122035860_200404604815155_1190118805517617925_o

2020/10/20

دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی ” ژاوەژاو”

سەنگەر کەریم 
دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی ” ژاوەژاو”ی جێگر بەختیار
نیوەی چیرۆکەکان بۆ من نوێ نەبوون و پێشتر لە ماڵپەڕەکاندا خوێندبوومنەوە. چیرۆکەکان سادە و ساکارن، زمان بێ گرێوگۆڵە و زۆر چڕنەبۆتەوە لە وەسف و بەکارهێنانی زمانی شیعری و کڵێشەیی، گێڕانەوەی ڕووتە. ڕەنگە ئەمە بۆ زۆر کەس دڵخواز نەبێت، پێیان وابێت دەبێت زمانی چیرۆک چڕ و پڕ وەسفی بێت، بەڵام بۆ من هێندەی زمانی چڕ سەرنجڕاکێشە.
هۆکاری ئەو سادەیی و گێڕانەوە ڕووتە پێموابێت بەهۆی ئەوەیە جێگیر بەختیار ” پەیام” یان “تێما” ی چیرۆکی پێ گرنگترە لە زمانی چر و شیعری. بەشێک لە چیرۆکەکان وەک ( مزۆی فالۆس و کش و مات) وا دەردەکەوێت لە پێناو پەیامێکدا نووسرابن. بەڵام چیرۆکەکانی ( نێرگزفرۆش، ژاوەژاو، کەوتنی نۆتەکان و مەرگی ژێ) تەکنیک تیاندا زاڵە، ئامانجی نووسینیان بەکارهێنانی تەکنیکی نوێیە. چیرۆکی عەباس و ئامە و بزنەمەرەز بە شێوەزاری ناوچەیی نووسراوە و چێژێکی تایبەتی هەیە.
بەگشتی چیرۆکەکان جوانن، تێماکانیان بەڕوونی دەربڕدراوە، زمان سادە و بێ گرێیە، دوور لە درێژدادری و بەهەدەردانی وشە، بەڵام خۆش ڕەوتە و سەرنجڕاکێشە. پەیام و تەکنیک خاڵی زاڵی چیرۆکەکانی جێگیر بەختیارن، هەندێکیان چیرۆکەکە بەتەنیا لە خزمەت پەیامدایە و هەندێکیان چیرۆک نێوەندێکە بۆ پیشاندانی و بەکارهێنانی تەکنیک.
ئەم کۆمەڵە چیرۆکە براوەی خەڵاتی نووسیارە بۆ کتێبی یەکەمی چیرۆک ۲٠۲٠