site

2021/07/19

دروستکردنی پرسیار لە ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان)

کاروان غەفور

لە سەردەمی مرۆڤی هەرزاندا خۆشەویستی کاڵ دەبێتەوە، مرۆڤایەتی ماندووە، ژیان تامی نەماوە، تاکە شت مرۆڤ بیری لێ دەکاتەوە لەناوبردنی خۆیەتی. ئەمانە و چەندان بابەتی گرنگی تر لە ڕۆمانەکەدا بە گێڕانەوەیەکی سادە و خێرا و خۆش باس کراون.

ئەم ڕۆمانە چی دەکات بۆ ئەدەبی کوردی؟ بە گشتی، ئەدەبی کوردی پێشکەوتووە لەچاو بیست سی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام لەگەڵ ڕەوتی ئەدەبی جیهاندا ناڕوات و بەجێ ماوە. ئەم ڕۆمانە هەنگاوێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدەبی کوردی بۆ ئاستی ئەدەبی جیهانی.

وەک چۆن شێخ ڕەزای تاڵەبانی کەلێنێکی گەورەی لە شیعری کوردی پڕ کردەوە، ڕۆمانی مرۆڤی هەرزانیش کەلێنێکی گەورە لە ڕۆمانی کوردی پڕ دەکاتەوە بەوەی خەیاڵی زانستییە و بە شێوازێکی نوێ نووسراوە.

ئاسان نییە لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیدا وێنە دروست بکەی، بەڵام ئەم ڕۆمانە پڕە لە وێنە و دیمەنی جوان و چێژ بە خوێنەر دەبەخشن. بۆ نموونە لە لاپەڕە (٧) کاتێ تۆپەکەی سامی کێشەی تێ دەکەوێت و سامی دوگمەی دەربازبوون دادەگرێت. ئەمە بەشێکە لە دیمەنەکە: “کورسییەکە شەش پێ لێک دەکشێت و تەخت دەبێ. سامی مەتر و نەوەت درێژ، ئەژنۆی دەچەمێنتەوە و لەسەر لای ڕاست پاڵ دەکەوێت …” لێرە بۆمان دەردەکەوێت کە نووسەر بەم دیمەنە وا لە خوێنەر دەکات بێتە ناو ڕۆمانەکە و هەست بە مەترسیی حاڵەتەکە بکات. هەروەها لە لاپەڕە (١١٣) لە بەشی (٧)ەمدا، نووسەر ئاماژە بە کورسییەک دەکات: “سەری کورسییەکان لە ژووری کۆنتڕۆڵ ئامێرێکی بچووکیان پێوەیە بۆ خاڵیکردنەوەی ماندووبوون و فشار لە لەشی مرۆڤ…” ئەمەشیان وێنەیەکی زۆر سادەی خەیاڵ و زانستئامێزە کە نووسەر بە زمانێکی سادە بۆ خوێنەر دروستی کردووە. بۆیە ئەمە دەمباتەوە سەر مەسەلەی زمان. ئەو زمانەی نووسەر بەکاری هێناوە زمانێکی شیاوە بۆ خەیاڵ و زانست و ئەدەب. هەم ئەدەبییە، هەم خەیاڵییە، هەم زانستییە، هاوکات سادەشە و خوێنەر دەتوانێت تێی بگات. ئەو زمانە نەبا، ڕۆمانێکی وشک و بێتام دەبوو.

مرۆڤی هەرزان دەست لە بابەتێکی هەستیار وەردەدات کە ئێستە زۆر باوە لە دنیا، ئەویش مەسەلەی خۆکوشتنە. ئەم کێشە گەورەیەی مرۆڤایەتی پێوەی دەناڵێنێت دراوەتە دەستی کەمئەندامێک، کە شووشەیە. شووشە کچێکی دەموچاو سەقەتە، کەچی لە یارییەکی مەترسیدار تێوە گڵاوە و دەرچوون لێی مەحاڵە. ئەمەش واتە نووسەر دژیەکی دروستکردووە بە کارەکتەر و ناوەڕۆک. خوێنەر وەک خەڵکی نێو ڕۆمانەکە دەپرسێت: “چۆن ئەم كچە دەتوانێت چارەسەری خۆکوشتن بکات؟” ئەم جۆرە پرسیارانەیە ڕۆمانەکە دەباتە ئاستێکی تر، ئاستێکی جیهانی، ئاستێک هەموو مرۆڤێک خۆی تێدا ببینێتەوە.

ڕۆمانەکە لە ڕووی شوێن، کات، کارەکتەر، پڵۆت و توخمەکانی تری ڕۆمان تازەگەری تێدایە. هەر هەموو ئەم توخمانە دۆخێکی سەیری دەروونی دروست دەکەن لە ناخی مرۆڤ کە وا لە خوێنەر دەکەن بیر بکاتەوە، لەگەڵ ڕۆمانەکە بژی و پرسیار بکات.