455057076_864028278999432_6903543080177515741_n

2020/10/23

حیكایەتخوانی رۆح

موحسین ئەدیب 
حیكایەتخوانی بەتەنها هونەر نییە، بەڵكو دەسەڵاتداریشە، هەموو ئەو شارستانی‌و ئیمبراتۆریا‌و دەوڵەت‌و شار‌و دەزگایانەی دیار‌و بەهەژموون‌و زیندون، هۆكارەكەی ئەوەیە كە بەجۆرێك لەجۆرەكان حیكایەتخوانن، خەریكی گێڕانەوەو چنینی روداوەكان‌و پڕەنسیپەكان‌و خەونەكانن لەروانگەی خۆیانەوە، دونیا‌و شتەكان بەجۆرێك دەچنن كە وێنەی خۆیانی تێدا بدرەوشێتەوە، بەجۆرێك لەرێگای هونەری حیكایەتخوانییەوە، لەلایەك هونەرێك پێشكەش دەكەن، لەلایەكی تر مومارسەی خۆیان دەكەن‌و لەناو مێژوودا خۆیان وەك دەسەڵاتدارێك مانیفێست دەكەن.
گرنگی نوسەر بەگشتی‌و حزور‌و هەژموونی لەمێژوودا‌و رێزداری لای خەڵك پەیوەندی بەوەوە كە كردەی نوسین هیچ نییە جگە لەحیكایەتخوانی، ئیدی بابەتی حیكایەتەكەی زانست، فەلەسەفە، هونەر، ئەدەب یان هەر بابەتێكی تر بێت.
لەناو ئەو بابەتە جیاوازانەشدا رۆمان نووسەكان لەهەموو نوسەری كایەكانی تر زیاتر برەویان هەیە، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەوان زیاتر لەهەر نوسەرێكی تر راستەوخۆ خەریكی حیكایەتخوانی و گێڕانەوەن. بێگومان گێڕانەوە ئاستێكی هونەری باڵای هەیە‌و لەتوانای هەر كەسێكدا نییە، هەر بۆیەش ژمارەی ئەو رۆماننوسانەی لەسەر ئاستی دونیا دیارن زۆركەمن.
بابەتی رۆمان‌و حیكایەتخوانیەكانیش كاریگەریان هەیە لەسەر تاقیكردنەوەی توانا‌و مەعریفە‌و سەلیقەی حیكایەتخوان(رۆماننوس، بەنمونە)، هەندێ‌ بابەت هەن رەنگە ئاسانبن، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بەمێژوی دەرەكی مرۆڤ‌و جوگرافیا ناسراوەكانەوە هەیە، بەڵام گێڕانەوەی مێًژووی ناخەكی مرۆڤ‌و جوگرافیا نەناسراوەكان كارێكی ئاسان نییە، هەر نوسەرێك توانای بەسەریدا ناشكێت.
لێرەوە ئەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە رۆمانی(بەرەو رێگای درەوشانەوە)ی هاوڕێی ئازیز كاك(كیاكسار ئەحمەد) كە لەیەكدوو هەفتەی رابردودا چاپكرا‌و خەڵاتی رۆمانی ساڵی 2020 دەزگای (وەشانی نووسیاری) بردەوە، جوانییەكەی بەتەنها لەوەدا بەرجەستە نابێت زمانێكی شیعری تێیدا دەدرەوشێتەوە‌و بەكوردییەكی رێك‌و رەوان نوسراوە‌و هونەری نوێی رۆماننوسی تێدا بەخەرجدراوە‌و لەچوارچێوەی رۆمانی تەقلیدی دەرچوە.. بەڵكو بەرای بەندە گرنكی ئەم رۆمانە لەوەدایە كە مێژوی رۆحمان بۆ دەگێرێتەوە، لەبری دەسكاریكردن‌و ماكیاجكردنی دەرەوەمان ئیش لەسەر ناوەوەمان دەكات، لەبری مێژووی دەرەكی زانراو‌و سواو خەریكی گێڕانەوەی مێژووی نەناسراوی رۆحمانە، بۆیە ئەشێت ناوێكی دی بۆ ئەم رۆمانە داتاشین‌و بەرۆمانی(حیكایەتخوانی رۆح) ناوزەدی بكەین. لێرەوە مادام بابەت جیاوازە، كەواتە دەرئەنجامەكانیش جیاوازن، خوێنەر لەم رۆمانەدا ئاشنای كۆمەڵی چەمك‌و تێزی نوێ دەبێت كە لە كەم شوێنی تر‌و كەم نوسینی تردا پێی ئاشنا دەبێت.
ئەم رۆمانە، رۆمانێكە ئەتوانین بیخەینە ریزی ئەو هونەرە باڵایانەی كە باس لەبابەتێكی باڵا دەكەن، بەڵام لەباڵایی بابەتەكە كەمناكەنەوە، بەڵكو بابەتەكە گەشتر‌و درەوشاوەتر دەكەنن. بەكورتی رۆمانی(بەرەو رێگای درەوشانەوە) رۆمانێكە سەر بەدونیای سپیریچواڵ‌و عیرفانە‌و هیوادارم ئێوەش بیخوێننەوە‌و چێژ‌و مەعریفەی قوڵی لێوەرگرن.