لە بارەی ژاوەژاو
ڕەوا زەیدان
ژاوەژاو، کۆمەڵە چیرۆکەکەی جێگر بەختیارە، کۆمەڵێ چیرۆکی کورت و ماناداری جوان، زمانێکی پوخت و کورت، لەراستیدا سەرەتا چاوەرێی ئەو چیرۆکە جوانانەم نەکرد، پێشبینی کۆمەڵێ چیرۆکی سادەم دەکرد، بەڵام چیرۆکەکان خۆیان وەڵامی ئەو گومانەیان دامەوە، بەتایبەت چیرۆکی کش و مات، وای لە جوانی ئەم چیرۆکە، یەکێک بوو لەو چیرۆکانەی زیاد لە دووجار خوێندمەوە، لەرووی گێرانەوە و ریزبەندییەوە سەرجەم چیرۆکەکان لەئاستێکی زۆرباشدان، نوسەر دوورکەوتۆتەوە لە درێژدادری و بە کورتی و بە کەمترین وشە، پەیامێکی قوڵی گەیاندووە، نوسەر فەزای چیرۆکەکانی لەگەڵ ستایلی نوسین و وێنە و تەکنیک و فۆرمەکانیاندا زۆر بەباشی گونجاندووە، جگە لەوە دەیەوێت لەبارەی ئەو کارەکتەرانەوە بدوێت کە لە فەزای گشتیدا وەلانراون و پشتگوێخراون و ئەو واقعە تاڵەی کۆمەڵگامان پیشاندەدات، ژاوەژاو براوەی یەکەمی کتێبی نوسیارە بۆ ساڵی ۲٠۲٠ بۆ چیرۆک، ئەم هەنگاوەی نوسیار و دیارکردنی ئەم کتێبانە ئومێدبەخشن، بەجۆرێک کە دەکرێت بڵێین ئیتر دەتوانین دەنگی نوێ لە چیرۆک و شیعر و رۆماندا سەرپێبخەین.
لەچیرۆکی کش و مات دا زۆر جوان لەبارەی ژیان و تەمەن و خۆشەویستییەوە دەدوێت، لەبارەی ئەو رووداوانەی لە ژیاندا روودەدەن و جارێکی تر دووبارە نابنەوە، هەلی روودانی هەندێ شت لە ژیاندا تەنها یەک جارە، هیچ شتێکیش لەوە خراپتر نییە کە دەرفەتێک لە دەست بدەیت کە لەوانەبوو ژیانتی گۆریبا، لە پەرەگرافێکدا دەڵێت:
” یەکەم جوڵەی هەر یارییەکی ژیان ئاسانە، کاتێک دەکەویە ناو یارییەکە ئەوکات دەرفەتی گەرانەوەت نابێت یان دەبێت تا کۆتایی بجەنگیت، یانیش هەڵبێیت و خۆت بشاریەوە وەک ئێستای من”
لە شوێنێکی تریشدا باسی ئەو رێگا ئاسانانە دەکات کە ئێمە لە ژیاندا هەڵیدەبژێرین و ژیانمان لێ تاڵ دەکات، لەکاتێکدا گەر رێگە سەختەکەمان بگرتایە وانەدەبوو، ئێمە هەمیشە رێگە ئاسانەکە هەڵدەبژێرین، چونکە پێمان وایە دەرفەتێکی تر هەیە بەڵام هەمیشە لە چاوەروانی ئەو دەرفەتەدا دەمێنینەوە، نایەت. لە پەرەگرافێکی تردا دەڵێت:
”گەر دەرفەتم بۆ برەخسابایە یەک هەنگاو یاری ژیانم بگەراندبایەوە دواوە، ئێستا من براوەی یاری ژیان بوو”
وەک مامۆستا رەووف بێگەرد لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت بەهیوای ئایندەیەکی باڵاتری ئەم برادەرە.
سوپاس بۆ ئەو چیرۆکە جوانانە.