمری و ئێمە دەکرێت وەک مامۆستای خۆمان لێیان بڕوانین. شاعیر دەیەوێت پێمان بڵت، پێویستە ئێمە بۆ نەمری بگەڕێینەوە بۆ ھەورامان، چونکە ھەورامان سەرچاوەی زۆرێک لە ھۆنەران و عاریفانی کوردە. ھەروەکوو شاعیر ڕوو دەکاتە باباسرنج و دەڵێت:
«وەک باباسرنج
بەدەم تینی ئاورەوە
وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،
وەک دار قرچەقرچیان ھات و دەبوونە بڵێسە،
نەمریم لە ھەوراماندا دۆزییەوە.[1]»
ھەر لە ھەورامان دەمێنینەوە و دەگەین بە عزوری یەکێکی دیکە لە یارانی باباسەرهەنگ. ئەویش (باباگەرچەکی هەورامی)ـیە. ئەویش بە تەنبوورەکەی دڵمان تێکەڵی سرووشتە جوانەکەی ھەورامان دەکات و بەنێو شاخ و گاشەبەردەکاندا سەفەرێکی ڕۆحیمان پێدەکات. دواتر دەگیەنە یەکێکی دیکە لە ھۆنەرە ھەرە باڵاکانی ھەورامان و شاعیر ئاشنامان دەکات بە دیوە خوداناسییەکەی و ئێمەش لەگەڵ ھەرشیعرێکیدا مەست دەبین، بەدەم مەستییەوە دەڵێین: ئاخر چۆن دەکرێت، دایەتەورێز نەناسین؟ ھەوڵدەدەین بەدوای پاساوێکدا بگەڕێین، بەڵام دەستمان ناکەوێت. بە خوێندنەوەی چامەکتێبی شاعیر ھێندەی دیکە مەست دەبین و زیاتر ھۆگری تەنبوورەکەی دەستی دایەتەورێزی ھەورامی دەبین. لەگەڵ خەون و خولیاکانی ھۆنەردا تێکەڵ دەبین و جیھانبینی ئەومان لە شیعرێکەوە بۆ دەردەکەوێت کە دەڵێت:
«دەبێ ئەم جیھانە شەڕانگێزە ئەھوەن بکەینەوە،
ئەو ڕەگە دوورودرێژانەی توند لە ڕۆح خۆیان گرێ داوە،
ڕیشاڵەکانی بکەینەوە تەنبوور و پێی بژەنین،
بە دەف مەستیان بکەین،
فوو بە شمشاڵدا بکەین و کونیلە گیراوەکانی دڵیان بکەینەوە.[2]»
شاعیر زۆر جوان درک بە دڕی ئەم جیهانە دەکات. ھێند وردبۆتەوە، ھێند جوان گەیشتووەتە ھەقیقەت و کە ناکرێت ئێمە نەوەستین و وەڵامی شاعر بە گرینگییەوە سەیری نەکەین. ئەگەر سەرنج بدەین شاعر دەزانێت ئەم جیھانە ڕق و کینە ڕەگی قووڵی داکوتاوە، بەڵام شاعر زۆر ھونەرییانە وەڵامی ئەو ڕق و کینانە دەداتەوە و دەڵێت با ڕیشاڵەکانی بکەینە تەنبوور! دواتر درێژە بەم باسە دەدات و لەگەڵ گەیشتن بە دیداری بابافەقێی لوڕستانی ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە ئەگەرچی بە شمشێریش ڕووبەڕووم ببنەوە، ئەوا ناتوانن ڕێ لە ڕۆحی بەرزەفڕم بگرن ھەروەکوو شاعر دەڵێت:
«بابافەقێ شمشێریشم لە دژ ڕاکێشێ
ھێشتا نووکە تیژەکەی
ناتوانێ ڕۆحی فڕیوی نێو مۆسیقام ببڕێ،
ڕۆحم نالەرزێ،
ھاتووم بدرەوشێمەوە،
بەڵکوو تاریکیتان بگۆڕێ[3]!»
دواتر شاعر یەکێک لە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی لوڕستانی بە ئێمە دەناسێنێت کە ئەویش (دایەجەلالە)یە. دایەجەلالی لوڕستانی ژیان و شێوازی لە دایکبوونی شاخۆشینی کوڕی، ھاوشێوەی لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەم بووە. شاعر ئەم ڕووداوەی بە شیعر بۆ وێنا کردووین و لە دیوێکی دیکەشەوە دەکرێت چەندین لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ بکرێت؛
«دایەجەلالە
بە تۆزقاڵێ تیشکی خۆر دووگیان دەبێ!
زانستی شیعرم ناکۆکە
بێ ئەوەی ئەم ڕووبارە دەمی تێ بنرێ،
ئاوس بێ بە ڕووناکی و
ھەر تیشکی خۆریشی لێوە دەرچێ،[4]»
شاعر لەدایکبوونی شاخۆشینی کوڕی دایەجەلالی چەند ورد وێنا کردووە! چ فەلسەفەیەک دەخوڵقێنێت بە ژیانی شاخۆشینی دایەجەلال! بوون و نەبوون چەند سەرنجڕاکێش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت! زۆر جوان دەتوانین ھەست بە نائارامی شاعر بکەین لەم شیعرەدا و دەیەوێت پێمان بڵێت نەک ھەر من، بەڵکوو ئەوانەی نەشھاتوونەتە دنیاوە، ئەگەر وەکوو من بزانن چۆنە دنیا، ئەوا سەریان دەخەنەوە نێو ڕەحمی دایکیان و نایانەوێت چاویان بە دنیا بکەوێت؛ چونکە ئەم دنیایە لە ڕاستیدا، پارچەیەکە لە ناخۆشی. ڕاستە زەمین ھەموو شتێکی تێدایە و ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەربگرین، بەڵام ئێمە ناتوانین لە پەیامی زەمین و دنیا بگەین، بەڵکوو ھەرکەسە خەمی خۆیەتی و دەیەوێت ھەموو بۆ خۆی بێت! دواتر، چاومان دەکەوێت بە ڕێحانخانمی لوڕستانی و دەمانەوێت لەگەڵ ئەو ڕۆحە بپەیڤین کە دڵی لە ژەنگی ڕۆژگار پاک کردبووە و ئەوینی یەزدان دەروونی ڕووناک کردبووەوە! ئێمەش بە ئاماژەدان بە دێڕێکی کورت و پەیامێکی یەکجار گەورە، ئەو شاعرە بەسەر دەکەینەوە کە شاعر دەڵێت:
«دڵۆپێک قاوە
تاڵی ئەم ڕۆژگارەی پێ ناخوێنرێتەوە![5]»
دواتر، دەگەینە فاتمە لوڕە! کە ڕەند و خواناس بووە و ئەوینداری باباتاھیری ھەمەدانی بووە. ڕەنگە ھەریەکێک لە ئێمە، کاتێک ئەمە دەخوێنێتەوە، واقی وڕ بمێنێت. بۆیە دەڵێین ئەگەر شاعر ھیچی نەکردبێت، ئەوا دیوێکی زۆر شاراوەی بۆ ئێمە ڕووناک کردووەتەوە! چونکە زانینی زانیارگەلێکی لەم شێوەیە بەدواداگەڕانی ورد و سەلیقەیەکی یەکجار زۆری دەوێت، بەڵام شاعیر ماندوونەناسانە لە نەمرەڕێدا کاریکردووە و کۆمەڵێک کاری زۆر گرینگیشی بۆ لێکۆڵەران بەجێ ھێشتووە. کە دەکرێت لە چەندین ڕووەوە لێکۆڵەران لەم چامەکتێبە پڕ زانیاری و مەعریفەییە دەستیان بکەوێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن. دیارە ئێمە تەنھا لە یەک ڕووانگەوە یاخود بڵێین لە یەک پەنجەرەوە لێی دەڕوانین. وەگەرنا، چامەکتێبی شاعیر گەلێک کون و کەلێنی ھەن کە ھەر کەسێک ویستی نووسین و لێکۆڵینەوەی ھەبێت دەتوانێت پێیان بگات! دێینەوە لای فاتمە لوڕە و شاعیر لەدەمی ئەوەوە دەردی دڵی فاتمە لوڕەمان بۆ بەیان دەکات و ئەو دیمەنەمان بۆ بە شیعر وێنا دەکات کە لەتاو دووری باباتاھیری ھەمەدانی چی بەسەر فاتمە لوڕە ھاتووە.
«فاتمە لوڕە ڕازی خۆییم بۆ بەیان دەکا،
دەڵێ کوڕم! کووڕ بوومەوە بۆ باوەشێکی بابا.
بە گوڕ دەچمەوە بە گژ دنیادا،
تەنبوور و یار و بابام ھەبێ،
باکم نییە، ئەگەر بشچم بە گووڕدا.
گوتم وا جیھانێکە کە گوێمان قوت نەکەینەوە،
دەمانھاڕێ و قووتمان دەدا.[6]»
دواتر، شاعیر لە ڕێگەی کۆمەڵێک لەم شاعیرانەی ھەستی خۆیمان بۆ بەیان دەکات. ئەو ھۆنەرانەش ئەمانەن «عەتتاری نەیشابووری، باباتاھیری ھەمەدانی، میرزا محەمەدعەلی سائیبی تەورێزی، بیدەل (بیدەل دەھلەوی)، گوڵزار، مەولانا و تاگوور» شاعیر ھەریەکێک لەم ھۆنەرانە بە زمانی شیعر دەدوێنێت و دەیەوێت پێمان بڵێت ئەو ڕێیە چەندین ئەوین و ئەوینداری ھەنە کە دەکرێت ئێمە کەڵکیان لێ وەربگرین و لەگەڵ ژیان و شیعریان زیاتر درێژە بە ژیان بدەین.
شاعیر زۆر لێزانانە لە سەرەتاوە داوای گەڕان و پشکنینی ڕێیەکی لە ئێمە کرد. بۆ ئەم باسەیش شاعیر خۆی تەیار کرد و بە ئێمەی گوت دەبێت بیر بکەینەوە بۆ ئەوەی لەم جیھانە جاڕسکەرەدا نە جاتمان ببێت، بۆ ئەمەش دەبێت لە خۆمان تێفکرین. تا خود دەدۆزینەوە و لەوێوە بکەوینە ڕێ بۆ شوێنک کە تیایدا ڕۆح بفڕێت و خۆشەویستی ببارێنێت. دواتر، بۆ ئەوەی ئەم خەیاڵە لە لای ئێمە ببێتە داکەوت، ئەوا شاعیر دەگەڕێت بە دوای ئەو ھۆنەرانەدا کە بۆ ڕێیەک بەڕێکەوتبوون پێی دەگوترێت نەمرەڕێ! لەو ڕێیەدا، چەندان ھۆنەرمان ناسی بە ھەمان ڕێدا ڕۆیشتبوون و تاڵی و سوێری ڕۆژگار ھاڕی بوونی. شاعیر تا بڵێی لێزانانە لەسەر زمانی ئەوان بۆمان پەیڤا و وەک بڵێی پەیامی ئەوانی بۆ ھێنابین وا جوان شیعریەتی کردبوو و شیعرەکانی تێکەڵ بە بیری ھۆنەران، ژیان و ئەو پەیامەی کە خۆیشی مەبەستییەتی بیگەیەنێت تێکەڵ کردبوو. دواتر، شاعیر لە ڕێی چەند شاعیرێکەوە کۆتایی بە چامەکتێبی نەمرەڕێ دەھێنێت و لە کۆتاییشدا فەرھەنگۆکێکی زۆر دەوڵەمەندی بۆ وشەکان نووسیوە، کە ھەر دەکرێت ئەمانە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان لەسەر بکرێت. دواتر، ڕوودەکاتە بوودا و پەیامی ماریفەت بە ئێمە دەگەیەنێت و دەڵێت:
«ھەڵگەڕێن بە داری ماریفەتدا!
ببنە بێدار و دانا، ژیریتان بفڕێ![7]»
زانا کەسێکە لە خۆیدا ڕۆبچێت و ترسی لە گوتنی ڕاستی نەبێت. وەک بوودا خۆی بکەوێتە بیرکردنەوە و ترس نەتوانێت پەلوپۆی بشکێنێت. ڕاستە بۆ گەیشتن بە نەمری پێویستیمان بە قوربانییە، بەڵام گەورەتین قوربانیی خۆتی کە نەتتوانیبێت خود ڕام بکەیت و بە نە فامی ژان بکەیت. ھەر وەک شاعر لە دێڕەکانی چامەکتێبەکەدا دەڵێت:
«گەمژە کەسێکە لە خۆیدا بەجێ دەمێنێت،
پەرداخێکە
ناتوانێت تامی خۆشی بکات[8].»
پەرداخ یاخود کەچک کەرەستەی سەرەکین و جۆرەھا خواردنیان تێدەکرێت، بەڵام ئایا دەتوانن تامی ئەو خواردنانە بکەن و چێژی لێ وەربگرن؟ بێگومان نەخێر، چونکە ئەوانە بێگیانن. شاعر دەیەوێت پێمان بڵێت گەمژە بە ھەمان شێوەی ئەم کەرەستانە ناتوانێت چێژ لە ژیان وەرگرێت و بگات بە نەمری! شاعر دەڕوات و بە چەندین دێڕی سەرنجڕاکێشی لەم جۆرە دەیەوێت بمانباتە سوێی نەمری و پێمان بڵێت ئا ئەوە بوو نەمری و نەمرەڕێ!
[1]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٨٢.
[2]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٠.
[3]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٠.
[4]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩١.
[5]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٣.
[6]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٤.
[7]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٨.
[8]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٩.