هۆکاری براوەی کۆمەڵە شیعری (ژاوەژاو)
🥇براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری چیرۆک: جێگر بەختیار بۆ کۆمەڵە چیرۆکی: (ژاوەژاو)
رەووف بێگەرد
کۆمەڵە چیرۆکی (ژاوەژاو) چەند کورتە چیرۆکێکی هونەریی لەخۆ دەگرێت کە دەتوانین بەگشتی لە بابەتی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، هونەریی، سێکسدا دەستنیشانیان بکەین. نووسەر بە زمانێکی پوختی دوور لە درێژدادڕی و بێزارکەر بابەتەکان دەگێڕێتەوە. فەزای چیرۆکەکان لەگەڵ ستایلی نووسین و وێنە و تەکنیک و فۆرمەکانیاندا گونجاون.
ئەو چیرۆکانەی نزیکن لە واقیعەوە، لەگەڵ ئەوانەیاندا کە خەیاڵی ڕووتی نووسەر و بەمەنەلۆژ دەربڕاون، هاوتەریب دەڕۆن و هاوسەنگیی خوێنەر تێک نادەن.
بۆ نمونە چیرۆکی (هەواری کرمەکان) و (نێرگز فرۆش) لەگەڵ ئەوانی تردا. نووسەر ئەوەیش لەیاد ناکات، دەست بۆ کاراکتەرە فەرامۆشکراوەکانی ناو کۆمەڵگا بەرێت و لە مرۆڤی زیادەوە بیانکات بە مرۆڤی کاریگەر (چیرۆکی لادیوارەکەی لەیلالیز) وەک نمونە.
یەکێک لە خەسڵەتی باشی چیرۆکی سەرکەوتوو ئەوەیە کە دوای خوێندنەوەی حەز بە خوێندنەوەیەکی تری بکەیت کە من ئەمەم تێدابینین.
با ئەو ڕاستییەش بڵێم نووسەری ئەم چیرۆکانە (کە من نایناسم) دیدێکی باشی لەبواری فیکر و هونەری نووسیندا هەیە کە گەورەترین کەرەستەی بەرەوپێشچوون و داهێنانە. بە هیوای ئایندەیەکی باڵاتری ئەم برادەرە.