Screenshot (18)

2020/07/13

“نووسیار” شه‌ش كتێب بۆ كتێبخانه‌كانی كوردستان زیاد ده‌كات

وشە – محەمەد میران
له‌ هه‌نگاوێكی ناوازه‌دا كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری ڕژدی كورد به‌ناوی پڕۆژه‌ی زنجیره‌ كتێبی (خه‌رمانه‌ی نووسیار) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی شیعری و ده‌ق و چیرۆك، هه‌روه‌ها كتێبی ڕۆشنبیری و فه‌لسه‌فه‌ و هونه‌ریش له‌ خۆ ده‌گرێت، له‌ شه‌ش مانگی ئه‌مساڵه‌وه‌ شه‌ش كتێب بۆ كتێبخانه‌كانی كوردستان زیاد ده‌كه‌ن.

كتێبه‌كانی نووسیار له‌ ئه‌رشیفی كتێبخانه‌ی شاهانه‌ی دانیمارك پارێزراو ده‌بن

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 13ی ته‌مووز، ئالان په‌ری له‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی نووسیار به‌ “وشه‌”ی ڕاگه‌یاند، “وه‌شانی نووسیار له‌ 23ی شوباتی ساڵی 2019 له‌ كۆپنهاگن له‌ دانیمارك دامه‌زراوه‌، نووسیار ته‌نیا گرنگی به‌ كوالیتی و ناوه‌ڕۆكی كتێبی نوێ له‌ بواری ئه‌ده‌ب و هزر و فه‌لسه‌فه‌ ده‌دات.”
ڕوونی كرده‌وه‌، “له‌ هه‌وڵێكی نوێ و له‌ژێر ئه‌و كه‌لێنه‌ زۆره‌ی دنیای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌دا، نووسیار هه‌وڵ ده‌دات ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب به‌ چه‌ندان زمانی جیهانی. ئه‌م خانه‌یه‌ ده‌بێته‌ پردێك له‌ نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و چه‌ندان كتێب به‌ زمانی كوردی و زمانه‌كانی تر بڵاو ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها دووپات له‌سه‌ر كاری وه‌رگێڕانیش ده‌كات له‌ زمانه‌كانی تر بۆ كوردی و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.”
زیاتر گوتی، “خانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ته‌نیا ئامانجی گه‌یاندنی ڕۆشنبیرییه‌ و ئیشكردنه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌رخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز و دنیای جوانییه‌كان. وه‌ك كارێكی نوێ بڵاوكراوه‌كانی وه‌شانی نووسیار هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابینكردنی ژماره‌ی پێناسه‌ی هه‌ر كتێبێك كه‌ به‌ ژماره‌ی ISBN ناسراوه‌، یان ژماره‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ ڕێكخراوێكی نێوده‌ڵه‌تییه‌ به‌ سپاردن و پێدانی ئه‌و ژماره‌یه‌، تا له‌ زۆربه‌ی تۆڕه‌كانی نێت یان فرۆشگاكانی كتێب و كتێبخانه‌كان، كتێبه‌كه‌ پێناسه‌ی خۆی هه‌بێت. بڵاوكراوه‌كانی  وه‌شانی نووسیار ئێسته‌ ئه‌و كۆده‌ی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری كتێبخانه‌كانی دانیمارك، هه‌روه‌ها كتێبه‌كانی نووسیار له‌ ئه‌رشیفی كتێبخانه‌ی شاهانه‌ی دانیمارك پارێزراو ده‌بن.”
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، “پڕۆژه‌ی نووسیار پێكهاتووه‌ له‌ پڕۆژه‌ی زنجیره‌ كتێبی (خه‌رمانه‌ی نووسیار) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی شیعری و ده‌ق و چیرۆك، هه‌روه‌ها كتێبی ڕۆشنبیری و هزر و فه‌لسه‌فه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی نووسیار بۆ كتێبی یه‌كه‌م له‌ بواری شیعر، چیرۆك، ڕۆمان. ئه‌م خه‌ڵاته‌ هه‌ر ساڵێك به‌ ناوی خولی كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ری بواری نووسین ئه‌نجام ده‌درێ، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ی كتێبه‌كانی نووسیار له‌ كوردییه‌وه‌ بۆ زمانه‌ زیندووه‌كانی تری دنیا، جگه‌ له‌وانه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی نووسیار بۆ سه‌رجه‌م كتێبخانه‌ و كتێبفرۆشه‌كانی كوردستان. هه‌روه‌ها چه‌ندان كتێبی تر كه‌ به‌ شێوازی ئه‌لیكترۆنی له‌ پێگه‌ی ئه‌مازۆن كایندڵ له‌ به‌رده‌سته‌.”
ئاشكرای كرد، شه‌شه‌ كتێبه‌ نوێیه‌كه‌ بریتین له‌ “گه‌ڕیده‌ی بێ هاوده‌م (شیعر)ی دیلان قادر، ڕۆژێك له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم (ڕۆمان)ی ئارام محه‌مه‌د، مردن له‌ پێناو ئایدیاكاندا (فه‌لسه‌فه‌) كۆستیكا براداتان وه‌رگێرانی نه‌به‌ز سه‌مه‌د، باركۆد (شیعر)ی ئه‌رسه‌لان چه‌له‌بی، ده‌رگای به‌خته‌وه‌ری ڕووی له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌. له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سۆرن كیه‌كه‌گۆرد (فه‌لسه‌فه‌) له‌ وه‌رگێڕانی ئالان په‌ری، زمان پایسكلێكی شكاو لێده‌خوڕێت (ڕۆمان)ی ڕێبین خدر”.
شایانی باسه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی و كه‌ره‌نتینی گشتییه‌وه‌، چاپی ڕۆژنامه‌ و كتێبه‌كان وه‌ستاون، له‌ هه‌نگاوێكی ئاوادا “نووسیار” شه‌ش كتێب بۆ كتێبخانه‌كانی كوردستان زیاد ده‌كات كه‌ بایه‌خێكی گه‌وره‌یان بۆ خوێنه‌ران هه‌یه‌.