nawras profile

2020/09/02

هۆکاری براوەی کۆمەڵە شیعری (شقارتە)

🥇براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری شیعر: نەورەس محەمەد بۆ کۆمەڵە شیعری: (شقارتە)

ئەحمەدی مەلا

دەقەکانی “شقارتە” ئازارن، بەڵام شیعرێندراون، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە، چونکە نووسینەوەی ئازار هەمیشە خۆی لە دەستی دەقی شیعریی رادەپسکێنێ. دەگوترێ شاعیر کەسێکی دڵشکاوە لە بنەڕەتەوە، بەڵام نووسینەوەی ئەم دڵشکانە ئاسان نییە، یا هەندە ئاسانە کە نابێ بە شیعر.
شیعری ئێمە، هێشتا لە ناڵە و لاڵانەوەی سەدەی نۆزدەم خۆی قورتار نەکردووە، ئەمە پەیوەستە بە مێژووی کەلتووریمان، بە سیستەمی پەروەردەمان، بە چێژی چەقبەستوومان، لەهەموو حاڵەتێکدا شیعر نابێ ناڵین بێ بەسەر تەرمی خۆمان، بەڵکو رامان بێ لە بوون، لە ئازار، لە بوونی ئێمە لێرە، لەسەر ئەم هەسارەیەی کە یەکێکە لە شایەدە راستەقینەکانی بوونی ئێمە لێرە.

“ئه‌وه‌نده‌م به‌سه‌
به‌ پاڵكه‌وتنه‌وه‌ قۆڵێكم بخه‌مه‌ سه‌ر چاوم و
به‌ناو گۆشت و
ئێسكه‌ شكاوه‌كانی خۆمدا مه‌له‌ بكه‌م”

ئەم دەنگە شیعرییترە، وێنەکان ئیشیان لەسەر کراون، ئاماژەکان فرە روخسار و ئاراستەن. “ماچەکانت وەک گوارە، بە نەرمایی گوێمەوە بریسکەیان دێ” یەکێکە دەیان وێنەی سەرنجڕاکێش. ئەم دەقانە لەسەر یەک ریتم نەنووسراون، بەڵکو ریتمەکان پەیوەستن بە دەقەکانەوە، ئەمەش هەناسە قووڵیی و پشوو درێژی دەوێ.