122088921_3294572593929255_1142955458129010163_n

2020/10/20

ڕۆمانی بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە

ڕەوا زەیدان
بەرەو رێگای درەوشانەوە، ماوەیەکی زۆربوو بەهۆی خوێندنەوەی زۆری زانست و فەلسەفە هەستم بە ماندوویەتی و وەرسبوون دەکرد، ئەم رۆمانە جۆرێک لە ئارامی پێبەخشیم، رۆمانێکی قوڵ و جوان و پرمانا، بەزمانێکی سادە و رەوان، زیاتر هەستم بە زمانێکی شیعری ئارام دەکرد، دەمێک بوو وا بە تامەزرۆی رۆمانێکم نەخوێندبووە، رۆمانێک کە واز لە باسکردنی رابردوو بێنێت، دووربکەوێتەوە لە تیمای شۆرش و خیانەتکردن و حیزب، لەگەڵ خوێندنەوەیدا یەکسەر بەر ئەو دەنگە تازەیە دەکەوێت کە ئیتر پێویستە لە رۆمانی کوردیدا سەرهەڵبدات، پێم خۆشە ئیتر کەسانێک پەیدابوون دەستی ئەم دەنگە تازانە دەگرن و هاوکارییان دەکەن، لەبری ئەو نوسەرانەی کە هیچ شتێکیان پێ نەماوە و تەنها پەرە رەشدەکەنەوە. گەر دەرفەت هەبێت دەمەوێت دووبارە بیخوێنمەوە، رۆمانێکی جوان و سەرنجراکێش بوو بۆ من، لە هەندێ شوێندا خۆمم تیادەبینییەوە و دەچوومە ناو رۆمانەکەوە، هەموو جارێکیش لەگەڵ تێکستەکەدا خۆم لێ ون دەبوو لەگەڵیشیدا دەموتەوە ”من کێم!”
نوسەری رۆمانەکە کارێکی کردووە، هەم لە کاتی خوێندنەوە دەتباتە نێو رۆمانەکە، هەم لە کۆتایشدا دەتخاتە دۆخێکی قوڵ و پر گومانەوە، وات لێ دەکات بکەویتە سۆراغی چەند پرسیارێک. ئەو لەپاڵ ترس لە جیابوونەوە و ترس لە مردن باسی هیوایەکت بۆ دەکات، وەک ئەوەی بیەوێت پێت بڵێت هەمیشە هیوایەک هەیە. لەرووی گێرانەوە و ریزبەندییەوە رۆمانەکە لەئاستێکی زۆرباشدایە، ستایلی گێرانەوەش هەرچەند جێگیر نییە بەڵام وات لێدەکات وەرس نەبیت لە خوێندنەوەی رۆمانەکەو بەدوای خۆیدا رات دەکێشێت بەجۆرێک حەز بەتەواوبوونی ناکەیت، نوسەر زیاتر فۆکەسی لەسەر ئەوەیە کە ئێمە لەگەل سروشتدا ئاشتبینەوە، بچینەوە ناو دونیایەکی رۆحانی کە ئارامیمان پێببخەشێت. لەسەرەتاوە وا هەست دەکەیت چیرۆکێکی واقعی تاڵ دەخوێنیتەوە، چیرۆکی مردن و لێکدابران، بەڵام لەپر بەرەو رێگەی درەوشانەوە دەرۆیت و هەست بفرین دەکەیت، تا دەگاتە ئەو ئاستەی نوسەر لەگەڵ سروشت ئاشتمان دەکاتەوە. بەرەو رێگای درەوشانەوە براوەی براوەی خەڵاتی نوسیارە بۆ کتێبی یەکەمی ۲٠۲٠ لەلایەن کیاکسار احمد’وە نوسراوە وەشانی نوسیار ئەرکی چاپکردن بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە. لێرەدا پەرەگرافێکی سەرەتایی کتێبەکەم بۆ داناون:
” برینەکانی سەر یادەوەریت خووتوکەت دەدەن، ئایا ئەو تەنیا خۆشەویستییەک بوو و تەواو؟ چەند ملیۆن جار ئەم پرسیارە بە مێشکتدا گوزەری کردووە؟ ئایا بوونی ئەو ئامانج بوو؟ چ ئامانجێک پیرۆزە؟ ئەو کۆتایی هات. وەک چۆن ئەستێرەیەک بە درەختی ئاسمانەوە دەکوژێتەوە. بەڵام چ شتێکە وا لەناو تۆدا کۆتایی نایەت؟ چ شتێک تۆ بەرەو ئەو پەلکێش دەکات؟ تۆ دەبێ دووبارە و سێبارە و هەزاربارە ئەم پرسیارانە لە خۆت بکەیتەوە. رێگەیەک لە ناختدا دەرکەوت. (ئەو) رێگەیە؟ بۆ وازت لەو پرسیارە نەهێنا؟ حەقیقەت، ئازادی، خۆشەویستی و…. هەموو شتێکت بەجێ هێشت. رووت رووت کەوتیتە قوڵاییی ئەو دۆڵە سامناکەوە. دۆڵێک مەگەر کەسێک بەس بۆ مردن بچێتە ناوی، لەبەر ئەوەی کەس وەکوو تۆ بە قووڵی دوای ئەو پرسیارانە ناکەوێت، کە ئەنجامەکەی هیچێکی رووت بێت. بەڵام چوویت، تۆ دوای دەنگی ئەو کەوتیت.”
سوپاس بۆ ئەو رۆمانە جوانە
بەهیوام گەر دەرفەتان هەبوو خوێنەری بن