103246915_625678768031211_4707620160732067359_o

2021/01/28

سۆرن کیەکەگورد بە کوردی

بەکر عەلی
ئێستا لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە نایاب و دانسقەیە بوومەوە کە بۆ یەکەمینجار بەزمانی کوردی کتێبێکی لەو جۆرە بخوێنمەوە. من سوپاسگوزاری کاک ئالان پەڕی هاوڕێم دەکەم کە ئامادەکار و وەرگێڕی کتێبەکە یە لە زمانە راستەوخۆ کەی کیەکەگوردەوە. بە شێوازێکی زۆر ڕوون و بە زمانێکی کوردی ڕەوان ناوەڕۆکی کارە فەلسەفییەکانی ئەم فەیلەسوفەمان پێ دەناسێنێت. هەڵبەت کیەکەگورد لەپاڵ معلش شتێرنەردا، ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەیە بۆ سەرهەڵدانی تێگەیشتن لە مرۆڤ وەکو تاک، ناسینی مرۆڤ لە خودی خۆیدا و ڕێنیشاندانی بۆ ئەوەی ببێت بە خودی خۆی. هەردوو ئەم فەیلەسوفە لە وانەکانی هیگڵ دا بوون لە زانکۆی بێرلین، بەڵام بێ ئەوەی ئاگایان لەیەکتری بێت لە هیگلیزم دێنە دەرەوە و هەموو دیسکۆرس و سیستەمەکان وەلا دەنێن لەپێناوی بەرگریکردن لە تاک. هەر لەڕێی ئەمانیش ئەوە تێزە گرنگەکانی نیتچە و هایدێگەر قەبارەی گەورەیان وەرگرت و ڕەنگدانەوەیان خستە تەواوی فەلسەفەی بوونگەری و تەوژمە ئەدەبی و هونەرییەکانی سەدەی بیستەم.
بۆ خوێنەری کورد کتێبێکی وەها دەروازەیەکی سەرەکییە تا لێوەی ئاشنا بێت بە فەلسەفەیەک جگە لە پەرۆشی بۆ دڵەڕاوکێ بوونگەراییەکانی مرۆڤ چ خەسڵەتێکی تری هەڵنەگرتووە.
بەهیوای کاک ئالان هەوڵی وەرگێڕانی کارە گرنگەکانی شتی بدات و بەڕاستی من زۆر شانازیت پێوە دەکەم.. شاد و تەندروست بمێنن بۆمان هاوڕێم.
لە پۆستێکی تری نووسەر: بەکر عەلی
ئەمڕۆ ئەم کتێبە سەنگینەم لەلایەن هاوڕێم ئالان پەڕییەوە بە پۆست پێ گەیشت کە لەسەر یەکێک لە بیرمەندە پەسەندکراوەکانی منە، بیرمەندێک سپێدەی خۆری تاکگەری لە دڵی ئەوەوە هەڵهات بۆ هەموومان. من نزیکەی 35 ساڵێک دەبێت کیرکیگورد دەناسم، هەروەها ئالان پەریش کوڕی هەمان گەڕەکین… تاقانەترین کتێبی کیرکیگورد بەزمانی عەرەبی (خوف و رعدة) واتە ترس و لەرز، پێموایە لە سلێمانیدا بەس من هەمبوو، لەڕێی منیشەوە دەستاودەستی دەکرد.
ئەم کتێبەی کاک ئالان کە خۆی شارەزای زمانی دانیمارکی یە و کیەکەگورد بە ئۆریگینال دەخوێنێتەوە، دەروازەیەکی گرنگە بۆ ناسینی ئەم بیرمەندە تاقانەیەی سەدەی نۆزدەهەم، ئەگەرچی لەپاڵ کیەکەگورد فەیلەسوفی ئەڵمانی ماکس شتێرنەر بە دامەزرێنەری ئیندیڤیدوالیزم دادەنرێت، بەڵام هێشتا جیاوازن و دوو ئیندیڤیدوالیزمی جیاوازیان بەرپاکردووە. شتێرنەر پتر بەلای ئیگۆیزمێکدا دەشکێتەوە کە خۆی لە خوا و لە دەوڵەت و لە کۆمەڵ دابڕاندووە. واتە من و بەس. من بەبێ هیچ خڵتەیەک. بەڵام تاکایەتی کیەکەگورد بەڕێگەیەکی تردا دەڕوات و هیچ جۆرە منپەرستییەکی تێدا نییە و هەموو ئەو بابەتانەی دەرەوەی بە بابەتی کاریگەر دەبینێت بەبێ ئەوەی من منایەتی خۆی ون بکات. هەموو ترس و هەموو نیگەرانییەک بڕیار و هەڵبژاردنێکی بوونگەرانەی تاکە. گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە بەبێ کیەکەگورد ئێمە ناتوانین نەک لە وجودیەتی سەدەی بیستەم، بەڵکو لە هەموو ئیندیڤیدوالیزمێک و لە هەموو لیبرالیزمێکیش تێ بگەین. وێڕای دەستخۆشی زۆرم بۆ هاوڕێی خۆشەویست کاک ئالان، پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەم هەوڵی وەرگێڕانی کارەکانی کیەکەگوردیش بدات، بەتایبەتی ئەم کتێبە گرنگەی ( یاخود، یان..).