جەنگاوەرەکان پیشەیان ژیانە!
ئەرسەلان چەلەبی
پیناسە و ڕوانین بۆ هەموو شتیک هەتایی نییە، ئەگەر هەتایی بێت بۆگەن دەکا. بۆیە رەنگە وا باشبێت مرۆڤ بەردەوام لە ئاڵوگۆڕیدا بێت لە ناو ژینگەی خۆیدا و هەروەها لە هەموان گرینگتر پڕ زەین بێت!
“جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە” ناوی کۆمەڵە شیعرێکە کە ئەم ساڵ و لە ماوەیەدا خوێندمەوە. راستییەکەی ناوی کتێبەکە زۆرتر هانی دام بیخوێنمەوە هەتا هاوڕێیەتی من و شاعیرەکەی و تەنانەت ناوەڕۆکی کتێبەکە! لەبەر ئەوەی شاعیر لە یەکەم لاپەڕەی کتێبەکەیدا بە کوڕەکەی دەڵێ هیوادارم پیشەی ژیان بیت، بۆیە منیش لەو باوەڕەدام جەنگاوەر دەبێت پیشەی ژیان بێت نەک مردن! ئەو ناوە خۆی قسە زۆر هەڵدەگرێت و دەتوانرێ لە زۆر لایەنەوە شی بکەینەوە، بەڵام وەک سەرەتا باسم کرد ئاڵوگۆڕییەک بە سەر ڕوانینی مندا هاتووە بۆ شیعر نەک هەر هی ئالان بەڵکوو بۆ شیعر بە گشتی، کۆن کارەکانی ئالانم زۆر پێ خۆش نەبوون، هەندێکیان نەبێت، ئەویش هی ئەوە بووە من تازە هاتبوومە ئەوروپا و هەر لە هەوای کوردەواریدا شیعرم نووسیبوو و ناسیبووم!
لە پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بڕیارمدا کارەکانی ئالان زیاتر بخوێنمەوە و بە دڵنیاییەوە بێ کەم و کوڕی نییە بەڵام بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو من ئێستا لەگەڵ شیعری ئالان زۆر راحەت و خۆمانەم! ئالان لەم کتێبەیدا زۆر سادە و بێ ئاڵۆزی قسە و پەیامی خۆی دەگەیەنێ! دیمەنگەلێکی سادە و جوان! هەندێک جار بە هەندێک وشەی زۆر سادە شتی جوان دەردێنێ، بۆ نموونە:
“هەمیشە پەلەپیتکەیان لە سەر تفەنگی دڵیانە و ناخەون”. ل 26
فۆڕمی کاری ئالان تەواو گۆڕدراوە، ئالان پەڕی بە شوێن گەمەی زمان و ناوەڕۆکەوە نییە، کەڵکەڵەی ئەویش فۆڕمە! کە فۆڕمێکی جوان ببینێتەوە و هەورەها زۆرتر خۆی بە دەربڕینەکان ماندوو کردووە کە باشی کردووە و هەر ئەوە بووەتە هۆی سەرکەوتنی کارەکانی نێو ئەم کتێبە، لانی کەم لە لای من وای دەبینم.
لەم دەقانە نەیویستووە زۆر بە شوێن چێژەوە بڕوات، ئەو زۆرتر خۆی بە چێژی وشەکانەوە ماندوو کردووە، هەڵبەت لە مەبەست و کرۆکی وشە بەکارهێنراوەکانی ئالان دەدوێم! دەیەوێ لە ڕێگەی ئەوانەوە بزانێ ژیان چییە؟ هونەر چییە؟ ئەو زۆرتر هەوڵی داوە خۆی چێژ لە وشە وەرگرێت لە پانتایی زماندا.
“ژیان و خەون لە چیشتخانەیەکدا” یەک لە شیعرەکانی ئەو کتێبەیە کە من تەنیا لەو یادداشتە خێرایەدا هەوڵ دەدەم باسێکی لە سەر بکەم هەتا بەگڕاندێک لە کاری ئالان بخەمە ڕوو و ئیتر باسی فۆڕمی کارەکە ناکەم با خوێنەر خۆی بیبینێتەوە و هەستی پێ بکا!
“شوێنم گۆڕیوە، چوومەتە چێشتخانەی نووسینەوە” ل71
ئەوە سەرەتای ئەو شیعرەیە و موتیڤێکی جوانی شیعری بە دەستەوەیە و لە بەر فەزا و فۆڕمێکی جیاواز باسی کاراکتەریکە کە چۆتە چیشختانەیەکی ئەدەبییەوە، بۆ وێنە!
کۆی کارەکەی ئالان گەڕانە بە شوێن فۆڕم و ستایلی تایبەت، رەنگە لای وابێت زمان لە شیعری ئەودا ماندوو بووبێت و خەریکە جێگایان بۆ فراوان دەکاتەوە! ئەزموونی نزیک بە چل سالەی ژیانی خۆی کە نیوەی وەکوو کورد و نیوەی وەکوو شاعیرێکی کورد لە دانیمارکی خزانۆتە ناو دوو توێی کتێبێکەوە و لە بەر دیدی خوێنەر دا بڵاویکردۆتەوە.
بە بێ ئەوەی بڵین ئەو شتەی باش کردووە یا نا، لەو کتێبەدا دەتوانین وردەکاری ژیان و ڕۆحی دیاسپۆڕا و تاکی کورد ببینن، ژیانی، تێفکرینی، ژینگەکەی، هەروەها هەڵسوکەوت لەگەڵ زمان و فۆڕم و واتادا. لە پاش خوێندنەوەی بە ئارامی خۆتان دەتوانن لە روانگەی خوێندنەوەی خۆتان ئەرزش گوزاری بۆ دەق و کارەکانی بکەن. ئەم کتێبە چەندین وردەکاری تری تیایە کە لێرەدا من باسی لێوە ناکەم، بە تایبەت لە بواری ڕازاندنەوەی کتێبەکەیە لە دیوی ناوەوەی.
ئەم کتێبە بیست و شەش شیعری درێژی لە خۆ گرووتووە. ئەمۆەدی مەلا پێشەکییەکی کورتی لەبارەیەوە نووسیوە. بەرهەمی بڵاوکراوەکانی نووسیار لە کۆپنهاگن و لە چاپخانەی کارۆی شاری سلێمانی لە چاپدراوە.