خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان
بەختیار فاڕوق
ئەگەرچی ڕۆمان لەچاو ژانرەکانی تری ئەدەب نوێیە بەڵام زۆر بەخێرایی بڵاوبووەوەو توانی کێبڕکێ بکا لەگەڵ شیعر و چیرۆکدا،ئەوەتا هەندێ لەڕۆمانەکان هەر زوو سنووری وڵاتانیان بڕی و بوونە جیهانی و بەدەیان زمان بڵاوکرانەوەو سەدان ملیۆن دانەیان لێ فرۆشرا و دەیان خەڵاتی نۆبڵیان پێ وەرگیرا،ڕۆمانەکانی دۆستۆفسکی و پاولۆ کۆینلۆ و مەکسیم گۆرکێ و گابریل گاریسا مارکێز و زنجیرە ڕۆمانەکانی هاری پۆتەر و هاروکی مۆراکی و ئۆرهان پامۆک و کۆمەڵێ نوسەری تر بەنموونە.
ئەم ژانرە چەند جۆرێکی هەیە،ڕۆمانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی و پۆلیسی و خۆشەویستی و فەلسەفی و لەم دواییانەشدا ڕۆمانی زانستی خەیاڵیشی هاتە سەر.
ئەگەرچی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی لەئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٩٥ کە (هربرت جۆرج وێڵز) یەکێکە لەپێشەنگانی ئەم جۆرە ڕۆمانە،بەڵام بەگشتی جۆرێکی دەگمەن و نوێیە بەتایبەت لەئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەناو کوردیشدا پێش دکتۆر گۆران کتێبخانەی کوردی ڕۆمانی لەم پنتەی تێدا نەبووە، بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو هەوڵەی دکتۆر جۆرێکە لەڕچەشکێنی و پڕکردنەوەی کەلێنێکی گەورەی ئەدەبی،وەک چۆن بەبێ شێخ ڕەزا شعری کوردی لەجۆری هەجوو کەلێنێکی گەورەی هەبوو ، یان چۆن کە ئەحمدی خانی کەلێنی داستانی بۆ پڕکردینەوە هاوشانی ئەوانەش دکتۆر گۆرانیش کەلێنی ئەم جۆرەی ڕۆمانی بۆ پڕکردینەوەو دەستەکانی خۆشبێ.
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە:
(مرۆڤ دەبارێت) ڕۆمانەکە که بەم ڕستەیە دەست پێدەکات،مەبەست لێی خۆ کوشتنی مرۆڤەکانە بەکۆمەڵ و خۆ خستنەخوارەوەیانە لەشوێنی بەرز ئەمەش لەئەنجامی ڕەشبینی و بێهیواییانە لەژیان ئیتر لەم ئەم ڕستەیە ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە.(سامی سێل) کەیەکێکە لەکاراکتەرە سەرەکیەکانی ڕۆمانەکە،لەدەستپێک دا لەچاوی ئەوەوە ئاشنای ئەو جیهانە سمارتە دەبین کە نوسەر خولقاندوویەتی،جیهانێکی پێشکەوتووە هاوشێوەی فیلمی ماترێکس و فیلمە زانستییەکانی تر بەڵام خاڵی لە هەست و سۆز،جیهانێک لەوپەڕی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بۆ ئەوپەڕی نەمانی بەهای مرۆڤەکان.
خۆ کوشتنی مرۆڤەکان و بێ نرخ بوونی ژیان بەشێوەی تاک پێشتر لەڕۆمانی تر هەبووە بە نموونە دوکانی خۆ کوژی ژان تولێ
بەڵام خۆ کوشتنی بەکۆمەڵ کە ڕۆژانە ملیۆنان کەس خۆی بکوژێ ئەمە نوێیە،بەداخەوە ئەم دیاردە مەترسیدارەی خۆ کوشتن کە دکتۆر گۆران کردیتییە کەرەسەی سەرەکی ڕۆمانەکە بەشێوەی کۆمەڵیش هەر هەیە لەفۆڕمی جیاواز، مەگەر مردنی هەزاران کەس بەمادە هۆشبەرەکان و هەژاری جۆرێک نییە لە خۆ کوشتنی بەکۆمەڵ.
بێرنی لۆمۆ کە توێژەرە لەهەستەکانی مرۆڤ زۆر زیرەکانە پەی بەو هۆکارانەی خۆ کوشتنی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان دەباو دەڵێ تەکنەلۆژیا مرۆڤەکان دەگەوجێنێ.
لەکۆنفراسێکدا کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک و پێش گرتن لەم خۆکوشتنە بەکۆمەڵەدا ئەنجامدەدرێت هەریەک لە سامی سێڵ و بێرنی لۆمۆ و ئیمام حەکیم(وەک مامۆستایەکی ئاینی) بەژدار دەبن و هەریەکەیان چارەسەرێک دەخاتە ڕوو کە ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیایەک و سیاسەتێکە، سامی سێل پێی وایە مرۆڤایەتی دەبێ بۆ سروشت بگەڕێتەوە چونکە کێشەی گەورە ئەوەیە کە مرۆڤ لەسرووشت دابڕاوە.
بێرنی لۆمۆ پێی وایە ئەوانەی خۆیان دەکوژن مرۆڤی بەتاڵ و بێ بەرنامەو بێ سوودن پێوست ناکا خەمیان لێبخۆین کەئەمەش ڕەنگە وێنای وڵاتانی سەرمایەدار بکا کە بەرژەوەندی مادییان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە
ئیمام حەکیمیش کەوێنای کەسێکی باوەڕدارمان بۆ دەکات گەڕانەوە بۆ لای خودا بەچارەسەر دەزانێت و دەڵێ ئەوەی ڕوودەدات بەرئەنجامی پشت کردنی مرۆڤە لەخودا.
دوای مشت و مڕی بێ ئەنجامی زاناکان و گەیشتنە بنبەست بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەو خۆ کوشتنە بەکۆمەڵە،کاراکتەری شووشە وەکو فریاد ڕەسێک دەردەکەوێ و دەڵێ چارەسەرم پێیە بۆ ئەم کێشەیە،ڕەنگە نوسەر بەمەبەست ئەو ناوەی هەڵبژاردبێ،وەک چۆ کەسانی ڕزگارکەر وەکو شووشە دڵێکی ساف و ڕوونیان هەیە.
پێشنیازەکەی شووشە خۆی لەوە دەبینێتەوە کە چەند کەسێک بخرێنە دۆخی نیمچە مردن، جیاوازیەکەی ئەوەیە لە مردنی تەواو ڕۆح ناگەڕێتەوە بۆ لاشە، بەڵام لەنیمچە مردن کەسەکە ئەزموونی مردن دەکاو دەزانێ لەدونیای مردن چی دەگوزەرێ، دەزانن بەرەو کوێ دەچن،بەمەش مانای ژیان دەدۆزنەوە.
سەرەتا میتاڵی کچی سامی سێڵ کە پێشتر لەهەوڵێکی خۆ کوشتن سەرکەوتوو نەبووە بڕیار دەدات ببێتە خۆبەخشێک لەم پرۆسەیەدا و ئامادە دەکرێ بۆ تاقیکردنەوەکە،
میتاڵ دەچێتە دۆخی مردنەوە ڕووداوەکان لەڕێی ئامێرە زیرەکەکانەوە دەگوازرێنەو بۆ ژووری کۆنتڕۆڵ ئەم مردنەی میتاڵ مردنی یەکەمە بەداخەوە کەتێیدا سەرکەوتوو نابی
ئیتر دوای میتاڵ سامی سێڵ دەچێتە ژێر ئامێر و دەبێتە خۆبەخش ئامێرەکان ڕووداوەکانی ژیانی ئەویش نمایش دەکەن بەڵام لەبەر ئەوەی سامی سێڵ کەسێکی بێ بەزەیی بووە و غەدری زۆری لەخێزانی و دایکی کردووە پێچەوانەی میتاڵی کچی ئەو بەرزناکرێتەوە بۆ سەرەوە بەڵکو ڕۆدەچێ بۆ خوارەوەبەمەش وێنای دۆزەخ لەمێشکمان بۆ دروستدەبێ بێگومان نوسەر کاریگەری ڕەهەندە ئاینییەکەشی بەسەرەوە بووە، هەم لەبەرزکردنەوەی میتاڵ بۆ ئاسمانەکان لەلایەن دوو بوونەوەی هاوشێوەی فریشتە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان وەکو ئیسراو میعراجەکەی پێغەمبەرمان وێناکراوە ، ڕوچوونەکەی سامی سامی سێڵیش کە وێنای دۆزەخمان لا دروست دەبێ، دواتر هەریەک لەبێرنی و ئیمامیش ئامادە دەکرێن بۆ تاقیکردنەوەو کۆمەڵێ ڕووداویان بەسەردێ
لەکاتی خوێندنەوە ئاشنا دەبین بەکۆمەڵی زاراوەی زانستی کە دەبێتە بەشێک لە وەرگرتنی زانیاری لای خوێنەر.ئەمە بەشێکی کەمی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەیە لەوە زیاتر نامەوێ باسی بکەم با چێژی خوێندنەوەی کەم نەبێتەوە، بەڵام دڵنیایی دەدەم کە خوێنەر لەخوێندنەوەی ئەم شاکارەی دکتۆر پەشیمان نابێتەوەو دەستخۆشی لێدەکەم کە کەلێنێکی گەورەیی پڕکردۆتەوە لەفەراغی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی لەئەدەبیاتی کوردیدا.