ئەلکێمی بە شیعر
کامۆ ئاراز
”کیمیای خودێتیم گۆڕانی بەسەردا دێ
وەختە ئاوەزم لەدەست بدەم.” (ل. ٨)
ئەمڕۆ یەکێک بوو لەو ڕۆژانەی دەبووایە قووڵ سەرقاڵی نووسینی بەشێک لەو توێژینەوەیە بم کە ماوەیە دەستم پێکردووە سەبارەت بە کاریگەری مێتافۆرەکان لەسەر ئاوەزی مرۆڤ. خوێندنەوە و نووسینی زۆر سەبارەت بە دەقە تیۆری و تاقیکردنەوە زانستییەکان وەڕزکەرن. چێژبەخشیشن. دوای ئەوەی دیسان بە دەقی <نەخۆشی وەک مێتافۆر>ـی سوزان سۆنتاگدا [١] ڕۆشتمەوە، دەبووایە لە یەک دوو وتار و توێژینەوەی ئێلینا سێمینۆ و ڕۆز هێندریکیشدا [٢] بڕۆیشتمایەتەوە و بە وردی لە مێتۆدۆلۆژییەکانیانم بڕوانینایە. کاتێک سەرم لەسەر پەڕەکان بەرزکردەوە، ئینجا تێبینیم کرد جەستە و ئاوەزم پێویستیان بە پشووە. کتوپڕ هاتە ئەندێشەم ”خۆ دەمێکە خوێنەری کتێبێکی شعری نەبووم.” ویستم کاتی پشووەکەم بە خوێندنەوەی چەند دێڕێکی شعریەوە تێپەڕێنم، کەچی نەمزانی دەقەکان کەمەندکێشم دەکەن لە یەکەمەوە بۆ دواهەمین پەڕی کتێبەکە. سەرڕاستانە بڵێم، قەبارەی کتێبەکە هێندە نییە مرۆڤ نەتوانێت بە دانیشتنێک تەواوی نەکات، خۆی ئەمە ئەفسوونی کتێبە چاکەکانن: کورت و پوختن بەڵام کاریگەری درێژخایەنیان هەیە و مێشکەکان پڕ دەکەن لە خەوش.
لە کتێبە کەڵەکەبووەکانمم ڕوانی، <زمانم دەکێشمەوە>ـی دیار سۆفیم کەوتە پێش چاو. دوای خوێندنەوەی دوو سێ لاپەڕەیەک ویستم پەنا ببەمە بەر بەکارهێنانی ئەو لەزگە ڕەنگاڵانەی پەڕەکان دەکەنە نیشانە، بەڵام بە ڕادەیەک تیامابووم و نەمدەزانی بە لەزگەکان کامە شیعر و دەربڕین دیاری بکەم تا جارێکی تر بەسەریان بکەمەوە، ئیتر بڕیارمدا هیچیان دیاری نەکەم، چێژ و قووڵی ڕستەکانیش خەمی نیشانەکردنی پەڕ و وشەکانیان لەبیر بردمەوە. ئەو کتێبە هی ئەوە نییە چەند ڕستەیەکی بەسەر بکرێتەوە، چونکە ئەوە لەو کتێبانەیە کە پێویستە لە شوێنێکی تایبەتی کتێبخانەکەدا هەڵبگیرێت و ماوە ماوە لە یەکەم تا دواهەمین پەڕی چەندبارە بخوێنرێتەوە.
بەرگ و وڕێنەکانم
پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت ”بڕیار لەسەر کتێبێک مەدە بە پێی بەرگەکەی.” منیش وا ناکەم، بەڵام تێفکرین لەسەر بەرگی کتێبەکان یەکێکە لە خوەکانم. هەرچەندە بەرگی کتێب دەرە-دەقن، جێگەیەکیان هەیە لای من، حەز دەکەم پێش و پاش خوێندنەوە لێیان بڕوانم تا بزانم خوێندنەوەی کتێبەکە چ کاریگەریەک دەخاتە سەر تێڕوانینم بۆ وێنەی بەرگەکەی، یان کام لە پارچەکانی کتێبەکەم دێنیتەوە یاد.
لەسەر بەرگەکە بوونەوەرێک هەیە، نیوە-مرۆڤ و نیوە-قەلەڕەشە. ئەم دیمەنە بوونەوەرانێکی شێوەگۆڕی ئەفسانەیی دانیماڕکییەکانم دێنێتەوە یاد بە ناوی <ڤاڵراڤن> کە دەتوانێت شێوەی خۆیان بگۆڕن بۆ مرۆڤی سوارچاکی جەنگاوەر. بە گوێرەی ئەفسانە و فۆلکلۆری دانیماڕکی، جارێکیان لە مەیدانێکی جەنگ کۆمەڵێک قەلەڕەش تەرمە جێهێڵدراوەکەی پادشا و جەنگاوەرانی دیکە دەخۆن، بە خواردنی دڵی پادشا جەنگاوەرەکە ژیری مرۆڤ-ئاسا بەدەست دەهێنن و دەبنە ڤاڵراڤن.
ناڵیم نووسەر ئەم شتانەی لە خەیاڵ بووە کاتێک دەستی بە نووسینی ئەم دەقانە کردووە، ئەمانە تەنیا ئەو چەشنە وڕێنانەی منن وەختێ لە سنووری نێوان دەق و پۆشاکەکەیان— بەرگی کتێبەکە— کاڵ دەکەمەوە. بوونەوەری سەر بەرگەکە بەراورد بە هۆنەرەوەی دەقەکان بوونەوەرێکی نامۆیە، خاوەنی جەستەی مرۆڤە بەڵام مەرج نییە ڕەفتار و دەروونی وەک ئەوان بێت، لە نێوان دوو جیهان گیری خواردوە: هی خۆی و هی دەوروبەر.
”من مرۆڤ بووم
کاتێک ئەوان
تاریکایی خۆیان فوو کردە نێومەوە
نامۆبوون لە مندا ڕوویدا.” (ل.٤٢)
لە ئەفسانەیەکی دیکەی سکەندەناڤییەکاندا، خوداوەند ئۆدن دوو قەلەڕەشی هەیە، دانەیەکیان ناوەکەی مانای هزر دەدات و ئەوەی دیکەشیان یادەوەری. ئەم دوو قەلەڕەشە خولگەیان بە دۆرمادۆری جیهاندا دەکرد و لای ئێوارەکەی دەهاتنەوە بۆ لای ئۆدن تاکوو هەواڵ و ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەی جیهانی بۆ باس بکەن. وابزانم ناهەقی نابێت بەو دوو باڵندەیە بڵێین چەنەباز و چلتووتی. ئەی چی سەبارەت بە بوونەوەرە قەلەڕەش-ئاساکەی بەرگی کتێبەکە؟ ناوی کتێبەکە لە یەکێک لە دێڕەکانی کتێبەکەوە هاتووە:
”ڕۆژگار قەرەباڵغ بووە
مرۆڤەکان هەڵدەکوتنە سەر تەنیایی یەکتر
سەرم لەم پرسیارە زۆرانە دەرناچێ
زمانم دەکێشمەوە لە وتن.”
کاراکتەرە نامۆکەی نێو ئەم هۆنراوانە کەسێکی زۆربڵێ نییە، لەتاو نامۆبوونی خۆی زمانی دەکشێنێتەوە وەک لەوەی بەگەڕی بخات. گەر دوو قەلەرەشەکەی ئۆدن شتێکیان هەبێت سەبارەت بە مرۆڤەکان بیڵێن، ئەم نووسەرە لە هەڵفڕینی و بینینی مرۆڤەکان تەنیاتر و نامۆتر دەبێت:
”کێشەی خەڵکم هەیە
دەڕژێنە سەر تەرازووی تەمەنم و
ژیانم لارەسەنگ دەکەن.” (ل. ٤٦)
”تەنیایی بریتی نییە لە چۆڵەوانی
ئەوەیە دڵت بەر پێلەقە دەدرێت.” (ل. ٥٣)
قەلەڕەشەکانی ئۆدن مەنزڵگایەکیان هەیە بۆی بگەڕێنەوە، دەڕۆنەوە بۆ لای ئۆدنی ڕۆنیشتوو لەسەر تەختە شاهانەکەی. بەڵام بوونەوەرە هۆنەرەوەکەی ئەم دەقانە کەسێک نییە مەنزڵگایەکی هەبێت یان سەردارێک، ناشیەوێت هەی بێت.
”میز بەو سنوورانەدا دەکەم
ئێوە دیاریتان کردووە.” (ل. ٥٠)
دوا وتەم ئەوەیە، من کەسێکی شارەزای کوچە و کۆڵانەکانی شیعر نیم، نە کونوکەلەبەرەکانی ئەفسانەی سکەندەناڤییەکان، ئەوەی کە خوێندتەوە تەنیا ئەو تێگەیشتن و وڕێنانەی منن بۆ دەقەکانی ئەم کتێبە وەک خوێنەرێک. خوێنەرێکی چێژدیو لەو دەقانە، هاوکات مێشکپڕبوو لەو قووڵاییانەی وشەکانی حەشاریان داوە، هەڵە نابێت گەر بڵێم خوێنەر، هەر هیچ نەبێت خۆم، دەبێتە ڤاڵرڤانێکی خوێنەر: مرۆڤێکی نیوە-چێژدیو لە دەقەکان و نیوە-نامۆ بە دەوروبەر.
پاشکۆ:
[١]
sontag, S. (1978). Illness as metaphor.
[٢]
Elena Semino (2021) “Not Soldiers but Fire-fighters” – Metaphors and Covid-19, Health Communication, 36:1, 50-58.
Rose K. Hendricks, Zsófia Demjén, Elena Semino & Lera Boroditsky (2018) Emotional Implications of Metaphor: Consequences of Metaphor Framing for Mindset about Cancer, Metaphor and Symbol, 33:4, 267-279.
: Rose K. Hendricks, Zsófia Demjén, Elena Semino & Lera Boroditsky (2018) Emotional Implications of Metaphor: Consequences of Metaphor Framing for Mindset about Cancer, Metaphor and Symbol, 33:4, 267-279.